کارەکانى لیژنەى وردبینى مووچە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا

بەڕێوەبەرایەتى راگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

 

کارەکانى لێژنەى وردبینى لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى هەریەک لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى سەڵاحەددین، بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى کۆتایى هات و، لە زانکۆکانى دیکە دریژە بەکارەکانیان دەدەن.

دواى ئەوەى لە ڕؤژى  سێشەممە، ١٣-٢-٢٠١٨  هەنگاوە کردارییەکانى وردبینى موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن لێژنەیەکى تایبەت لە بەغدا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، رۆژی پێنجشەممە ١٥-٢-٢٠١٨، کارەکانیان بەکۆتاهات.

لە ماوەى مانەوەیان لە دیوانى وەزارەت وەفدى لێژنەى وردبینى حکومەتى ئێراقى لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توژینەوەى زانستى وردبینیان لە سەرجەم داتا و زانیارییەکانى دیوانى وەزارەت کرد، لەوانە وردبینیکردن  لە دۆسیەى میلاکى دیوانى وەزارەت کە ژمارەیان دەگاتە (٦٣٤) مامۆستا و فەرمانبەر، هەروەک وردبینیان لە لیستى مامۆستایان و فەرمانبەران مۆڵەت (ئاسایى، بێ موچە، تەنسیب، ئیعارە)، لەگەڵ کۆى موچەى مامۆستا و فەرمانبەرانى وەزارەت لە پێش پاشەکەوتى  موچە و دواى پاشەکەوتى موچە، هەروەک پێش جێبەجێکردنى سیستمى بایۆمەترى و دواى سیستمى بایۆمەترى بەسەرجەم ناو و ناویشانى وەزیفى و کۆى ئەو دەرماڵانەى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران خەرج دەکرێ کرد، لەگەڵ بودجە و خەرجى فیعلى ساڵەکانى (٢٠١٣تا ٢٠١٧).

دوا بەدواى کۆتایى هاتنى کارەکانیشان لە دیوانى وەزارەت، وەفدەکە لەگەڵ د.خەتاب شێخانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا سوپاسى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و ستافى هەماهەنگى لێژنەکەیان کرد، کە لە ماوەى مانەوەیان لە ماوەیەکى زۆر کورتدا بەدروستى و بەتەواوەتى تەواوى ئەو زانیارى و داتاو پێداویستیانەى کە داوایان کردبو خرابوە بەردەستیان، بەهەمان شێوە لە سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددین-یش لێژنەکە لەگەڵ د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و، لە سەرۆکایەتى زانکۆى هەولێرى پزیشکى لەگەل د.دارا میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و، لە سەرۆکایەتى بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان لەگەڵ د. سەلیم قادر  سەرۆکى بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان بەجیا کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا سوپاسى پێزانینى لێژنەکەیان ئاراستەى ئەو سەرۆکایەتیانە کرد بۆ هەماهەنگیان و بەردەستخستنى داتا و زانیارییەکان بەشێوەیەکى دروست و لەماوەیەکى کەمدا.

لێژنەکە تا ئێستا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆى سەڵاحەددین، بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى کارەکانیان بێ کێشە و گرفتە تەواو کردوە، رۆژی پێنجشەممە ١٥-٢-٢٠١٨، لێژنەى وردبینى کارەکانیان لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستپێکرد.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نزیکەى (٣٠,٠٠٠) سی هەزار مامۆستا و فەرمانبەرى هەیە.

 

 


KISSR - Newsroom:  Feb 17 2018 09:53 AM / Hallkawt Zangana