رۆڵی ناوچەی چەمچەماڵ لە گەشەپێدانی ئاسایشی خۆراكی نەتەوەیی

 

رۆژی چوارشەممە ٢٤-١-٢٠١٨،  لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، سیمینارێك بە ناونیشانی (رۆڵی ناوچەی چەمچەماڵ لە گەشەپێدانی ئاسایشی خۆراكی نەتەوەیی لە كوردستان) لەلایەن پڕۆفیسۆر د.جەمیل جەلال، بەڕێوەچوو.

 

ناوەڕۆكی سیمینارەكە

لەبارەی ناوەڕۆكی سیمینارەكەوە، د.جەمیل جەلال بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: لە سیمینارەكەدا تیشكخرایە سەر گرنگیی ناوچەی چەمچەماڵ كە رووبەرێكی گەورە لە زەوی كشتوكاڵی لە خۆدەگرێت، ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، دوای رێكخستنی سەرچاوەكانی ئاوو هێنانی ئاو لە رووبارەكانی ناوچەكە، وەك زێی بچووك، باسەڕە، سیروان و ئاوەسپی، دروستكردنی گۆماو بۆ گلدانەوەی ئاوی باراناو، دەتوانرێت هەموو زەوییەكانی ناوچەكە لە وەرزی هاویندا بچێنرێت  بە بەروبوومە ستراتیجییە گرنگەكان كە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی خۆراكی نەتەوەیی لەوانەش گەنم، برنج، گەنمەشامی، بەو هەنگاوەش دەتوانرێت ئاسایشی خۆراكی چەندین ملیۆن كەس دەستەبەر بكرێت. ئەمەش گرنگیی ناوچەكە دەردەخات كە جگە لە سامانی ژێر زەوی وەكو نەوت و گاز، دەتوانرێت وەبەرهێنان لە سامانەكانی سەر زەوی ناوچەكەشدا بكرێت، بەوەش ئابوورییەكی بەهێز بۆ كوردستان زامن دەكرێت و هەلی كار بۆ دەیان كۆمپانیاو هێزی كار دەڕەخسێنرێت.

تیبَینی و سەرنجی ئامادەبووان و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەكان، ناوەڕۆكی سیمینارەكەی دەوڵەمەند تر كرد.

 

شایانی باسە، پڕۆفیسۆر د.جەمیل جەلال تائێستا لەمبوارەدا نزیكەی 40 توێژینەوەی زانستی بڵاوكردۆتەوە. پێشتریش لە رۆژی ١٢-١٢-٢٠١٧، لە دەستەی كوردستانی، سیمینارێكی بەناونیشانی (وەبەرهێنانی ناوچە بەردەڵانییەكانی ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان) ، پێشكەشكرد.

 

 

هەروەها لە رۆژی 26-4-2017، لە دەستەی كوردستانی سیمینارێكی بەناونیشانی (وەبەرهێنانی ئاو لە ناوچەی قەرەداغ، وەبەرهێنانی زەوی لەناوچەی سیروان، وەبەرهێنانی ژینگەی دژواری سەختی ناوچە شاخاوییەكان و بەردەڵانییەكان بۆ بەرهەمهێنانی میوە)، پێشكەشكرد.


KISSR - Newsroom:  Jan 25 2018 01:23 AM / halkawt






نوێترين هەواڵ