ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە دەستەی كوردستانی كرایەوە

پڕۆژەی بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان بەبڕی یەك ملیۆن یۆرۆ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

 

رۆژی پێنجشەممە 5-4-2018، لە رێوڕەسمێكدا لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان كرایەوە، هەروەها پڕۆژەی بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان بەبڕی نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەر لە رێوڕەسمەكەدا ئۆفیسی ئەكادیمی ئینتەرناشناڵی دەستەی كوردستانی كرایەوە.

 

هەنگاوێكی گرنگە

لە رێوڕەسمەكەدا كە بە چاودێری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەرۆكی زانكۆكان و مامۆستایانی زانكۆ و وەفدێكی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی و زانستخوازان، بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، رایگەیاند: كردنەوەی ئەم دوو ئۆفیسە، هەنگاوێكی زانستی گرنگ و پڕ بایەخە، هیوادارین خوێندكاران و هەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان سوودی لێوەربگرن. وتیشی: لە ئەنجامی سەردانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم د.یوسف گۆران بۆ شاری گوتنگن لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2015، توانیمان لەگەڵ زانكۆی گوتنگندا چەندین رێككەوتننامە ئیمزا بكەین. لە ئەنجامی ئەو رێككەوتننامانەدا تائێستا چەندین خوێندكاری ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستانەوە چوونەتە زانكۆی گوتنگن بۆ ئەوەی بە هاوبەشی درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن. هەروەها لەنێوان زانكۆی گوتنگن و دەستەی كوردستانی-دا، چەندین توێژینەوەی هاوبەش كراون.

 

سەرەتایەك دەبێت بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی هاوبەش

پاشان د.ئووڤە موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی گوتنگن-ی ئەڵمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ كارێكی زۆر گرنگمان بە سەركەوتوویی جێبەجێكرد ئەویش كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنە لە هەرێمی كوردستان كە لە دەستەی كوردستانی كرایەوە. ئەمەش وەك هەنگاوێكی بەهێز سەرەتایەك دەبێت بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی هاوبەشی زانستی، هەروەها ئەم ئۆفیسە كارئاسانی بۆ هەموو زانكۆ و دەستەو ناوەندە زانستییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەردەكات بۆ ئەوەی پێكەوە لەگەڵ زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی و زانكۆكانی دیكەی جیهاندا برەو بە كاری هاوبەشی زانستی بدەن. وتیشی: زۆر سوپاسی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم، پڕۆفیسۆر پۆڵا خانەقا و دەستەی كوردستانی دەكەم كە هاوكارێكی سەرەكی بوون بۆ بەردەوام بوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە ئەنجامێك كە ئەم پڕۆژە گرنگە زانستییانەی بەدوای خۆیدا هێنا. سوپاس بۆ دەستەی كوردستانی كە هاوكاریی پێویستی كردووە بۆ كردنەوەی ئۆفیسی زانكۆی گوتنگن لە ناو دەستەی كوردستانیدا.

 

كارئاسانی پێویست بۆ زانستخوازان دەكات

لەلایەكی دیكەوە، د.زانا جەمال بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: بە هەوڵی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پڕۆفیسۆر پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی، ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لەدەستەی كوردستانی كرایەوە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە كوردستان و عیراق و تەنانەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئۆفیسێكی لەمجۆرە دەكرێتەوە، وتیشی: ئەم ئۆفیسە كار لەسەر چەندین كاری زانستی و توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز  دەكات و كارئاسانی پێویستیش بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لە زانكۆی گوتنگن و زانكۆكانی دیكەی ئەڵمانیاو جیهان درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.

 

پتەوكردنی پەیوەندییە زانستییەكان

م.بڕیار حەسەن بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئەكادیمی ئینتەرناشناڵی دەستەی كوردستانی بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: دەستەی كوردستانی پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ زانكۆو ناوەندە زانستییەكانی هەرێمی كوردستان و جیهاندا هەیەو چەندین توێژینەوەی زانستی و پڕۆژەی هاوبەشی زانستی لەنێوان دەستەی كوردستانی و زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی جیهاندا جێبەجێكراوە. بە كردنەوەی ئەم ئۆفیسەش كار لەسەر پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییە زانستییەكان دەكرێت و كارئاسانی پێویستیش بۆ ئەو خوێندكارانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە دەیانەوێت لە زانكۆكانی جیهان درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.

 

زانكۆی گوتنگن

زانكۆی جۆرج ئۆگەست گوتنگن لە ئەڵمانیا یەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان و لە ساڵی  1737 دامەزراوە، جگە لە پێگەیاندنی‌ دەیان زانا و توێژەری‌ نێودەوڵەتی‌، ٥٠ خەڵاتی‌ نۆبڵی‌ لە بواری‌ زانستی‌ و توێژینەوەدا بەدەستهێناوە و پلەی یەكەمی زانكۆكانی ئەڵمانیای لە بواری بەهێزی پەیوەندیی دەرەكی هەیە،  لەهەمانكاتدا هاوبەشی لەگەڵ دەز‌گای (ماكس پلانگ) هەیە، كە ئەوەش بەپێنجەم دامەزراوەی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.

 

دەستەی كوردستانی

دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی‌‌و توێژینەوەی زانستی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زاستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەكۆتایی ساڵی 2005، لەسەر فەرمانی سەرۆك مام جەلال دامەزراوە، لەڕێگەی مامۆستا و پسپۆڕی زانستی لەبوارە جیاوازەكان‌و 17 تاقیگەی پێشكەوتووەوە، بەردەوامە لەخزمەتكردن بەزانست‌و زانستخوازان‌و هەمیشە لەهەوڵی پەرەپێدانی كارەكانیدایە. دەستەی كوردستانی لەئاستی جیهاندا پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ 88 ناوەندو دەزگای زانستیدا هەیە.

 


KISSR - Newsroom:  Apr 12 2018 05:28 AM / halkawt