پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان بەبڕی نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

بەئامانجی بەهێزكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكان و بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی (TIGRIS) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و، بڕی نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆ-ش بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە تەرخان كراوە.

لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەوەی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ساڵی (٢٠١٥) بەسەردانێكی ڕەسمی لە شاری ‌(گوتینگن)ی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆك و جێگیری سەرۆك و لێپرسراوی پەیوەندییە دەرەكیەكانی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن)ی ئەڵمانی و ڕاگری كۆلێژەكانی ئەو زانكۆیە كۆبوەوە. لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنێیەتی پەرەپێدانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چۆنییەتی وەرگرتنی فەند و چۆنییەتی سودوەرگرتن لە هاوكاری یەكتری و پێشخستنی خوێندن لە كوردستان كرد، هەر لەو كۆبونەوەیەدا پێشنیاز كرا زانكۆكانی ئەڵمانیا بەهاریكاری زانكۆیەكی چیكی بەناوی (Masaryk University)  و دامەزراوەیەكی ئیسپانی بەناوی (Compostela Group of Universities) پڕۆژەیەك لە بواری دروستكردنی تواناكان/ كەپەستی بیلدینگ و ئینتەرناشناڵ لە چوارچێوەی پرۆژەی (ئێراسموس پڵس) جێبەجێ بكەن و، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا یەكێیتی ئەوروپا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی تێچوی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكە.

بۆ ئەو مەبەستە لە لە ڕۆژانی (٨ تا ١٠ی ١١-٢٠١٧) وەفدێكی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە پێكهاتبون لە د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، د. پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی و، سەرۆكی زانكۆكانی (سلێمانی، سەڵاحەددین/هەولێر، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، چەرمو، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی دهۆك) لە زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) لە لە شاری ‌(گوتینگن)ی ئەڵمانیا بەشداریان لەیەكەم كۆبوونەوەی پڕۆژەی (TIGRIS) كرد، كە بەهاوكاری پرۆگرامی (+Erasmus)ی یەكێتیی ئەوروپا و زانكۆی (Gottingen)ی ئەڵمانی و چوار زانكۆی تری ئەوروپا وەك پارتنەری ئەوروپی كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

لە یەكەم ڕۆژی كۆبوونەوەكەدا، كە  تایبەت بوو بەمەراسیمی یادی (٧٠) هەمین ساڵیادی كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی (Gottingen)ی ئەڵمانی، تێیدا لێپرسراوانی زانكۆكە بەوردی باسیان لە مێژوی دامەزراندن و گەشەكردنی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆكەیان كرد، هەروەك باسیان لە گرنگترین ئەو كار و پڕۆژانە كرد، كە لەماوەی تەمەنی دامەزراندنیدا پێشكەشی كردوە.

 

 لەدوەم و سێیەم ڕۆژی كۆبونەوەكاندا هەنگاوەكانی ناساندن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی (TIGRIS) دەستیپێكرد، بۆ ئەوەش سەرەتا (د.ئوو مووس) بەڕێوەبەری پرۆژەكە لەزانكۆی (Gottingen) بەناوی سەرۆكی زانكۆكەیانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد، پاشان كورتەیەكی لەسەر پڕۆژەكە و گرنگیەكەی خستەرو.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكاندا، هەریەك لە نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی زانكۆكانی (سلێمانی، سەڵاحەددین/هەولێر، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، چەرمو، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی دهۆك) وەك پارتنەر لەپڕۆژەكەدا وتەی خۆیان پێشكەشكرد و باسیان لە گرنگترین پڕۆژەكانی ئێستا و داهاتوی دامەزراوەكەیان كرد، هیواشیان خواست جێبەجێكردنی پڕۆژەی (TIGRIS) ببێتە دەرگایەكی دیكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمیەكانی زانكۆكانی كوردستان بەڕوی دەرەوە.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكاندا، بەوردی تیشك خرایە سەر لایەنی كرداری پڕۆژەكە و، هەنگاوەكانی سێ ساڵی داهاتوی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش بەئاماژەكردن بەكارو چالاكیەكان و ڕاهێنانەكان پێشكەشی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان كرا.

 

لە پڕۆژەكەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، سلێمانی  و دهۆك) بەشدار دەبن، پڕۆژەكە تایبەت دەبێ بەدروستكردن و بەهێزكردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان.

 

بۆیە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەكی دیكە بەڕوی زانكۆكانی كوردستان دەكاتەوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابون بەپێشكەوتنەكانی جیهان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا بۆ خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئاڵمانیا و چیك دەڕەخسێنێ.

 

 

زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) یەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان و، لە ساڵی  (1737) دامەزراوە، جگە لە پێگەیاندنی‌ دەیان زانا و توێژەری‌ نێودەوڵەتی‌، (٥٠) خەڵاتی‌ نۆبڵی‌ لە بواری‌ زانستی‌ وتوێژینەوەدا بەدەستهێناوە و،‌ پلەی یەكەمی زانكۆكانی ئەڵمانیای لە بواری بەهێزی پەیوەندیی دەرەكی هەیە،  لەهەمانكاتدا هاوبەشی لەگەڵ دەز‌گای(ماكس پلانگ) هەیە، كە ئەوەش بەپێنجەم دامەزراوەی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.


KISSR - Newsroom:  Nov 15 2017 01:04 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ