یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ راهێنان لەبوارى ئاى تى بەرەو چین بەڕێ دەکەون

د.یوسف گۆران رایگەیاند:  گرنگە خوێندکاران لە پاڵ بەدەستهێنانى زانست و زانیارى، شارەزایى ئەزموون و کەلتورى وڵاتان لە بەدەستهێنانى مەعریفە و پێشکەوتنەکان بن.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، رۆژى ١٢-٩-٢٠١٧، لەمیانى بەڕێکردنى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ کۆمارى میللى چین هات. بەو بۆنەیەوە، لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبوونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مەحمود حاجى ساڵح وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، مەولود باوە مراد وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، فەلاح مستەفا لێپرسراوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و راوێژکارانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى کوردستان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان،  چاین لاپینگ کونسوڵى گشتیى کۆمارى میللى چین لە کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى و خوێندکاران، بەڕێوەچوو، چەند وتارێک پێشکەشکران.

لەوبارەیەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا دواى پیرۆزبایکردن لە خوێندکاران، سوپاسى کونسوڵگەریى چین و کۆمپانیاى هواوى کرد، وتیشى: ساڵى پار لەسەر پێشنیازى ئێمە یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان لەسەر بانگهێشتى کونسوڵگەریى چین رەوانەى چین کران، بێگومان لە گەڕانەوەیاندا خوێندکاران دیدگا و تێڕوانینى تەواویان بەرامبەر بەچین گۆڕابوو، ئەوەش دەسکەوتێکى گەورەیە بۆ خوێندکارانى کوردستان لەلایەک، لەلایەکى دیکەشەوە بۆ کۆمارى میللى چین کە پیشانى ئێمە و دنیاى دەدات، کە خاوەنى چ ئەزموونێکى دەوڵەمەندە، راشیگەیاند: بەسوود وەرگرتن لەو ئەزموونە سەرکەوتووە ئەمساڵ و لە ١٨-٤-٢٠١٧، رێککەوتننامەیەکمان لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى چینى ئیمزا کرد بۆ رەوانەکردنى ژمارەیەک لە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ کۆمارى میللى چین بۆ راهێنان لە بوارى (ICT) لە کۆمپانیاى هواوى، بۆیە خۆشحاڵین ئەمساڵ لەپاڵ رەوانەکردنى دووەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ئاشنابوون بەئەزموون و کەلتورى پێشکەوتووى کۆمارى میللى چین، لەهەمان کاتدا یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکان بەپێیى ڕێککەوتننامەکەمان لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى رەوانەى چین دەکەین بۆ راهێنان لە بوارى (ICT).

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە ئەزموونى دەوڵەمەندى کۆمارى میللى چین کرد و وتى: تێڕوانینێکى نەرێنى بەرامبەر بەوڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەى لە جیهان ڕودەدات جیاوازە، چونکە پێشکەوتنى ئابوورى و تەکنەلۆژیا لە ئێستادا لە ئەوروپاوە بەرەو وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا دەڕوا، پێشبینیش دەکرێ لە چەند دەیەى داهاتوودا وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا و بەتایبەت چین پێش ئەوروپا و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەوێ، بۆیە ناسین و ناساندنى ئەو وڵاتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەرئەوە دەبێ بزانین چۆن ئەو وڵاتە بەرەوام لە بەرەوپێشچووندایە و، لە کەم وڵاتى دنیا هەیە چین و کۆمپانیا چینییەکان وەبەرهێنانى تێدا نەکەن.

بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران روو لەخوێندکاران رایگەیاند:  گرنگە خوێندکاران لە پاڵ بەدەستهێنانى زانست و زانیارى، شارەزایى ئەزموون و کەلتورى وڵاتان لە بەدەستهێنانى مەعریفە و پێشکەوتنەکان بن، کۆمارى میللى چینیش خاوەن ئەزموونێکى ناوازەیەو دەکرێ سود لەو ئەزموونە وەربگرین بۆ بونیادنانى داهاتووى گەلەکەمان.

لە کۆتایى وتارەکەشیدا سوپاسى کونسوڵى کۆمارى میللى چین لە کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى لە عیراق کرد، هیواى خواست پەرەى زیاتر بەو پەیوەندییانە بدەن بۆ ئەوەى سوود و ئەزموون لە بوارە جیاکانى چین بۆ ئاوەدانکردنەوەى کوردستان ببینن.

هەر لە مەراسیمەکەدا، ،  چاین لاپینگ کونسوڵى گشتیى کۆمارى میللى چین لە کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى و نوێنەرى خوێندکاران وتەیان پێشکەشکرد، لە وتەکانیاندا باسیان لە لایەنە جیاکانى ئەو گەشتە زانستییە و گرنگییەکانیان کرد، پاشان لەلایەن لێپرسراوانى ئامادەبووەوە دیارى کۆمپانیاى هواوى بەسەر خوێندکاراندا دابەشکرا.

 

واش بڕیارە لەسەرەتاى هەفتەى داهاتووەوە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان کە ژمارەیان (٢٠) خویندکارە بەرەو کۆمارى میللى چین بەڕێبکەون، (١٠) لەو خوێندکارانە وەک دووەمین گروپ بۆ ساڵى دووەم لەسەر بانگهێشتى کونسوڵگەریى چین دەچنە ئەو وڵاتە، مەبەستى سەردانەکەشیان بریتییە لە ئاشنابوون بەکەلتور و ئەزموونى پێشکەوتووى ئەو وڵاتە، لەهەمان کاتدا (١٠) خوێندکارەکەى دیکەش بەپێیى رێکەوتننامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمپانیاى هواوى دەچنە ئەو وڵاتە بۆ راهێنان لە بوارى (ICT).


KISSR - Newsroom:  Sep 13 2017 01:22 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ