ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاسته‌نگ و بژارده‌كان

 

به‌چاودێری و ئاماده‌بوونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، (سەنته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی) و (كۆلێژی زانسته‌ ڕامیارییه‌كانی زانكۆی سلێمانی)، رۆژی 25-10-2018 له‌ هه‌ولێر، دیدارێكیان به‌ناونیشانی (ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  ئاسته‌نگ و بژارده‌كان) به‌ڕێوه‌برد.

له‌و دیداره‌دا، كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌كادیمست و توێژه‌ر و، كه‌سایه‌تی سیاسی وحكومی ئه‌ماده‌یبون، له‌سه‌ره‌تادا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سوپاسی سەنته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌ی كرد، كه‌ له‌م كاته‌ گرنگه‌دا توانیویه‌تی ئه‌كادیمیستان و پسپۆڕان كۆبكه‌نه‌وه‌ تا له‌ بواری بڕیاره‌ سیاسیه‌كان بتوانن ڕۆڵی باشتر ببینن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان به‌ده‌ر له‌ بیروبۆچونه‌ حزبیه‌كان، وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، گرنگه‌ لێره‌دا چوارچێوه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانمان دابنێین و، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ حكومه‌تی هاوچه‌رخ‌ له‌ دنیا چۆنه‌ و دیدیان چۆنە؟.

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش، ڕایگه‌یاند: بونی حكومه‌ت له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێك و له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌رك و كاره‌كانیان جیاوازه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌‌ ناگه‌یەنێ كه‌ نیشانه‌ی هاوبه‌ش‌ بۆ حكومه‌تی باش نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ته‌كان ‌ خه‌سڵه‌تی تایبه‌تیان‌ به‌پێی جوگرافیا و نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ، كه‌ ئه‌م سێ خاڵه‌ گرنگترینیانه‌:

حكومه‌تێكی چالاك: حكومه‌تی چالاك واتا چالاك چ وه‌ك دامه‌زراوه‌ چ وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان چ وه‌ك بونیادی ده‌ستوری و یاسایی.

حكومه‌تی كراوه‌: ده‌بێ حكومه‌ت، حكومه‌تێكی كراوه بێ‌ به‌سه‌ر بیروچۆنی تازه‌ و ئه‌و گوڕانكاریانه‌ی له‌ دنیا ڕوده‌ده‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ حكومه‌ت له‌ هه‌مو سێكته‌ره‌كان كراوه‌ بێت، چونكه‌ ناكرێ له‌سه‌رده‌می كڵۆباڵدا كراوه‌ نه‌بێ.

خه‌ڵك باوه‌ڕی پێبێ: حكومه‌تده‌بێ جێگه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵك بێت و، خه‌ڵك متمانه‌ی پێبێ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ت چالاك و كراوه‌ بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جێی باوه‌ری خه‌ڵك نه‌بێ، ناتوانێ سه‌ركه‌وتوو بێ.

د. یوسف گۆران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد و وتی: له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌ر حكومه‌تێك تایبه‌تمه‌نی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێستا بپرسین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چ جۆرێكه‌؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش وتی: هه‌رێمی كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی قه‌وارەی كوردی ده‌كات و ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورده‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه، ئایا ئێستا‌ ته‌واو بوه‌ یان ته‌واو نه‌بوه‌، یاخود له‌ قۆناغێكی نوێداین، بۆ ئه‌وه‌ش وتی:‌ ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، كه‌ ده‌سه‌ڵات و سنور و شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌قامگیر نه‌بوه‌،‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی ماوه‌ و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو ماوه‌ و هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ هێشتا سنوری حكومه‌ته‌كه‌مان دیارینه‌كراوه‌،‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانمان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌،‌ چونكه‌ هه‌ندێ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ له‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراق باسكراوه‌، به‌ڵام هێشتا یه‌كلاینه‌كراوه‌ته‌وه، كاتێك كه‌ یه‌كلایكرایه‌وه‌، ئه‌وكات‌ ده‌توانرێ باشتر كاروباره‌كانی ڕایی بكرێ، بۆ نمونه‌ له‌ بواری دارایی و پێشمه‌رگه‌ و ‌په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان یه‌كلاینه‌كراوه‌ته‌وه‌‌ و جێگیر نیه‌‌ و،‌ تا ئێستاش سنور و ده‌سه‌ڵات له‌ حكومه‌ت سه‌قامگیر نه‌بێ‌، بۆیه‌ جیاوازه‌ له‌ حكومه‌تێكی سه‌قامگیر.

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا،  باسی له‌ ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و بۆ ئه‌وه‌ش وتی: كاتێك باس له‌ ئاینده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین ده‌بێ باس له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بكه‌ین، وه‌ك بابه‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، یان ستراكچه‌ری حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ بپرسین ئایه‌ حكومه‌ت توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی هه‌یه؟‌ و، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌بردنه‌ ئه‌گونجی؟، ئایا حزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تی كێ له‌ به‌ڕێوه‌بردن ده‌كه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌، د.یوسف گۆران ئه‌م خاڵانه‌ی خسته‌ڕ و وتی:

حكومه‌تی ئاینده‌ ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ گه‌وره‌كان، وه‌ك لایه‌نی خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیان و كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێ حكومه‌تی داهاتو نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو ئه‌و بابه‌ته‌ بكات و، به‌رنامه‌ڕێژیان بۆ بكات، وتیشی هه‌ر هێز و لایه‌نێك ببێته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ حكومه‌ت ده‌بێ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ له‌و دوو كایه‌دا كارا بێ و كار بكات.

ده‌بێ حكومه‌تی داهاتو لایه‌نی ئابوری له‌ تاك ئابوریه‌وه‌ به‌رەو فره‌ ئابوری به‌رێ، چونكه‌ تاك سه‌رچاوه‌ی ئابوری هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌كه‌مان.

ده‌ستنیشانكردنی فۆرمی به‌ڕێوه‌بردنی تازه‌، ئه‌م جۆره‌ واقیعه‌ی كه‌ هه‌مانە كه‌ هێشتا له‌ قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدایه‌ هێشتا فۆرمه‌ كارگیڕیه‌كه‌ی ته‌واو نه‌بوه،‌ بۆیه‌ ده‌بێ قسه‌ له‌سه‌ر ستراكچه‌ر و جۆری حكومه‌ته‌كه‌ بكه‌ین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێله‌كه‌دا، فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی پەرله‌مانی كوردستان باسی له‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان كرد و به‌چه‌ند خاڵێك بابه‌ته‌كانی خسته‌ڕوو.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێله‌كه‌دا، د.ئومێد ڕه‌فیق سه‌رۆكی سەنته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی، به‌هه‌مان شێوه‌ باسی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.

هەروەها د.عبدالحكیم خه‌سرۆ مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان باسی له‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ كۆتایی پانێله‌كه‌شدا، چه‌ندین پرسیار له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ ئاراسته‌ی پانێڵسته‌كان كراو ئه‌وانیش وه‌ڵامی پرسیار و سه‌رنج و بۆچوونه‌كانیان دایه‌وه‌.  

 


KISSR - Newsroom:  Oct 31 2018 08:12 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ