كتێبی به‌رهه‌می كار تایبه‌ت به ‌كارو پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوكرایە‌وه‌

 

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: دوای ئەوەی لە مانگی (٦-٢٠١٤) ئەرکی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان پێسپێردرا، لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنێکی زانستییانەی ورد بۆ دۆخی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، توانیمان ديدگا و تێڕوانین و بۆچوونەکانمان دەربارەی هێڵە سەرەکییەکانی ڕیفۆرم و گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بخەینەڕوو، بۆیه‌ لەگەڵ ئەوەی بە چوار ساڵی پڕ قەیرانی ئابووری و سیاسی دا تێپەڕین، بەڵام توانیمان هەموو ڕوبەڕوبونەوەکان بکەینە وێستگەیەک بۆ بەردەوام بونی کاروانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا.

 

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 26-9-2018 له‌میانه‌ی مه‌راسیمی ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی (به‌رهه‌می كار) هات، كه‌ تایبه‌ت به‌كاروچالاكی و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ ماوه‌ی چوارساڵی كاركردنیدا.

 

له‌و مه‌راسیمه‌دا، كه‌ له‌ ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی به‌ڕێوه‌چوو، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكان و، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و، ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و توێژه‌ران و خوێندكاران و زانستخوازان و ژمارەیەك لە میوانی ئەوروپی لە زانكۆكانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا، چیك، بەڕێوەچوو ئاماده‌یبون، له‌سه‌ره‌تادا د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی به‌ناوی ده‌سته‌كه‌یانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی د.یوسف گۆران و سه‌رۆكی زانكۆكان و ئاماده‌بوانی كرد، هه‌روه‌ك خۆشحاڵی خۆشی پیشاندا كه‌ له‌ ده‌سته‌كه‌یان ئه‌و مه‌راسیمه‌ بۆ ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كـتێبی به‌رهه‌می كار به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

پاشان د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وته‌یه‌كی پێشكه‌شه‌كرد و ڕایگه‌یاند: كتێبی (به‌رهه‌می كار) گوزارشته‌ له‌ كارو پڕۆژه‌ و چالاكیه‌كانمان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ماوه‌ی (چوار ساڵ) و( دوو مانگ) و(دوو ڕۆژ)، وتیشی كتێبه‌كه‌ له‌ (10) ته‌وه‌ر و پێشەكیه‌ك پێكهاتوه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ خۆده‌گرێ (دۆخى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، هه‌نگاوه‌كانی ڕیفۆرم له‌ سیسته‌مه‌كانی وه‌رگرتنی خوێندكاران ، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى دەزگا و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، کاراکردنى بوارى کارگێڕى و دارایى له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا، به‌ستنه‌وه‌ی زانكۆ به‌پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، بایەخ و گرنگیدان بەزمانى کوردى، ئاوێته‌بون له‌گه‌ڵ سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستیەکان، بوژانه‌وه‌ی بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ تێڕوانینیه‌ك بۆ ئایندەى خوێندنى باڵا).

 

هه‌ر له‌ میانه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌داتا و ئامار باسی له‌ ورده‌كاری پڕۆژه‌كان كرد و، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئەگەر قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی نەبوایە دەمانتوانی هەنگاوی گەورەتر بنێین و  پڕۆژەی مەزنتریش جێبەجێ بکەین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیمان کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، دیارترینیان بریتین لە پرۆژەکانی ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانکۆکانی کوردستان و جێبەجێکردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و جێبەجێکردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ و پەیڕەوکردنی سیستمی بۆڵۆنیا و دابەزاندنی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دارایی بۆ زانکۆکان و پەیڕەوکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی لەبەڕێوەبردنی کارەکانی وەزارەت و بەهێزکردنی پێگەی زمانی ئینگلیزی لە سەرجەم ئاستەکانی خوێندن و لەنێو ئەکادیمیانی کوردستان و بایه‌خدان به‌زمانی كوردی له‌سه‌ر ئاستی جیهان و بوژانه‌وه‌ی به‌شه‌كانی زمانی كوردی له‌ زانكۆی به‌غداد).

 

وتیشی هەموو ئەو پڕۆژانە هەنگاوی ستراتیجی و نیشتیمانین، بەها و پرانسیپ و پێوەر و کەلتوری نوێی هێنایە ناو سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بۆیه‌ دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دەچنە خزمەتی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و دەرکەوتن و درەوشانەوەی زانکۆکانی کوردستان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای ناوچەیی و جیهانی.

 

له‌ به‌شی دیكه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا، د.ئامانج سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ئامێری داتا شۆ به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ كاروپڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كرد وڕایگه‌یاند: (به‌رهه‌می كار) سه‌رجه‌م ئه‌و كاروپڕۆژانه‌ی له‌ خۆگرتوه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردودا ئه‌نجامدراون و ده‌سكه‌وتی گه‌وه‌ریان بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌دیهێناوه‌.

 

له‌ به‌شی كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کتێبی (به‌رهه‌می كار)ی پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بوانی مه‌راسیمه‌كه‌ كرد.

 

 


KISSR - Newsroom:  Sep 26 2018 05:35 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ