دەستەی كوردستانی و زانكۆی راپەڕین یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد

وەزیری خوێندنی باڵا پشتوانیی پتەوكردنی پەیوەندیی‌و هەماهەنگیی نێوان زانكۆو ناوەندە زانستییەكان دەكات لەپێناوی گەشەپێدانی بواری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا

 

پڕۆفیسۆر دكتۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی: پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆو ناوەندە زانستییەكان هەنگاوێكی گرنگە

 

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر موفەق خالید سەرۆكی زانكۆی راپەڕین: ئەم هەنگاوە لەبەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندایە

 

دكتۆر بەهزاد وسو حەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستی لەزانكۆی راپەڕین: دەستەی كوردستانی تاكە سەنتەری توێژینەوەیە دەوڵەمەندە بە زۆربەی زۆری ئامێرەكان كە دەتوانم بڵێم لەكوردستان‌و لەعیراقیشدا لەوانەیە هەندێكیان نەبێت

 

دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی‌و توێژینەوەی زانستی‌و زانكۆی راپەڕین، لەڕێگەی ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن-ەوە كار بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان‌و برەودان بە پڕۆژەی هاوبەشی زانستی دەكەن، ئەم هەنگاوەش دوای بانگهێشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دێت كە داوای لەزانكۆو ناوەندە زانستییەكان كرد، لەپێناوی گەشەپێدانی بواری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا، هەماهەنگیی بكەن‌و پەیوەندییەكانی نێوانیان پەرەپێبدەن‌و كاری هاوبەش بكەن.

رۆژی سێشەممە 4-7-2017، لەڕێوڕەسمێكدا لە دەستەی كوردستانی، لەلایەن پڕۆفیسۆر دكتۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی‌و توێژینەوەی زانستی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر موفەق خالید سەرۆكی زانكۆی راپەڕین یاداشتنامەكە ئیمزاكرا.

 

گەشەپێدانی بواری زانست‌و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی

لەڕێوڕەسمەكەدا كە ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین‌و ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرە گشتییەكان‌و مامۆستایانی دەستەی كوردستانی ئامادەیبوون. سەرۆكی دەستەی كوردستانی ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێكی پێویست‌و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆو ناوەندە زانستییەكانیشی بە گرنگ ناوبرد لەپێناوی گەشەپێدانی بواری زانست‌و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەهەرێمی كوردستاندا، هیواشیخواست "ئەم هەنگاوەی نێوان دەستەی كوردستانی‌و زانكۆی راپەڕین سەرەتایەكی باش بێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا هەردوولا بتوانن زۆرترین پڕۆژەی زانستی‌و توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز پێكەوە ئەنجام بدەن"، وتیشی: دەستەی كوردستانی پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ 88 زانكۆو ناوەندو دەزگای زانستی لەئاستی جیهاندا هەیە، 17 تاقیگەی پێشكەوتوو لەدەستە هەیە، تائێستاش نزیكەی 200 خوێندكاری ماستەرو دكتۆرا لەهەموو ناوچەكانی كوردستانەوە، تاقیكردنەوەی كارەكانیان بەسەرپەرشتی پسپۆڕەكانی دەستەو لەتاقیگەكانی دەستە تەواو كردووە.

 

سەرۆكی زانكۆی راپەڕینیش باسی لەناوەڕۆكی یاداشتنامەكە كردو وتیشی: خۆشحاڵین بە ئیمزاكردنی ئەم یاداشتنامەیە لەگەڵ سەنتەرێكی ئەكادیمی ئاست بەرزی وەكو دەستەی كوردستانی‌و هیوادارین لەداهاتوودا بتوانین پێكەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەین.

 پاشان ئامادەبووان گفتوگۆیەكی هەمەلایەنەیان كرد لەبارەی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكەو چەند پڕۆژەیەكی هاوبەشی زانستییەوە، ستافی زانكۆی راپەڕینیش تاقیگەكانی دەستەیان بەسەركردەوە.

 

گرنگیی ئەم هەنگاوە زانستییە

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر موفەق خالید سەرۆكی زانكۆی راپەڕین لەلێدوانێكدا بۆ سایتی دەستە (www.kissr.edu.krd)، گرنگیی ئەم هەنگاوە زانستییەی نێوان هەردوولای روونكردەوەو وتی: دوای چەند گفتوگۆیەكی نێوان هەردوولا، ئەم هەنگاوەمان بە گرنگ‌و پێویست زانی، چونكە لەهەردوولا كۆمەڵێك توانا هەیە، ئەگەر ئەم توانایانە كۆبكەینەوە دەتوانین هەنگاوی باش بنێین لەبواری توێژینەوەی زانستی‌و وانە وتنەوەی ئاست بەرزدا، وتیشی: لەئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین ئەم بابەتەمان تاوتوێكردو بەخۆشحاڵییەوە ئەنجومەن رەزامەند بوو بەوەی وەكو دوو دەزگای هاوبەش لەبواری زانستیدا پێكەوە كاربكەین، راشیگەیاند: بەپێی یاداشتنامەكە دەتوانین ئاڵوگۆڕی ستاف بكەین و چەندین تاقیگەش بەهاوبەشی لەنێوان هەردوولا دابنرێت، ئەم هەنگاوەش لەئەنجامدا لەبەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندایە.

سەرۆكی زانكۆی راپەڕین پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان دەزگاو ناوەندە زانستییەكان بەگرنگ دەزانێت‌و لەوبارەیەوە دەڵێت: پەیوەندیی لەگەڵ دەزگاو ناوەندە زانستییەكانی جیهاندا زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی بابەتی بەجیهانیبوونی زانكۆكان لەبازنەیەكی داخراودا نەوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی نێوان زانكۆو دەزگاو ناوەندە زانستییەكانی هەرێمی كوردستانیش گرنگە، چونكە كۆمەڵێك توانا لەناو كوردستاندا هەیە، بەڵام رەنگە وەكو پێویست نەتوانرابێت پڕۆژەی هاوبەش پێكەوە بكەن، بۆیە هیوادارین ئەم یاداشتنامەیە هەنگاوی یەكەم بێت بۆ ئەوەی بتوانین كار باشتر لەگەڵ یەكتردا بكەین.

 

ئەم هەنگاوە هەلێكی باش دەڕەخسێنێت

دكتۆر بەهزاد وسو حەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستی لەزانكۆی راپەڕین پێیڕاگەیاندین: ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان دەستەی كوردستانی‌و زانكۆی راپەڕین بە هەنگاوێكی زۆر باش دەبینین‌و هەلێكی باش دەڕەخسێنێت بۆ توێژەرانی زانكۆی راپەڕین بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستایان‌و توێژەرانی دەستەی كوردستانی توێژینەوەكانیان ئەنجام بدەن، چونكە ئەم دەستەیە لەكوردستاندا تاكە سەنتەری توێژینەوەیە دەوڵەمەندە بە زۆربەی زۆری ئامێرەكان كە دەتوانم بڵێم لەكوردستان‌و لەعیراقیشدا لەوانەیە هەندێكیان نەبێت، بۆیە پێموایە بەم هەنگاوە توێژەرانی ئێمە پێویستیان بە دەرەوە نابێت بۆ شیكردنەوەی داتاكان. وتیشی: هەر بەپێی ئەم یاداشتنامەیە لەوانەیە دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ كردنەوەی خوێندنی باڵا لەنێوان هەردوولا لەداهاتوودا، دیارە ئەم دەستەیە پێشتر لەبواری ماستەرو دكتۆرادا هاوكاریی باشی زانكۆكانی دیكەی كردووە، راشیگەیاند: كردنەوەی بەشی زانستی لەداهاتوودا لەزانكۆی راپەڕین بەهاوبەشی دەستەی كوردستانی، یەكێكی دیكەیە لەئامانجەكانی یاداشتنامەكە، هەروەها برەو بەچالاكییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا دەدەین لەسیمینارو وۆركشۆپ و كۆنفرانسی زانستی.

 

 

شایانی باسە هەر بەپێی یاداشتنامەكە، لەتاقیگەكانی دەستە خولی راهێنان دەكرێتەوە لەبوارەكانی بایۆلۆجی‌و كیمیاو ئۆپتیك‌و چەند بوارێكی دیكە، راهێنانی نێودەوڵەتیی هاوبەش، هەروەها هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ ئەو توێژینەوانە دەكرێت كە لەزانكۆی راپەڕین دەكرێن.


KISSR - Newsroom:  Jul 05 2017 11:54 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ