ئامانجی كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان

رۆژی پێنجشەممە 5-4-2018، لە رێوڕەسمێكدا لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان كرایەوە. هەر لە رێوڕەسمەكەدا ئۆفیسی ئەكادیمی ئینتەرناشناڵی دەستەی كوردستانی كرایەوە.

 

سەرۆكی دەستەی كوردستانی: هەنگاوێكی زانستی گرنگ و پڕ بایەخە

پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: كردنەوەی ئەم دوو ئۆفیسە، هەنگاوێكی زانستی گرنگ و پڕ بایەخە، وتیشی: لە ئەنجامی سەردانی بەڕێز د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم، بۆ شاری گوتنگن لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2015، توانیمان لەگەڵ زانكۆی گوتنگندا چەندین رێككەوتننامە ئیمزا بكەین. لە ئەنجامی ئەو رێككەوتننامانەدا تائێستا چەندین خوێندكاری ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستانەوە چوونەتە زانكۆی گوتنگن بۆ ئەوەی بە هاوبەشی درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن. هەروەها لەنێوان زانكۆی گوتنگن و دەستەی كوردستانی-دا، چەندین توێژینەوەی هاوبەش كراون.

سەرۆكی دەستەی كوردستانی، باسی لەوەشكرد: كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە دەستەی كوردستانی كە بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە،  هەروەها كردنەوەی ئۆفیسی ئەكادیمی ئینتەرناشناڵی دەستەی كوردستانی، بەمەبەستی كارئاسانیكردن و پشتیوانیكردنی خوێندكارانی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی بتوانن لە زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی و زانكۆكانی دیكەی جیهان درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن. راشیگەیاند: ئەم ئۆفیسە یارمەتی سەرجەم زانكۆكانی كوردستان دەدات.

ئاماژەی بەوەشدا "زانكۆی گوتنگن یەكێكە لە زانكۆ ئاست بەرزەكانی جیهان و پەیوەندییەكی زۆری هەیە لەگەڵ 242 زانكۆ  لەئاستی ئەڵمانیا و جیهاندا. كە ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی كوردستانیدا هەیە. دەمانەوێت بەهاوبەشی توێژینەوەی زانستی ئاستبەرز بكەین. وتیشی: هەر لە رێگەی ئەم ئۆفیسەوەو لە رێگەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانییەوە، لەگەڵ هۆڵەنداو چیك و بەلجیكاو ئەڵمانیا پڕۆژەیەكی گەورەمان هێناوەتە هەرێمی كوردستان كە بایی یەك ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش پێی دەوترێت پڕۆژەی كلیل و چەندین پڕۆژەی زانستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هیوادارم خەڵكی كوردستان، زانستخوازانی هەرێمی كوردستان سوود لەم پڕۆژە گرنگە زانستییە وەربگرن.

 

بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی گوتنگن: كردنەوەی ئەم ئۆفیسە سەرەتایەك دەبێت بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی هاوبەشی زانستی

هەروەها د.ئووڤە موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی گوتنگن-ی ئەڵمانی بە سایتی دەستەی كوردستانی راگەیاند: چەند ساڵێك لەمەوبەر بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان د.یوسف گۆران سەردانی زانكۆی گوتنگنی لە ئەڵمانیا كرد. دواتر لەهەردوولاوە چەند سەردانێكی دیكەی بۆ لای یەكتر بەدوادا هات. لە ئەنجامدا چەندین رێككەوتننامەو یاداشتی لێكتێگەیشتن ئیمزا كرا لەنێوان ئێمەو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و چەند زانكۆو دەستەیەك لە هەرێمی كوردستان. ئەمەش چەند ئەنجامێكی لێكەوتەوە، لەوانە كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، هەروەها دەستپێكردنی یەكێك لە پڕۆژە گەورەكان كە یەكێتیی ئەوروپا پشتگیریی دەكات و بە بڕی یەك ملیۆن یۆرۆ جێبەجێ دەكرێت، ئامانجی پڕۆژەكەش بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە. لەم پڕۆژەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی و چەند زانكۆیەك لە هەرێمی كوردستان، بەشدارن، پڕۆژەكەش بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، وتیشی: لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا كار لەسەر پەرەپێدانی توانا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆ و دەستە بەشداربووەكان دەكرێت، كاری هاوبەش لەگەڵ زانكۆكانی دەرەوەدا دەكرێت. هەروەها كار لەسەر چەندین پڕۆژەی هاوبەش دەكەین. وتیشی: هەر لەم چوارچێوەیەدا كارێكی زۆر گرنگمان بە سەركەوتوویی جێبەجێكرد ئەویش كردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانییە لە هەرێمی كوردستان كە لە دەستەی كوردستانی كرایەوە. ئەمەش وەك هەنگاوێكی بەهێز سەرەتایەك دەبێت بۆ جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی هاوبەشی زانستی، هەروەها ئەم ئۆفیسە كارئاسانی بۆ هەموو زانكۆ و دەستەو ناوەندە زانستییەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەردەكات بۆ ئەوەی پێكەوە لەگەڵ زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی و زانكۆكانی دیكەی جیهاندا برەو بە كاری هاوبەشی زانستی بدەن.

راشیگەیاند: زۆر سوپاسی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم، پڕۆفیسۆر پۆڵا خانەقا و دەستەی كوردستانی دەكەم كە هاوكارێكی سەرەكی بوون بۆ بەردەوام بوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە ئەنجامێك كە ئەم پڕۆژە گرنگە زانستییانەی بەدوای خۆیدا هێنا. سوپاس بۆ دەستەی كوردستانی كە هاوكاریی پێویستی كردووە بۆ كردنەوەی ئۆفیسی زانكۆی گوتنگن لە ناو دەستەی كوردستانیدا.

 

شایانی باسە، لە پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی (سەڵاحەدین-هەولێر، سلێمانی، چەرموو، راپەڕین، هەڵەبجە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، سلێمانی  و دهۆك) بەشدار دەبن، پڕۆژەكە تایبەت دەبێ بەدروستكردن و بەهێزكردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان. پڕۆژەكەش لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە بەبڕی یەك میلۆن یۆرۆ جێبەجێدەكرێ.


KISSR - Newsroom:  Apr 12 2018 05:43 AM / halkawt