د.یوسف گۆران: په‌یڕه‌وكردنی ئایزۆ كاره‌ ئیدارییه‌كانمان چالاكتر ده‌كات

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی زۆر له‌ گۆڕینی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و سیستمه‌ی ئێستا په‌یڕه‌و ده‌كرێ ناتوانێ له‌ ئاست خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان بێ.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 11-7-2018 له‌ میانه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی تیمی جێبه‌جێكردنی سیستمی ئایزۆ له‌ وه‌زاره‌ت هات.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چو، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌راتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبون، له‌سه‌ره‌تادا د.محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری، كه‌ له‌هه‌مان كاتدا ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی سیستمی ئایزۆی له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت پێسپێدراوه‌، باسی له‌ كار و هه‌نگاوه‌كانی سیستمه‌كه‌ كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگی ڕابردودا جێبه‌جێیان كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: سیستمی ئایزۆربه‌پێنچ هه‌نگاو جێبه‌جێ ده‌كرێ، وتیشی له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، كه‌  له‌ ڕێكه‌وتی (4-7-2017) ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام زۆر به‌خاوی ڕۆیشتبو‌، بۆیه به ماوه‌ی‌( 14) مانگ ته‌واو بوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و هه‌نگاوه‌ ته‌نها‌ (5%) كۆی پڕۆژه‌كه‌ پێكده‌هێنێ‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتری داو وتی: دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ڕێكه‌وتی (11-6-2018) ڕاسپێدراین بۆ ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌گه‌ڵ تیمی هاوكارانمان توانیمان هه‌نگاوی گرنگ به‌ره‌و پێش بنێین و له‌ماوه‌ی (14) ڕۆژدا توانیمان له‌ هه‌نگاوی دوه‌مدا توانیومانه‌ ڕێژه‌ی (25%) ته‌واو بكه‌ین، وتیشی ئه‌م هه‌نگاوه‌ (20%) كۆی پڕۆژه‌كه‌ پێكده‌هێنێ، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: له‌ ‌هه‌نگاوی سێیه‌مدا تا ئێستا ڕێژه‌ی‌ (10%) ته‌واو بوه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ زۆر قورسه‌ چونكه‌‌ (50%) كۆی پڕۆژه‌كه‌ پێكده‌هێنێ، د.محمد حسین ئاشكراشیكرد‌ هه‌نگاوی چواره‌م (15%) و، هه‌نگاوی پێنجه‌م (10%)ی كۆی پڕۆژه‌كه‌ پێكده‌هێنن، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌موان هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن تا ڕێكه‌وتی (21-4-2018) پرۆسه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی ته‌واو ده‌كه‌ین، وتیشی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه‌‌ خۆته‌رخانكردنی ده‌وێ و، ده‌بێ پلانی كاركردنیان هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ش داوای له‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد به‌وردی چاودێری به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه‌ بكات.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وته‌یه‌كی گرنگی پێشكه‌شكرد و ڕایگه‌یاند: به‌هۆی جێبه‌جێكردنی سیستمی ئایزۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، وتیشی له‌سه‌ره‌تادا هه‌مومان ماندوده‌بین، به‌ڵام به‌ستانداردی جیهانی كاره‌كانمان ڕێده‌خه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشتر خزمه‌ت بكه‌ین، ئه‌وه‌شی ڕونكردنه‌وه‌ كه‌ كاره‌كانمان ته‌واو كردوه‌ و، بڕوانامه‌ی ئایزۆمان به‌ده‌ست هێنا به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاره‌كانمان هه‌نده‌ ئاسان ده‌بێ خۆمان ناتوانین بگه‌رێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی ئێستا كاری پێ ده‌كه‌ین.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت زۆر بایه‌خ به‌جێبه‌جێكردنی سیستمی ‌ئایزۆ ده‌دن، وتیشی له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی سمنیارێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی كاروچالاكیه‌كانمان، خۆشحاڵی خۆیان پیشاند كه‌ ده‌ستمان به‌جێبه‌جێكردنی سیستمی ئایزۆ له‌ وه‌زاره‌ت كردوه‌، چونكه‌ ده‌زانن یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ڕێوه‌بردن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئایزۆ باشترین ڕێگه‌یه‌‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ جێبه‌جێكردنی سیستمی ئایزۆ نه‌ك ته‌نها له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مانه‌، به‌ڵكو له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌، چونكه‌ له‌ دواجاردا جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیستمه‌ به‌قازانی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ و، به‌هۆیه‌وه‌ باشتر خزمه‌ت به‌هاوڵاتیان ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باشتریش خزمه‌ت به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌ران له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات.

د.یوسف گۆران جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌‌ پێویسته‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو خۆمان له‌گه‌ڵ شێوازێكی دیكه‌ی كاركردن ڕابهێنین، بۆ ئه‌وه‌ش پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ پرۆسه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی دوپاتكرده‌وه‌.

له‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتیه‌كان و به‌رێوه‌به‌ره‌كان و به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ چه‌ندین ڕاو سه‌ره‌نج و پرسیار له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسه‌كه‌ و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئاراسته‌ی تیمی جێبه‌جێكردنی سیستمی ئایزۆ له‌ وه‌زاره‌ت كرا و، له‌لایه‌ت تیمه‌كه‌شه‌وه‌ به‌تیرۆته‌سەلی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان درایه‌وه‌، بڕیاریشدرا هه‌موو دو هه‌فته‌ جارێك درێژه‌ به‌و كۆبونه‌وانه‌ بدرێ، بۆ ئاگاداربون له‌ هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی سیستمه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و به‌ربه‌ستانه‌ی ڕوبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌.


KISSR - Newsroom:  Jul 11 2018 06:12 PM / halkawt.zangana