گه‌وره‌ترین پێشوازی له‌ پرۆگرامی كوردسكۆله‌رشیپ كراوه‌

 

پرۆگرامی كوردسكۆله‌رشیپ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیجیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ بایه‌خدان به‌زمان و ئه‌ده‌ب و كه‌لتوری كورد، له‌لایه‌ن سكۆله‌ره‌كانی دونیا گه‌وره‌ترین پێشوازیی لێكراوه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و، دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنی پڕۆگرامیكوردسكۆله‌رشیپ بۆ پێشكه‌شكاری نێوده‌وڵه‌تی به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی خوێندنی به‌كالۆریۆس له‌ بواری زمان و ئه‌ده‌ب و مێژو و كه‌لتوری كوردی (450) كه‌س داواكاریان گه‌یشته‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان.

پێشكه‌شكاران له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی (ئاسیا، ئه‌فریقیا، ئه‌مریكا، كه‌نه‌دا، ئه‌مریكای لاتین، ئه‌وروپا و وڵاتانی دراوسێ) داواكارییان پێشكه‌شكرد، به‌گه‌یشتنی داواكارییه‌كان، ئێستا تیمه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان سه‌رقاڵی پرۆسیسكردنی داواكارییه‌كانن و، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌نجامی به‌رایی به‌خشینی یه‌كه‌مین كوردسكۆله‌رشیپ بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019)‌ ڕاده‌گه‌یەنین.

بونی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی پێشكه‌شكاران ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و ناو و ناوبانگی زانكۆكان و كه‌رتی خوێندنی باڵای كوردستانه‌ له‌سه‌ر ئاستی دونیا، له‌هه‌مانكاتدا گرنگیپێدانی سكۆله‌ره‌كانی دونیایه‌ به‌زمان و كه‌لتور و مێژو جوگرافیا و فه‌رهه‌نگی كوردی، هه‌روه‌ك ڕێچكه‌یه‌كیشه‌ بۆ به‌شداریپیكردنی هزر و تێڕوانینی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌ب و مێژو و كه‌لتوری كوردستان.

وه‌زاره‌ته‌كه‌مان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌م پرۆگرامه‌ له‌ ساڵانی داهاتو به‌رده‌وام ده‌بێ و، ئاسته‌كانی دیكه‌ی خوێندنی باڵا/ ماسته‌ر و دكتۆراش ده‌كرێته‌وه‌.

 

پرۆگرامی كوردسكۆله‌رشیپ بریتییە لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، پێشکەشکارانی نێودەوڵەتی دەتوانن لەو بوارانەدا لە زانکۆکانی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا و شارەزایانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن، کۆی تێچوی ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دابین دەکرێت.  

 

 

 


KISSR - Newsroom:  Aug 07 2018 03:41 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ