لە دەستەی كوردستانی، پڕۆفیسۆر د.ڤۆڵكەر تیل سیمینارێكی بەناونیشانی (جۆرەكانی بایۆماركەر) پێشكەشكرد

 

"بەم نزیكانە، چەند پڕۆفیسۆرێكی ئەڵمانی سەردانی دەستەی كوردستانی دەكەنو پێكەوە كار لەسەر چەندین توێژینەوەو پڕۆژەی هاوبەشی زانستی دەكەن"

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣-١١-٢٠١٦، لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجیو توێژینەوەی زانستی، پڕۆفیسۆری ئەڵمانی بەناوبانگ د.ڤۆڵكەر تیل لە زانكۆی جۆرج ئۆگەست، سیمینارێكی بەناونیشانی (جۆرەكانی بایۆماركەر)، رێكخست.

لە سیمینارەكەدا كە ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی زانكۆو پسپۆڕانو توێژەرانو میوانێكی زۆر ئامادەیبوون، سەرەتا پڕۆفیسۆر دكتۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجیو توێژینەوەی زانستی، باسی ئەنجامی سەردانێكی مانگی ئایاری ئەمساڵی وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بەسەرۆكایەتیی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد كە چەندین دیدارو كۆبوونەوەیان كردووە لەگەڵ سەرۆكی زانكۆكانو دەزگاو ناوەندە زانستییەكانی ئەڵمانیادا لەپێناوی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بواری خوێندنی باڵادا، وتیشی: پەرە بە پەیوەندییە زانستییەكانمان لەگەڵ زانكۆو دەزگاو ناوەندە زانستییەكانی جیهاندا دەدەینو پەیوەندییەكی پتەویشمان لەگەڵ  زانكۆی جۆرج ئۆگەست لە شاری گوتنگن-ی ئەڵمانیا هەیەو بەردەوام مامۆستایانو پسپۆڕانی هەردوولا سەردانی یەكتر دەكەنو چەندین توێژینەوەو پڕۆژەی هاوبەشی زانستیمان لەنێواندا هەیە، راشیگەیاند: بڕیارە بەم نزیكانە، چەند پڕۆفیسۆرێكی دیكەی ئەڵمانی سەردانی دەستەی كوردستانی بكەنو پێكەوە كار لەسەر چەندین توێژینەوەو پڕۆژەی هاوبەشی زانستی بكەین.

هەروەها باسی ئەو پڕۆژە زانستییانەشی كرد كە لەگەڵ پڕۆفیسۆر د.ڤۆڵكەر تیل پێكەوە ئەنجامی دەدەنو بۆ ئەو مەبەستەش لەبەرنامەیاندایە لەماوەی مانەوەی پڕۆفیسۆر د.ڤۆڵكەر تیل لەهەرێمی كوردستان، سەردانی چەند ناوچەیەك بكەن.

پاشان پڕۆفیسۆر د.ڤۆڵكەر تیل بەوردی ناوەڕۆكو ئامانجی سیمینارەكەی روونكردەوە، باسیشی لەگرنگیی پەرەپێدانی ئەو بوارەو بوارە زانستییەكانی دیكە كرد.

پرسیارو وەڵامەكانو بیروڕاو گفتوگۆی زانستیانەی نێوان پڕۆفیسۆر د.ڤۆڵكەر تیلو ئامادەبووانیش لەسەر ناوەڕۆكی بابەتەكە، سیمینارەكەی دەوڵەمەندتر كردو سیمینارەكەش گرنگیی تایبەتی هەبوو بۆ پسپۆڕانی جیۆلۆجی، كیمیاو بایۆلۆجی.

لەلێدوانێكیشدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، پڕۆفیسۆر دكتۆر پۆڵا ئازاد خانەقا رایگەیاند: ئەم سیمینارەی پڕۆفیسۆر د.ڤۆڵكەر تیل كە پڕۆفیسۆرێكی بەناوبانگی ئەڵمانییە لەسەر جۆرەكانی بایۆماركەر، بەشێكە لە جیۆلۆجیو بایۆلۆجیو زۆرگرنگە بۆ توێژینەوە لە بواری نەوت، وتیشی: ئامانج لەم سیمینارە ئاشنابوونە بە توێژینەوەكانی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی بتوانرێت توێژینەوە بە ستانداری جیهانی بكرێت، هەروەها یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە توێژینەوەكانمان بدەینو لە گۆڤارە زانستییەكانی جیهاندا بڵاویان بكەینەوە، راشیگەیاند: ئەم سیمینارە دەبێتە دەروازەیەكی دیكە بۆ ئەوەی چەندین توێژینەوەی هاوبەش بكەین.

 شایانی باسە، دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجیو توێژینەوەی زانستی، پەیوەندییەكی زانستیانەی پتەوی لەگەڵ زانكۆو دەزگاو ناوەندە زانستییەكانی وڵاتاندا هەیەو سەردانی ئەم پڕۆفیسۆرەش بۆ دەستەی كوردستانی ماوەی چەند رۆژێك دەخایەنێتو ئامانجی سەردانەكەش ئەنجامدانی توێژینەوەو پڕۆژەی زانستییە لەگەڵ دەستەی كوردستانیو زانكۆكانی هەرێمی كوردستانو پتەوكردنی پەیوەندییەكانە لەبواری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا.

هەروەها دەستەی كوردستانی چەند پڕۆژەیەكی هاوبەشی لەبوارە جیاوازەكاندا لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكاندا بەتایبەتی لەگەڵ زانكۆكانی ئەڵمانیا هەیە. بەردەوامیش وەفدی زانكۆو دەزگاو ناوەندە زانستییەكانی وڵاتان، سەردانی دەستەی كوردستانی دەكەنو ماوەیەك پێش ئێستاش وەفدێكی نێودەوڵەتی كە پێكهاتبوو لە پڕۆفیسۆری ئەڵمانی، فەرەنسی، چەند پڕۆفیسۆرێكی كۆڵۆمبیا، چەند پڕۆفیسۆرێكی عەرەب، سەردانی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجیو توێژینەوەی زانستی كردو وەفدەكە ئاستی زانستیی دەستەی كوردستانی بەرزهەڵسەنگاند، لەبەرنامەشیاندایە لەگەڵ دەستەی كوردستانی پێكەوە كار بكەن لەبوارەكانی پڕۆژەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، زانستیو چەند بوارێكی دیكەش.

دەستەی كوردستانی لە بەرنامەشیدایە هەردوو هەفتەجارێك سیمینار لەسەر بابەتێكی جیاواز رێكبخات.

 

 

 

 

 


KISSR - Newsroom:  Nov 23 2016 02:34 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ