ده‌سته‌ی كوردستانی، ده‌زگایه‌ك بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ ته‌كنه‌لۆژیای نوێوه‌

 

*ده‌سته‌ی كوردستانی زیاتر له‌ 350 توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا ئاماده‌كردووه‌

 

 

*"وه‌زیری خوێندنی باڵا هه‌میشه‌ هاوكاریی په‌ره‌پێدانی توێژینـــه‌وه‌ی زانستی‌و خوێندنی باڵا بووه‌"

 

 

*"وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوە لەدەستەی كوردستانی بەهاوكاریی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا، سەنتەری كوردستان بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە دابمەزرێنرێت"

 

*به‌شێك له‌كاره‌كانی ده‌سته‌ی كوردستانی

په‌یوه‌ندیی پته‌و له‌گه‌ڵ 88 ناوه‌ندو ده‌زگای زانستی له‌ئاستی جیهاندا، 17 تاقیگه‌ی پێشكه‌وتوو له‌ده‌سته‌ هه‌یه‌، هه‌زاران كانی ئاوی كوردستان پشكنینی بایۆلۆجی‌و كیمیاییان بۆكراوه‌، پڕۆژه‌ی دیاریكردنی نه‌خۆشییه‌كان‌و رێژه‌ی مردووان له‌هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان جێبه‌جێكراوه‌، بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ئاستی عیراقدا نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ له‌ ده‌سته‌ی كوردستانی ‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، چه‌ندین پێشبینی داڕمانی شاخ‌و به‌نداو كراوه‌، زیاتر له‌ 350 توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ده‌یان راپۆرتی زانستی له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا ئاماده‌كراوه‌.

 

 

راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌

 

ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی‌‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زاستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تائێستا كه‌ ماوه‌ی ١٢ ساڵه‌، هه‌میشه‌ له‌خزمه‌ت زانست‌و زانستخوازاندایه‌و ئێستاش به‌شێوازێكی فراوانترو له‌ڕێگه‌ی پسپۆڕی زانستی له‌بواره‌ جیاوازه‌كان‌و 17 تاقیگه‌ی پێشكه‌وتووه‌وه‌، به‌رده‌وامه‌ له‌خزمه‌تكردن به‌زانست‌و زانستخوازان‌و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی كاره‌كانیدایه‌.

 

مێژووی ده‌سته‌

پڕۆفیسۆر دكتۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی ده‌سته‌ی كوردستانی روونكرده‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: ده‌زگای ته‌كنه‌لۆجیای كوردستان له‌كۆتایی ساڵی 2005، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك مام جه‌لال دامه‌زرا، له‌ساڵی 2010 بوو به‌ده‌سته‌ی كوردستانی‌ بۆ دراساتی ستراتیجی‌‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و له‌ژێر یاسای خوێندنی باڵادا له‌مانگی 11-2010، به‌یاسا چه‌سپێنراو بوو به‌ده‌سته‌یه‌ك سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستان.

 

ئامانجی ده‌سته‌

له‌باره‌ی ئامانجی ده‌سته‌ی كوردستانییه‌وه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتی: یه‌كێك له‌ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئاستی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌كوردستان به‌هێنانی ته‌كنه‌لۆجیای نوێ‌و داهێنان‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان په‌ره‌ی پێبدرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هه‌وێنێك بۆ به‌رزبوونی كوالیتی ژیانی كۆمه‌ڵ، به‌دروستبوونی نێتۆركێك له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی توێژینه‌وه‌ له‌جیهان ده‌توانرێت توێژینه‌وه‌ی ئاست به‌رز ئه‌نجام بدرێت له‌گۆڤاره‌ زانستییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی جیهان بڵاوببێته‌وه‌،  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تاقیگه‌ی زۆر پێشكه‌وتوو له‌ده‌سته‌ دامه‌زراوه‌، كه‌ له‌و ئاسته‌دایه‌ پشكنینی به‌رز بكرێت‌و بتوانرێت له‌گه‌ڵ ده‌زگا زانستییه‌ جیهانییه‌كاندا توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش بكرێت. یاخود خوێندكاری دكتۆرا له‌ناوه‌وه‌و دره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ وه‌ربگرێت.

ئامانجێكی دیكه‌ی سه‌ره‌كی ده‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ (كادری زانستیی پێشكه‌وتوو پێبگه‌یه‌نێت‌). ئه‌م كادره‌ زانستییانه‌ ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵ‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

 

سه‌نته‌رو به‌شه‌كانی ده‌سته‌

ده‌سته‌ی كوردستانی پێكدێت له‌سه‌رۆكی ده‌سته‌ به‌پله‌ی وه‌كیل وه‌زیرو جێگره‌كه‌ی به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، چوار سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌وان پسپۆڕێك به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، 13 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی زانستی‌و وێژه‌یی، سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی بریتین له‌ (سه‌نته‌ری جیۆلۆجی‌و ئۆرگانیك پیترۆلۆجی، سه‌نته‌ری مایكرۆبایلۆجی‌و ته‌ندروستی، سه‌نته‌ری كوالیتی كۆنترۆڵ‌و ژینگه‌و كشتوكاڵ‌و ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵ، سه‌نته‌ری دراساتی ستراتیجی).

به‌شه‌ زانستییه‌كانی ده‌سته‌ (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی‌و سه‌لامه‌تی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خوێندنی باڵا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توێژینه‌وه‌كانی دژ به‌توندڕه‌وی، به‌شی گۆڤاری ئه‌كادیمی، به‌شی كوالیتی كۆنترۆڵ).

 

تاقیگه‌كانی ده‌سته‌

گرنگترین تاقیگه‌كانی ده‌سته‌ ئه‌مانه‌ن (جیۆلۆجی، نه‌وت، ئای تی، ئۆپتیك‌و ئۆرگانیك پیترۆلۆجی، ژینگه‌، كوالیتی كۆنترۆڵ، ته‌ندروستی، مۆلیكیولار بایۆلۆجی، سكانینك ئه‌لیكترۆنن مایكرۆسكۆپ، تاقیگه‌ی بایۆلۆجی بۆ فێركردنی خوێندكارانی په‌روه‌رده‌، تاقیگه‌ی كیمیای شیكاری). هه‌روه‌ها چه‌ندین ئامێری گه‌وره‌و پێشكه‌وتوو له‌تاقیگه‌كانی ده‌سته‌ هه‌یه‌ وه‌كو

 Leica Microscope DM6000

SEM،  GC.MSTr, LECO

 

XRD , AA700

 Real time PCR

 Gen analyzer 

Rock Eval 4

 

خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا 

سه‌رۆكی ده‌سته‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌چوارچێوه‌ی پلانی خوێندنی باڵاو به‌هاوبه‌شی له‌نێوان ده‌سته‌ی كوردستانی‌و زانكۆكانی كوردستان، ده‌سته‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، زانكۆی چه‌رموو، ده‌رگای پێشكه‌شكردن بۆ ژماره‌یه‌ك كورسی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا بۆ ساڵی 2016-2017، واڵا كردووه‌و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا زیاترله‌ ٥٠ خوێندكاری ماسته‌رو دكتۆرا بۆ ئه‌مساڵ وه‌رگیراون، هه‌روه‌ها تائێستا زیاتر له‌ ١٧٠ خوێندكاری ماسته‌رو دكتۆرا له‌هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانه‌وه‌، تاقیكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان به‌سه‌رپه‌رشتی پسپۆڕه‌كانی ده‌سته‌و له‌تاقیگه‌كانی ده‌سته‌ ته‌واو كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌خوێندكاری ماسته‌رو دكتۆرای ئه‌ڵمانی به‌سه‌رپه‌رشتی ستافی ده‌سته‌و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پسپۆڕی ئه‌ڵمانی، تێزه‌كانیان به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامداوه‌. له‌داهاتووشدا پلانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خوێندكاری دیكه‌ی ئه‌ڵمانی تێزه‌كانیان له‌ ده‌سته‌ی كوردستانی ئه‌نجام بده‌ن.

 

كاره‌كانی ده‌سته‌

"له‌ده‌سته‌ی كوردستانی، هه‌زاران كانی ئاوی كوردستان پشكنینی بایۆلۆجی‌و كیمیاییان بۆكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئایا گونجاون بۆ كشتوكاڵ‌و خواردنه‌وه‌ یان نا؟، وه‌كو پڕۆژه‌، یاخود بۆ هاووڵاتی. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ی دیاریكردنی نه‌خۆشییه‌كان‌و رێژه‌ی مردووانی له‌هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان جێبه‌جێكردووه‌، بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ئاستی عیراقدا نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ له‌ده‌سته‌ی كوردستانی ده‌ستنیشانكراوه‌، چه‌ندین پێشبینی داڕمانی شاخ‌و به‌نداو كراوه‌، پێشنیازی ترسناكی داڕمانی شاخ‌و به‌نداو خراوه‌ته‌ڕوو، چاره‌سه‌ریشی بۆ ده‌ستنیشانكراوه‌، ده‌یان پڕۆژه‌ی بواره‌كانی كشتوكاڵی‌و جیۆلۆجی‌و بایۆلۆجی‌و دروستكردنی دارستان ئه‌نجام دراون".

 

زیاتر له‌ 350 توێژینه‌وه‌ی زانستی

له‌ساڵانی رابردووشدا به‌پێی ئامارێك (ده‌سته‌ی كوردستانی، زیاتر له‌ 350 توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا كردووه‌، جگه‌ له‌ئاماده‌كردنی ده‌یان راپۆرتی زانستی، زۆر له‌توێژینه‌وه‌كان له‌گۆڤاری زانستیی جیهانیدا که‌ (IF)یان هەیە بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان له‌بواره‌كانی ژینگه‌و جیۆلۆجی‌و بایۆلۆجی‌و كیمیادایه)‌. ده‌سته‌ی كوردستانی له‌به‌رنامه‌یدایه‌ پوخته‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌ زانستییانه‌ی كه‌ كردوویه‌تی له‌كتێبێكدا چاپ بكات‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌. هه‌روه‌ها له‌ده‌سته‌ی كوردستانی هه‌ردوو هه‌فته‌ جارێك له‌هۆڵی سیمیناری ده‌سته‌، سیمینار له‌سه‌ر بابه‌تێكی گرنگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ماوه‌ی زیاتر له‌سێ ساڵیشه‌ له‌ ده‌سته‌ی كوردستانی وه‌ك یه‌كه‌م ده‌زگای حكومی كار به‌سیسته‌می كارگێڕی ئه‌لكترۆنی ده‌كرێت كه‌ لێره‌دا گشت نووسراوه‌ ناوخۆییه‌كان‌و واژووی نووسراوه‌كان‌و دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵات‌و كاروباری كارگێڕی‌و په‌یوه‌ندییه‌كان‌و پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان به‌ئه‌لیكترۆنی كراون‌و له‌دوو سێرڤه‌ریشدا تۆماركراون.

 

وۆركشۆپ‌و سیمینارو كۆنفرانس

ده‌سته‌ی كوردستانی چه‌ندین وۆركشۆپ‌و سیمینارو كۆنفرانسی رێكخستووه‌ به‌ته‌نیا یاخود به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌زگا زانستییه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ستافه‌ ئه‌كادیمییه‌كانی ده‌سته‌ تائێستا له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ یارمه‌تی سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستانیان داوه‌، چ به‌وانه‌ وتنه‌وه‌، چ به‌ڕێكخستنی سیمینارو وۆركشۆپ‌و كۆنفرانس‌و توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش، هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی كوردستانییه‌وه‌، چه‌ندین مامۆستاو خوێندكاری هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ زانكۆكانی جیهاندا به‌ستووه‌و له‌چه‌ندین خولی زانستیدا به‌شداربوون. كۆمه‌ڵێكی زۆر خوێندكار زه‌ماله‌ی خوێندنیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌وه‌ وه‌رگرتووه‌

ده‌سته‌ لەگەڵ  کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان گۆڤارێكیان به‌ناوی گۆڤاری ئه‌كادیمیانی كوردستان ده‌رده‌كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ گۆڤاری ئه‌ی، بی، له‌ماوه‌ی دوو ساڵی پێشوودا نۆ ژماره‌یان لێده‌رچوو، به‌ڵام له‌ به‌ر بڕینی نه‌سرییه‌ی مانگانه‌، ئه‌مساڵ راگیرا. ده‌سته‌ پشتیوانی‌و هاوكاری پڕۆژه‌و پێشنیازو بیرۆكه‌ی زانستیانه‌ی گه‌نجان‌و هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی زانستی ده‌كات‌و هاوكاری چاپكردنی چه‌ندین كتێبـی زانستی كردووه‌.

 

په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ زانستییه‌كانی جیهاندا

ده‌سته‌ی كوردستانی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ زانكۆو دام‌‌و ده‌زگاو ناوه‌نده‌ زانستییه‌كانی جیهاندا هه‌یه‌ ، بۆ نموونه‌ زانكۆی جۆرج ئۆگوست له‌شاری گۆتینگنی ئه‌ڵمانی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌زانكۆ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان‌و له‌گه‌ڵ ده‌زگای ماكس پلانك به‌هاوبه‌شی كارده‌كه‌ن، رۆژی 8-10-2015، ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ده‌سته‌ كردۆته‌وه‌، به‌رده‌وامیش مامۆستایان‌و پسپۆڕانی هه‌ردوولا سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن‌و چه‌ندین توێژینه‌وه‌و پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی زانستی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌. ئێستاش كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت بۆ پێشخستن‌و به‌جیهانیكردنی خوێندنی باڵا له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ ١٠ زانكۆی كوردستانی‌و یه‌ك زانكۆی ئه‌ڵمانی‌و یه‌ك زانكۆی به‌لجیكی‌و یه‌ك زانكۆی هۆڵه‌ندی تێدایه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش به‌پێی لێدوانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ (ده‌سته‌ی كوردستانی له‌ئاستی جیهاندا په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ 88 ناوه‌ندو ده‌زگای زانستیدا هه‌یه‌). هه‌روه‌ها ده‌سته‌ په‌یوه‌ندییه‌ زانستییه‌كانی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ئه‌مریكاشدا په‌ره‌پێده‌دات‌و  له‌ماوه‌ی رابردووشدا تیمی ته‌ندروستیی ژینگه‌یی ده‌سته‌، به‌بانگهێشتی ره‌سمیی زانكۆی ماسه‌چوسێتس بۆستنی ئه‌مریكی، سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای كردو چه‌ندین دیداری گرنگیی زانستییان له‌گه‌ڵ زانكۆو ناوه‌نده‌ زانستییه‌كانی ئه‌مریكادا ئه‌نجامدا.

به‌رده‌وام ستافی ئه‌كادیمی‌و پسپۆڕانی ده‌سته‌ به‌شداریی له‌كۆنفرانس‌و سیمیناره‌ زانستییه‌كاندا له‌ئاستی وڵاتانی جیهاندا ده‌كه‌ن، له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش جگه‌ له‌به‌شداریكردن له‌كۆنفرانس‌و سیمیناره‌ زانستییه‌كاندا، ستافی ئه‌كادیمی‌و پسپۆڕانی ده‌سته‌ له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ جیاوازه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌ بۆ  لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی بواری زانستی ده‌كه‌ن‌و چه‌ندین توێژینه‌وه‌شیان له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه‌. به‌پێی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاش ده‌سته‌ له‌ڕووی ته‌ندروستی‌و سه‌لامه‌تییه‌وه‌ له‌ ئاستێكی باڵادایه‌‌.

 

پڕۆژه‌یه‌ك له‌بواری پاشماوه‌كانی جه‌نگ‌

ده‌سته‌ی كوردستانی له‌به‌رنامه‌یدایه‌ به‌م نزیكانه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند دام‌و ده‌زگایه‌كی زانستیی ئه‌ڵمانیاو به‌هه‌ماهه‌نگیی ده‌سته‌ی پاراستن‌و چاككردنی ژینگه‌، كار له‌سه‌ر  پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌بواری پاشماوه‌كانی جه‌نگ‌و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ژینگه‌ بكات. بۆ ئەو مەبەستەش سه‌رۆكی ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆری به‌ناوبانگی نه‌مسایی فێردیناند هێنه‌ربیشله‌ر به‌هاوبه‌شی، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان پێشكه‌شكردووه‌ له‌سه‌ر پاشماوه‌كانی جه‌نگ كه‌بریتییه‌ له‌: (ئه‌و پاشماوانه‌ی كه‌ درێژخایه‌نن‌و ژینگه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن پیس كردووه‌ وه‌كو كاریگه‌رییه‌كانی چه‌كی كیمیایی له‌كوردستان، ئه‌و خۆڵه‌ی كه‌ له‌عیراق ده‌بارێت‌و یۆرانیۆمی تێدایه‌)، (ئه‌نفال)، (ئێزدییه‌كان)، (مین)، (پیسبوونی هه‌واو خاك‌و ئاو)، (كێشه‌ی سیاسی‌و ئیداری)، (كشتوكاڵ)، (په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی)، (كێشه‌ ده‌روونییه‌كان)، (بوونی ئاواره‌و په‌نابه‌ران) له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا پێشنیاز ده‌كرێت كه‌ تیمێكی هه‌مه‌لایه‌نی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی دروست بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پاشماوه‌كانی جه‌نگ له‌هه‌موو بواره‌كاندا.

 بڕیاریشه‌ به‌م نزیكانه‌، چه‌ند پڕۆفیسۆرێكی ئه‌ڵمانی سه‌ردانی ده‌سته‌ی كوردستانی بكه‌ن‌و پێكه‌وه‌ كار له‌سه‌ر چه‌ندین توێژینه‌وه‌و پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی زانستی بكه‌ن.

له‌م میانه‌یه‌شدا ده‌سته‌ی كوردستانی به‌هاوكاریی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی‌و  زانكۆی ماسه‌چوسێتس بۆستنی ئه‌مریكی، له‌پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كێشه‌ ته‌ندروستییه‌ ژینگه‌ییه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی ده‌كه‌ن.

به‌رده‌وامیش وه‌فدی زانكۆو ده‌زگاو ناوه‌نده‌ زانستییه‌كانی وڵاتان، سه‌ردانی ده‌سته‌ی كوردستانی ده‌كه‌ن‌و ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش وه‌فدێكی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ پێكهاتبوو له‌ پڕۆفیسۆری ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی، چه‌ند پڕۆفیسۆرێكی كۆڵۆمبیا، چه‌ند پڕۆفیسۆرێكی عه‌ره‌ب، سه‌ردانی ده‌سته‌ی كرد.

شایانی باسه‌، رۆژی 12-3-2017، پڕۆفیسۆرێكی ئه‌مریكی سه‌ردانی ده‌سته‌ی كوردستانی ده‌كات‌و سیمینار له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئه‌ندازیاری جیۆلۆجی وه‌كو تونێل‌و به‌نداوو...هتد له‌ كوردستان پێشكه‌ش ده‌كات.

 

سه‌نته‌ری كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ داده‌مه‌زرێنرێت

ده‌سته‌ی كوردستانی گرنگییه‌كی به‌رچاوی به‌بواره‌كانی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌ داوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌، پ.ی.د.ناسح عوسمان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌بواری زانستی پزیشكی‌و ئێپیدیمۆلۆجی له‌وڵاتی به‌ریتانیا، توێژه‌ری پێشكه‌وتوو له‌ده‌سته‌ی كوردستانی، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌به‌ر گرنگی‌و كاریگه‌ریی ژینگه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستیی دانیشتووان، به‌پێویستمان زانی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خێرا بۆ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری سلێمانی‌و كاریگه‌ری‌و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ته‌ندروستیی دانیشتووان بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، رێكخراوی ئایرێكس-ی ئه‌مریكی، زانكۆی ماسه‌چوسێتس بۆستن كراو پڕۆژه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خێرای مه‌ترسییه‌كانی ژینگه‌ جێبه‌جێكرا. هه‌ر له‌مبواره‌دا تیمێكی  تایبه‌ت به‌توێژینه‌وه‌ی ته‌ندروستیی ژینگه‌ له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌ی كوردستانی‌و زانكۆی پۆلیته‌كنیك پێكهێنرا بۆ كاری داهاتوو، ئێستاش له‌گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ چه‌ند زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ده‌رفه‌تی توێژینه‌وه‌ له‌بواری ژینگه‌دا. جگه‌ له‌وه‌ش له‌بواری خوێندنی باڵا (ماسته‌رو دكتۆرا) بابه‌تی ژینگه‌ وه‌كو بابه‌تێكی گرنگ خرایه‌ به‌رنامه‌ی ده‌سته‌و زانكۆی پۆلیتەکنیکەوە‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان له‌و بواره‌دا به‌رده‌وام بێت. وتیشی: وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوه‌ له‌ده‌سته‌ی كوردستانی به‌هاوكاریی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا، سه‌نته‌ری كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ دابمه‌زرێنرێت‌‌.

 

دیاریكردنی نرخی نه‌وت به‌پێی ناوچه‌كان

تاقیگه‌ی كیمیای نه‌وت یه‌كێكه‌ له‌تاقیگه‌كانی ده‌سته‌ی كوردستانی، له‌باره‌ی كاره‌كانی تاقیگه‌كه‌وه‌، د.ره‌وه‌ز عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرا له‌بواری زانستی كیمیاو ئه‌ندازیاری نه‌وت له‌به‌ریتانیا، مامۆستا له‌ده‌سته‌ی كوردستانی‌و سه‌رپه‌رشتیاری تاقیگه‌كه‌، باسی له‌وه‌كرد (له‌تاقیگه‌كه‌دا زیاتر كار له‌ سه‌ر پێكهاته‌كانی نه‌وتی خاوی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان‌و جیاكردنه‌وه‌ی بۆ به‌رهه‌مه‌كان به‌پێی ره‌وشته‌ كیمیایی‌و فیزیاییه‌كانی ده‌كرێت، سه‌رئه‌نجام ده‌توانین كوالیتی نه‌وتی ناوچه‌كانمان بۆ ده‌ركه‌وێت‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كاریان له‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ نموونه‌ به‌پێی تاقیكردنه‌وه‌كانی تاقیگه‌كه‌، جۆری سووكی‌و قورسی نه‌وته‌كه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت). سوودی ئه‌و هه‌نگاوه‌شی روونكرده‌وه‌و وتی: به‌پێی ده‌رئه‌نجامی كاره‌ زانستییه‌كان ده‌توانین نرخی نه‌وت به‌پێی ناوچه‌كان دیاری بكه‌ین، به‌وپێیه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌وته‌كه‌ سووك بێت، به‌رهه‌مه‌كه‌ی باشتره‌و پاككردنه‌وه‌ی ئاسانتره‌و له‌ناردنیشی بۆ بازاڕه‌كان نرخی به‌رزتر ده‌بێت. باسیشی له‌كارێكی دیكه‌ كرد كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌بواری ژینگه‌و وزه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: كارمان له‌سه‌ر زبڵ‌و خاشاكی ماڵان‌و كارگه‌كان كردووه‌، ده‌رئه‌نجام بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و گازه‌ی له‌ زبڵ‌و خاشاكه‌وه‌ ده‌رده‌چێت به‌ڕێژه‌ی 40% ی گازی دوانۆكسیدی كاربۆنه‌، به‌ڕێژه‌ی 60%ی گازی میثانه‌، ئه‌م دوو گازه‌ش ده‌توانرێت راسته‌وخۆ وه‌كو وزه‌ی كاره‌بایی‌و وزه‌ی ناوماڵان به‌كاربهێنرێنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌توانین گۆڕانكاریی زیاتری تێدا بكه‌ین‌و بیگێڕینه‌وه‌ بۆ وزه‌ نه‌وتییه‌كان ئه‌مه‌ش وه‌كو به‌دیلێكه‌ بۆ نه‌وت‌و زۆر پاكتریشه‌و ژینگه‌ش پیس ناكات، كه‌ ئێستا وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ (به‌ریتانیاو یابان‌و ئه‌مریكا)  10%ی وزه‌ی له‌ زبڵ‌و خاشاك (بایۆ ماس)ه‌وه‌ به‌ده‌ستده‌هێنن

 

تاقیگه‌كان له‌لایه‌ن كارمه‌ندی راهێنراوو پسپۆڕه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن

شوان ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د كیمیایی پێشكه‌وتوو، سه‌رپه‌رشتیاری تاقیگه‌ی نه‌وت‌و ئۆرگانیك پیترۆلۆجی له‌ده‌سته‌ی كوردستانی له‌باره‌ی تاقیگه‌كانی ده‌سته‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "ده‌سته‌ی كوردستانی چه‌ندین تاقیگه‌ی هه‌یه‌ له‌بواره‌كانی جیۆلۆجی، كوالیتی كۆنترۆڵ‌و ژینگه‌، ته‌ندروستی، نه‌وت، ئاماده‌كردنی سامپڵ، چه‌ندین بواری دیكه‌ش"، گرنگیی تاقیگه‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌ تازه‌ترین ئامێری سه‌رده‌م له‌ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كاندا به‌كاردێت كه‌ توانای كاركردنیان زۆر پێشكه‌وتووه‌و ده‌توانێت كه‌مترین بڕ ده‌ستنیشان بكات. تاقیگه‌كان له‌لایه‌ن كارمه‌ندی راهێنراوو پسپۆڕه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه‌ ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌یان هه‌یه‌ له‌مبواره‌داو چه‌ندین خولی راهێنانیان له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بینیووه‌. "تاقیگه‌كان پێش هه‌موو شتێك بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ده‌سته‌ی كوردستانی به‌كار ده‌هێنرێن، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن خوێندكارانی خوێندنی باڵا (ماسته‌رو دكتۆرا) له‌سه‌رجه‌م زانكۆو په‌یمانگه‌كانی كوردستان، ته‌نانه‌ت عیراقیشه‌وه‌ نموونه‌مان بۆ ده‌هێنن بۆ تاقیكردنه‌وه‌و شیكاری. كۆمپانیاكان‌و هه‌ندێكجار هاووڵاتیانیش نموونه‌ی ئاو‌و خۆڵ‌و مادده‌ی دیكه‌ ده‌هێنن بۆ شیكاری. ساڵانه‌ش خوێندكارانی زانكۆ به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون به‌ ئامێرو تاقیگه‌كان له‌چوارچێوه‌ی خولی هاوینه‌دا، یان له‌كاتی دیكه‌دا سه‌ردانی ده‌سته‌ی كوردستانی ده‌كه‌ن‌و راهێنانیان پێده‌كرێت".

 

ده‌سته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م بوارانه‌ش ده‌كات

ده‌سته‌ی كوردستانی له‌ڕێگه‌ی چه‌ند كارێكی زانستییه‌وه‌، سه‌رقاڵی كاركردنه‌ بۆ ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی زه‌برو زه‌نگ. بڕیاریشه‌ له‌هه‌فته‌یه‌كدا رۆژێك ته‌رخان بكات بۆ خوێندكارانی ناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی له‌پێناوی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خوێندكاران له‌بواری زانستدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تاقیگه‌ی تایبه‌ت دروست ده‌كرێت‌و چه‌ندین مایكرۆسكۆپی تێدا ده‌بێت بۆ پشكنینی زانستی. هه‌ر له‌و رۆژه‌شدا فیلم‌و ڤیدیۆی زانستی بۆ هوشیاركردنه‌وه‌ی خوێندكاران پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ش ده‌سته‌ی كوردستانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی پێكهێناوه‌. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش پڕۆژه‌ی خودی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ بودجه‌كه‌ی دابینكراوه‌.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتیشی: د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌میشه‌ هاوكاریی په‌ره‌پێدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و خوێندنی باڵا بووه‌، له‌پێناوی پێشخستنی لایەنی زانست و توێژه‌ران له‌هه‌موو بواره‌كاندا.

 

گرفتی ده‌سته‌

سه‌ره‌ڕای ئه‌م خزمه‌تانه‌ی ده‌سته‌ی كوردستانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌، نه‌سریه‌ی مانگانه‌ی ده‌سته‌ی كوردستانی زۆر كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شی گازو پێداویستی رۆژانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكات. به‌پێی وته‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌ "وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌گفتوگۆدایه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌"، وتیشی: له‌جیهاندا بودجه‌ی تایبه‌ت‌و دیاریكراوو تێروته‌سه‌ل بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی ته‌رخانده‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ بایه‌خدان به‌توێژینه‌وه‌ی زانستی، وڵات پێش ده‌كه‌وێت‌و گه‌شه‌ ده‌كات، بۆ نموونه‌ وه‌كو ئه‌وروپاو مالیزیاو یابان...هتد، بۆیه‌ داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌سیاسه‌تی دارایی خۆی چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌بڕیاره‌كانیداو به‌زووترین كات پڕۆژه‌یه‌ك ئاماده‌بكات بۆ به‌شداریكردنی توێژه‌ران‌و مامۆستایانی زانكۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان، داواش ده‌كه‌م له‌توێژه‌ران‌و پسپۆڕان یارمه‌تی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

 

بۆ زانیاریی زیاتر، سه‌ردانی سایتی ده‌سته‌ی كوردستانی بكه‌. www.kissr.edu.krd 

 

 

 

*ئەم راپۆرتە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ

 ژمارە 7212 رۆژی سێشەممە 7-3-2017

لاپەڕە 8-9 پاشكۆی (سێبەرو سایە) بڵاوكراوەتەوە.

بۆ بينينى ڕۆژنامەكە كليك لێرە بكە

 


KISSR - Newsroom:  Mar 08 2017 01:39 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ