گرنگترین تەوەرەکانی کۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس
راپۆرتی: راگەیاندنی دەستەی کوردستانی
رۆژی ٢٧-٩-٢٠١٨، کۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تێیدا چەندین تەوەری گرنگ تاوتوێ‌کران.
کۆنفرانسەکە بەچاودێری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی و به ئاماده‌بوونی سه‌رۆک و نوێنه‌ری زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و بە میوانداری نوێنەری ٤ زانکۆی ئەوروپی لە (ئه‌ڵمانیا و چیک و هۆڵه‌ندا)، له هۆڵى سەنتەرى رۆشنبیریى زانکۆی سەڵاحەدین، به‌ڕێوه‌چوو.
لە کۆنفرانسەکەدا چەند وتارێک پێشکەشکران و گرنگیی پڕۆژەکە روونکرایەوە.
ناوەڕۆکی کۆنفرانسه‌کە
م.بڕیار حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ئه‌کادیمی له ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌وه‌کاله‌ت، له لێدوانێکدا بۆ سایتی ده‌سته‌ی کوردستانی، گرنگترین ته‌وه‌ره‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ی روونکرده‌وه و له‌وباره‌یه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له ته‌وه‌رێکی کۆنفرانسه‌که‌دا کار‌و چالاکییه‌کانی پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا ناسێنران و گفتوگۆشکرا له‌باره‌ی دیاریکردنی کاره‌کانی دوو ساڵی داهاتووی پڕۆژه‌که"، وتیشی: هه‌ر له کۆنفرانسه‌که‌دا تیشکخرایه سه‌ر جێبه‌جێکردنی پڕۆسه‌ی بۆڵۆنیا له زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان، واته گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن له زانکۆکانی هه‌رێم بۆ بۆڵۆنیا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌نگاوه‌کانی ئه‌و زانکۆیانه تاوتوێ‌کران که ده‌ستیانکردووه به جێبه‌جێکردنی پڕۆسه‌ی بۆڵۆنیا.
پێدانی بڕوانامه به‌شێوه‌ی هاوبه‌ش
م.بڕیار حه‌سه‌ن ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆنفرانسه‌که‌ی روونکرده‌وه که بریتی بووه له "پێدانی بڕوانامه به‌شێوه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان دوو زانکۆ‌دا، واته خوێندکار بتوانێت به‌شێکی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دکتۆرا) له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بخوێنێت و به‌شه‌که‌ی دیکه‌شی له ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زانکۆی جۆرج ئۆگه‌ست له گوتنگن-ی ئه‌ڵمانیا، خوێندکاری هاوبه‌شی وه‌رگرتووه له‌گه‌ڵ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان". راشیگه‌یاند: ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆنفرانسه‌که گفتوگۆکردن بوو له‌سه‌ر وه‌رگرتنی گراند و فه‌ندی جیهانی بۆ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان و ئاشناکردنی زانکۆکان به وه‌رگرتنی فه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی چیتر زانکۆکانی هه‌رێم ته‌نها پشت به بودجه‌ی حکومه‌ت نه‌به‌ستن.
پشتیوانیی بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی تایگرس دووپاتکرایه‌وه
له کۆنفرانسه‌که‌دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتان و ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ک رێکخه‌ری ناوخۆیی پڕۆژه‌که، پشتیوانیی خۆیان بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی تایگرس دووپاتکرده‌وه.
شایانی باسە رۆژی 24-9-2018، له هۆڵی کۆنفرانسه‌کانی سه‌رۆکایه‌تیی زانکۆی سلێمانی، یه‌که‌مین ۆرکشۆپی پڕۆژه‌ی تایگرس بەڕێوەچوو کە ماوەی سێ رۆژی خایاند.
پڕۆژه‌ی تایگرس لەلایەن یەکێتیى ئەوروپاوە بڕی ملیۆنێک یۆرۆى بۆ تەرخانکراوە و لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکەش په‌ره‌پێدانی ئاستی زانکۆکان و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستانە.
KISSR - Newsroom: Oct 09 2018 02:37 PM / Hallkawt Zangana