وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: به‌ده‌ر له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان، دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕوبه‌ڕوی چه‌ندین كێشه‌ی جیا كراوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵێك مافی ده‌ستوری بێبه‌شكراوین، وتیشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ ده‌بێ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و ده‌ستور بكه‌ینه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كاره‌كانمان.

 

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، رۆژی 10-7-2018 له‌ میانه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجومه‌نی دیوانی وه‌زاره‌ت هات.

 

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ سه‌رجه‌م ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان ئاماده‌یبون، له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا تاوتوێی كێشه‌ی ئه‌و زانكۆ حكومیانه‌ كرا، كه‌ تا ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ متمانه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌وه‌ش كێشه‌ی بۆ ده‌رچوان له‌ دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی دروستكردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستوردا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌شێكی گرنگین له‌ دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا-ی عێراق، بۆیه‌ ئه‌وان مافی پێدان و پێنه‌دانی متمانه‌یان نیه‌، چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌واو له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ چۆن له‌ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌یه‌كی نوێ مافی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ كردنه‌وه‌ی زانكۆ و دامه‌زراوه‌یه‌كی خوێندنی باڵا له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ته‌كه‌مانه‌، وتیشی ئه‌ركی ئه‌وان‌ ته‌نها وه‌رگرتنی دۆسیه‌ی زانكۆ و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا-ی هه‌رێمی كوردستانه‌‌، ڕونیشكرده‌وه‌: كه‌ ده‌ستور ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌ سیاسه‌تی خوێندن له‌ عێراق به‌هاوبه‌شی داده‌نرێ و به‌ڕێوه‌ده‌برێ، بۆیه‌ ده‌بێ له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ماندا بۆ به‌غداد باس له‌سه‌ر میكانزمه‌كان بكه‌ین.

 

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌ كێشه‌ی زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ وتومانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بڕوانامه‌كانیان ناكه‌ین، نه‌ك باوه‌ڕییان پێ ناكه‌ین، چونكه‌ پێوه‌ری وه‌رگرتن له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پێوه‌ری وه‌رگرتن له‌ زانكۆكانی سه‌ر به‌حكومه‌تی ناوه‌ند جیاوازی هه‌یه، هه‌روه‌ك به‌پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕ نه‌بون و، تێبینمان له‌سه‌ر ستافی زانستی و ده‌وامی خوێندكاران هه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێ ماف به‌و خوێندكارانه‌ بدات، كه‌ ده‌رچوی ئه‌و زانكۆیانه‌ن و دانیشتوی هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستانن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌ وه‌زاره‌ت هیچ په‌یوه‌ندی به‌و خوێندكارانه‌ نیه‌، كه‌ له‌و زانكۆیانه‌ ده‌خوێنن و دانیشتوی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقن‌.

 

كۆبونه‌وه‌كه‌ تاوتوێی مامه‌ڵه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی له‌گه‌ڵ زانكۆ تایبه‌ته‌كان كرد، كه‌ هه‌ندێ جار به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاری پێویستی دا، ئه‌وه‌ش ڕونكرایه‌وه‌ كه‌ زانكۆكان نابێ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان پێشوازی و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لێژنه‌كانی به‌غداد بكه‌ن.

 

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، باس له‌و مافانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا، كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ پێیی نه‌دراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌و سكۆله‌رشیپانه‌ی پێشكه‌ش به‌ عێراق ده‌كرێ، بۆ نمونه‌ له‌ ئیستادا ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا (200) سكۆله‌رشیپی پێشكه‌ش به عێراق كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وان یه‌ك كورسیان پێشكه‌ش به‌هه‌رێمی كوردستان نه‌كردوه، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ خوله‌كانی ڕاهێنان و، ئه‌و فه‌ندانه‌ی له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ به عێراق ده‌درێ، هه‌رێمی كوردستانی لێ بێبه‌ش ده‌كرێ، له‌هه‌مان كاتدا له‌ پاشكۆكانی ڕۆشنبیری له‌ باڵێۆزخانه‌ی عێراق له‌ وڵاتان مامۆستایانی زانكۆ و نوێنه‌ری كورد وه‌ك پێویست نیه‌، له‌هه‌مان كاتدا وه‌فده‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ (5) ساڵه‌ به‌بێ به‌شداریپێكردنی نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ و كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی د.جوان جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆ‌شنبیرییه‌كانی ڕاسپارد دۆسیه‌ی ورد بۆ ئه‌و بوارانه‌ ئاماده‌ بكات.

 

‌كۆبونه‌وه‌كه‌ باسی له‌ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی ئه‌كریدیشن بۆ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا له‌ عێراق كرد، ڕاشیانگه‌یاند: دامه‌زراندنی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ به‌شداریكردنی به‌هێزی كورد و بونی پێگه‌یه‌كی دیار ده‌توانێ زۆرێك له‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، كه‌ ئێستا له‌ نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ند كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی نێوان هه‌ردولا كرا به‌تایبه‌ت ڕاستاندنی بڕوانامه‌ی ده‌رچوانی زانكۆكانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق، كه‌ نیشته‌جییی هه‌رێمی كوردستانن، له‌گه‌ڵ كێشه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان و، ڕاستاندنی بڕوانامه‌كان له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌كانی عێراق.

 

له‌ كۆتایشدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی ڕاسپارد به‌پێیی په‌یوه‌ندییان دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ كێشه‌كان ئاماده‌ بكه‌ن، ڕاشیگه‌یاند: دوای ئاماده‌كردنی ته‌واوی ئه‌و دۆسیانه‌ به‌وردی له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا سه‌ردانی به‌غداد ده‌كه‌ین و، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراقی كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ دانانی میكانزمی گونجاو چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌.


KISSR - Newsroom:  Jul 11 2018 07:36 AM / halkawt.zangana