دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت راگیرا

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: وەزارەت بڕیاریدا بە ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە هەرێمى کوردستان.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕونکردنەوەى زیاتریدا و ڕایگەیاند: بەفەرمانى وەزارى ژمارە (٢٨٦) کە لە ڕێکەوتى (٢٢-٢-٢٠١٨) بە ئیمزاى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، بڕیاردرا بە ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، ڕونیشیکردەوە ئەو بریارە بۆ دیراسەکردن و هەڵسەنگاندنى  دۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى کوردستانە. وتیشى: بڕیارى ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت، هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانى (بۆردى باڵاى خوێندنى تایبەت) لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ئەرکى سەرەکى ئەو بۆردە بریتیە لە دیراسەکردنى هەمەلایەنەى دۆخى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و هەڵسەنگاندنیان لەڕوى زانستى و ئەکادیمى و کارگێڕى و دارایى و ژێرخانەوە.

لە کۆتایشدا، ئاشکرایکرد ئەو بڕیارە کە پەیوەستە بەڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ دامەزراندنى زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە ڕێکەوتى (٢٢-٢-٢٠١٨) چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە و تا ڕێکەوتى (٣١-١٢-٢٠١٩) بەردەوام دەبێت.

لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان (١٥) زانکۆى تایبەت هەیە، هەروەک چەند زانکۆیەکى دیکەش دواى تێپەڕبوون بە پڕۆسەکانى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین و سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییە یاسایى و کارگێڕییەکاندا ڕەزامەندیى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیرانیان بۆ دامەزراندن وەرگرتوە، هاوکات (١٠) پەیمانگەى تایبەتیش لە هەرێمى کوردستان هەیە.

 

 


KISSR - Newsroom:  Feb 25 2018 01:30 AM / Hallkawt Zangana