توێژەرێكی دەستەی كوردستانی هەڵەیەكی زانستی لە كتێبێكی بواری پزیشكیدا راستكردەوە و بڕوانامەیەكی پێبەخشرا

 

دكتۆر حسێن عەلی محەمەد توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، هەڵەیەكی زانستی لە كتێبی

 (Lippincott illustrated reviews pharmacology 6th edition-2015)

راستكردەوە، پاش پەسەندكردنی هەڵەکە لەلایەن نووسەرانی ئەو بەشەی کتێبەکەوە،  وەكو پۆستەرێك پێشكەش بە بیستەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی

  (Medicinal chemistry and rational drug design conference in canada Vancouver) 

كرا كە لە رۆژانی 25 و 26-7-2018، لە كەنەدا بەڕێوەچوو. هەر لەو كۆنفرانسەدا سیمینارێكی لەوبارەیەوە پێشكەشكرد. دوای تەواوبوونی كارەكانی كۆنفرانسەكەو پەسەندكردنی سیمینارەكەش، بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرایە   دكتۆر حسێن عەلی محەمەد.

 

وردەكاریی دۆزینەوەی هەڵە زانستییەكە

دكتۆر حسێن عەلی محەمەد توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لە دیدارێكدا لەگەڵ سایتی دەستەی كوردستانی (www.kissr.edu.krd)، وردەكاریی دۆزینەوەی هەڵە زانستییەكەی روونكردەوەو لەوبارەیەوە رایگەیاند: دەرمانی تامۆكسفین (Tamoxifen)، کە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك بەكاردێت، لەو بەشەی کتێبەکەدا کە باسی میكانیزمی كاركردنی دەرمانەکە دەکات، هەڵەیەكی زانستی تێدایە، دوای بەدواداچوونی زانستییانەو بیروڕاگۆڕینەوەش لەگەڵ چەند پسپۆڕێكدا لە دەرەوەی وڵات، گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە هەڵە لەو بڕگەیەدا هەیە، بۆیە لە مانگی 1-2018، وەك ئەركێكی زانستی، ئەو دوو دكتۆرەی كە ئەو بەشەی كتێبەكەیان نووسیوە، لەو هەڵەیە ئاگادار كردەوە، ئەوانیش  لەڕێگەی ئیمەیلەوە سوپاسیان كردم و دانیان بە هەڵەكەدا نا. دواتر پەیوەندییم بەو كۆمپانیایەوە كرد كە ئەركی چاپكردنی كتێبەكەی لە ئەستۆ گرتبوو. ئەوانیش بە هەمانشێوە دوای سوپاسكردن، ئاماژەیان بەوەدا "یان كتێبەكە دووبارە چاپ دەكەنەوە، یان لە چاپی حەوتەم كە لە 29-9-2018، دەردەچێت، ئەو هەڵەیە راست دەكەنەوە".

دكتۆر حسێن عەلی وتیشی: وەك چالاكییەكی زانستی، ساڵانە كۆنفرانسێكی تایبەت بە ناونیشانی

  (Medicinal chemistry and rational drug design conference) 

رێكدەخرێت. كە تایبەتە بە پێشکەشکردنی نوێترین توێژینەوەی تایبەت بە پێكهاتە كیمیاییەكانی دەرمان لەگەڵ شێوازی دروستكردنی دەرمان و کاریگەرییەکانی. ئەو كۆنفرانسە هەر ساڵێك لە وڵاتێك رێكدەخرێت و ئەمساڵ 2018 لە كەنەدا لە شاری ڤانكوڤەر لە ڕۆژانی 25 و 26-7-2018، رێكخرا. هەرچەندە وەك توێژەرێك بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخسا لە نزیكەوە بەشداریی لە كۆنفرانسەكەدا بكەم، بەڵام لەسەر پێشنیازی رێكخەرانی كۆنفرانسەكە، بابەتەكەم بەشێوەی تۆماركراو ئامادەكرد و بۆم ناردن، دواتر بەوشێوەیە كارەكەم پەسەندكراو سیمینارەكەم لە كۆنفرانسەكەدا بەناونیشانی (راستكردنەوەی هەڵەیەكی زانستی لە كتێبی 

 Lippincott illustrated reviews pharmacology 6th edition-2015)

پێشكەشكرا.

 

ناوەڕۆكی سیمینارەكە

دكتۆر حسێن باسی لە وردەكاریی ناوەڕۆكی سیمینارەكە كردو وتی: لە ناوەڕۆكی سیمینارەكەدا پوختەیەك لەسەر دەرمانەكە خراوەتەڕوو لەڕووی پێكهاتە كیمیاییەكەیەوە، چۆنێتی كاركردنی دەرمانەكە، بەكارهێنانی لەڕووی كلینیكییەوە، دەستنیشانكردنی هەڵەكە لەناو كتێبەكەدا، پێشنیازی راستكردنەوەی ئەو بڕگەیەی كە هەڵەكەی تێدایە، راسپاردەی زانستیش بۆ ئەو مەبەستە خراوەتەڕوو.، وتیشی: لەبەرامبەر راستكردنەوەی هەڵەكەو پێشكەشكردنی سیمینار لە كۆنفرانسەكەدا، رێكخەرانی كۆنفرانسەكە سوپاسنامەیەكی تایبەتیان ئاڕاستەكردم و بڕوانامەیەكیان پێبەخشیم.

 

دكتۆر حسێن عەلی محەمەد ساڵی 1977 لە دایكبووە.

*هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەبواری دەرمانزانی شێرپەنجە لە زانكۆی برادفۆرد لە بەریتانیا ساڵی 2012

*توێژەر لەدەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی.

 


KISSR - Newsroom:  Sep 10 2018 08:31 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ