داواکارى بە سیستمى راستەوخۆى زانکۆیى دەستیپێکرد

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە ١٥-٨ داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەسیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە (٣٧٧) بەش و کۆلێژى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى ساڵى ڕابردو بەسەرکەوتوویى توانرا سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیارى فراوانکردنى ئەو سیستمەى دا، بۆ ئەمساڵى خوێندن (٣٧٧) بەشى زانستى بەسیستمى وەرگرتنى راستەخۆى زانکۆیى خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانى کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى، بەشى یاسا، بەشەکانى زیندەوەرزانى و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانى زانست، بەشى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژ و سکوڵەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانى پێشوو لە ڕێگەى (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتى کارابونى ڕادەگەیەنرێت. وتیشى: لەوەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ڕێژەى (٣٠%)ى کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەى بەش یان کۆلێژە دەبێت، ڕێژەى (٧٠%)ى کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى هەژمار دەکرێت.

 وتەبێژى خوێندنى باڵا وتیشى: لەئەمڕۆوە داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەسیستمى راستەوخۆى زانکۆى دەستپێدەکات و داواکارى ڕاستەخۆ لە تۆمارى کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و خوێندکاران دەتوانن سەردانى ئەو کۆلێژو پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزووى دەکەن، راشیگەیاند: لەیەک کاتدا دەتوانن داواکارى بۆ سێ بەشى جیا پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەى کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولى دووەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بهێنن، وتیشى: لە هەموو زانکۆکان ئامادەکارى تەواو کراوە بۆ پێشوازییکردن لە خوێندکاران، هەروەک ئاگادارى خوێندکارانیش دەکات، کاتێک کە سەردانى تۆمارى کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستهێنانى فۆرم دەبێ ژمارەى ئەزموونى و ئەنجامى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆمارى زانکۆوە پۆلینى داواکارییەکان بەپێى مەرجەکان بکرێت.

 وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند: بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەى تازەى بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و بەرزکردنەوە ئاستى زانستى خوێندکاران و کواڵێتى خوێندن داڕشت، مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەرێمى کوردستان دەرکرد.

 

 

مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٧-٢٠١٨


KISSR - Newsroom:  Aug 15 2017 10:53 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ