سەرهەڵدانی بیری جیهادیی و كاریگەرییەكانی

رۆژی ١٣-١٢-٢٠١٧، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، سیمینارێك بە ناونیشانی (سەرهەڵدانی بیری جیهادیی لە خۆرهەڵاتی كوردستان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان) لەلایەن م. بەهمەن تاهیر نەریمان بەڕێوەچوو.

  م. بەهمەن  لە سیمینارەكەیدا بە وردی سەرهەڵدانی بیری جیهادیی لە خۆرهەڵاتی كوردستان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان روونكردەوە، راشیگەیاند: ئەو ململانێ مەزهەبییەی كە لە خۆرهەڵاتی كوردستان هەیە، هۆكارێكی سەرهەڵدانی بیری جیهادییە لەو ناوچەیەدا.

 

هەروەها كاریگەرییەكانی بیری جیهادیی لە خۆرهەڵاتی كوردستان لەسەر هەرێمی كوردستان خستەڕوو. ئاماژەی بەوەشدا "جگە لە كاریگەرییەكانی، جاری واهەبووە ئەم پرسە وەكو كارتێكی فشار دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنراوە". وتیشی: بەهێزبوونی بیری جیهادیی لە خۆرهەڵاتی كوردستان، كاریگەریی لەسەر بەهێزبوونی بیری جیهادیی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەپێچەوانەشەوە كاریگەریی هەیە.

 

توێژینەوەیەكی فراوانە

م. بەهمەن تاهیر بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: ئەم توێژینەوەیە، توێژینەوەیەكی فراوانە لەسەر چۆنێتیی سەرهەڵدان و رەگەكانی سەرهەڵدانی بیری جیهادیی لە خۆرهەڵاتی كوردستاندا، هەروەها باس لە رێكخستنی ئەم بیرە و دواتر دروستكردنی گروپی جۆراو جۆری جیهادی كراوە، پاشان ئاماژە بەوەدراوە كە ئەم گروپانە دواتر چۆن كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە و لە رابردوودا چ جۆرە چالاكییەكیان لە هەرێمی كوردستاندا كردووە و لە داهاتووشدا ئەم گروپانە كە ماونەتەوە تاكو ئێستا، چۆن وەكو كارتی فشار بەكاردەهێنرێن و چالاكیی جۆر بەجۆر دژ بە هەرێمی كوردستان دەكەن؟.

 

تیبَینی و سەرنجی ئامادەبووان و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەكان، ناوەڕۆكی سیمینارەكەی دەوڵەمەند تر كرد.

 

 

 


KISSR - Newsroom:  Dec 14 2017 12:58 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ