د.یوسف گۆران: زمانى سریانى بەشێکە لە کەلتور و مێژو و ناسنامەى میللەتەکەمان و دەبێ پارێزگاریى لێ بکەین

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زمانى سریانى هاوشانى زمانەکانى دیکەى کوردستان بەشێکى گرنگ و دانەبڕاوە لە مێژو و کەلتور و ناسنامەى میللەتەکەمان، بۆیە چیمان پێ بکرێ بۆ پارێزگاریکردن لەو زمانەو گەشەپێدانى درێخى ناکەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رۆژی ١٣-١٢-٢٠١٧ لە میانەى پێشوازیکردنى وەفدێکى سریانەکان هات.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.سرود سەلیم مقدەسى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان سوپاسى ئەو پیشوازییەى کرد و ڕایگەیاند: لەماوەى ڕابردودا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەتایبەت جەنابى وەزیر پالپشتى و پشتیوانیەکى زۆرى گەشەپێدانى زمانى سریانى کردوە، بۆیە هەوڵەکانى بەڕێزتان بەرزدەنرخێنین، چونکە ئەگەر هەوڵەکانى ئێوە نەبوایە ئەمڕۆ بەشى زمانى سریانى ئەو گەشەسەندنەى لە زانکۆ بەخۆیەوە نەدەبینى، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە چەند پڕۆژەیەکیان کرد بۆ زیاتر پێشخستنى زمانى سریانى لە کوردستان.

هەر لەو دیدارەدا، د.حەبیب حەنا سەرۆکى کۆمەڵەى حەدبا بۆ توانستەکان، دواى ستایشکردنى کارو پڕۆژەکانى وەزارەت وتى: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەى زیاتر بەشێوەیەکى ئەکادیمى و زانستى گەشە بەزمانى سریانى بدەین، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستمان بەپاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا هەیە.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، د.سەلام نیعمە هورمز سەرۆکى بەشى زمانى سریانى لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى سەڵاحەدین وتى: سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەین کە پاڵپشتى زۆرى کردوین لە کردنەوە و گەشەپێدانى بەشەکەمان، وتیشى لە ئێستادا (٣٨) خوێندکارمان هەیە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لەو کاروچالاکیانە کرد کە لەماوەى ڕابردودا ئەنجامیانداوە، هەروەک ئەو کێشەو گرفتانەشى باس کرد کە ڕوبەڕویان بۆتەوە، وتیشى چەند پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ گەشەپێدانى زیاتر بەشەکەمان.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان ڕایگەیاند: زمانى سریانى هاوشانى زمانەکانى دیکەى کوردستان بەشێکى گرنگ و دانەبڕاوە لە مێژو و کەلتور و ناسنامەى میللەتەکەمان، بۆیە چیمان پێ بکرێ بۆ پارێزگاریکردن لەو زمانەو گەشەپێدانى درێخى ناکەین، وتیشى کەنیسەکانى کوردستان کۆمەڵێک دۆکیۆمێنت و ئەرشیفى تێدا پارێزراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست سود لەو دۆکیۆمێنت و سەرچاوانە وەربگیرێت، بۆ ئەوەش پێشنیازى کرد بەشى زمانى سریانى پڕۆژەیەک پێشکەش بکەن بۆ کردنەوەى ژمارەیەک کوردى خوێندنى باڵا/ماستەر لە بوارى زمانى سریانى بۆ توێژینەوەکردن و بڵاوکردنەوەى ئەو دۆکیۆمێنتانەى لە کەنیسەکان پارێزراون، هەروەک پێشنیازیکرد سەنتەرى توێژینەوەى تایبەت بەزمانى سریانى بکەنەوە و چالاکى زانستى لەو سەنتەرە ئەنجام بدەن و گۆڤارى زانستى و ئەکادیمى بڵاو بکەنەوە، هەروەک سەرۆکى بەشى زمانى سریانیشى ڕاسپارد پڕۆژەیەک پێشکەشى وەزارەت بکەن بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى سریانى ناوچە دابڕێندراوەکان لە بەشى زمانى سریانى لە زانکۆى سەڵاحەدین.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەربارى ستایشکردنى کارو پڕۆژەکانى بەشى زمانى سریانى وتى: ئەوەى بەئێمە بکرێ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانتان و گەشەپێدانى زمانى سریانى درێخى ناکەین و پشتیوانى تەواوتان دەکەین.

لە کۆتایى، دیدارەکەشدا لەلایەن د.سرود سەلیم مقدەسى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و ئەندامانى دیکەى وەفدەکە چەند دیارییەک پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا.  

 

 


KISSR - Newsroom:  Dec 14 2017 12:23 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ