سیمینارى (مۆدێلێکى خۆڕسک بۆ کشتوکاڵى سروشتى و بچووک بۆ شاره‌کان) له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى به‌ڕێوه‌چوو

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ 17-12-2018، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى سیمینارێک به‌ناونیشانى (‌مۆدێلێکى خۆڕسک بۆ کشتوکاڵى سروشتى و بچووک بۆ شاره‌کان) بۆ پڕۆفیسۆر بێستون نوری، به‌ڕێوه‌چوو.

Sustainable model of micro-eco-farming for Urban areas

 

ده‌سته‌ی کوردستانی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک سیمینار رێکده‌خات

له‌ سه‌ره‌تای سیمیناره‌که‌دا که‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان و به‌رزڕگرتنی رۆژی ئاڵای کوردستان ده‌ستیپێکرد، پڕۆفیسۆر پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی کرد و راشیگه‌یاند: ده‌سته‌ی کوردستانی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک سیمینار له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا رێکده‌خات.

 

خۆراکی پرۆتینی له‌جیهاندا روو له‌ که‌مبوونه‌

پاشان پڕۆفیسۆر بێستون نوری چه‌ند رێگه‌یه‌کی زانستی روونکرده‌وه‌ بۆ کشتوکاڵى سروشتى و بچووک له‌ شاره‌کانداو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند نموونه‌یه‌کی خسته‌ڕوو. باسی له‌وه‌شکرد که‌ دانیشتووانی شاره‌کان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن پێداویستی رۆژانه‌ی خۆیان له‌بواری سه‌وزه‌ و به‌هاراتدا ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. هه‌روه‌ک گرنگییه‌کانی ئه‌م هه‌نگاوه‌شی روونکرده‌وه‌و یه‌کێک له‌ گرنگییه‌کانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ بواری ته‌ندروستی و وتی: ئه‌م رێگه‌یه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستیشه‌وه‌ کاریگه‌رییه‌کی زۆرباشی هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌و که‌سه‌ی کاره‌که‌ ده‌کات، خۆی رۆژانه‌ راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌کات و به‌ پاکوخاوێنی رایده‌گرێت و ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری ده‌بێت له‌ رێگرتن له‌و نه‌خۆشییانه‌ی که‌ به‌وهۆیه‌وه‌ بڵاوده‌بنه‌وه‌. وتیشی: خۆراکی پرۆتینی له‌جیهاندا روو له‌ که‌مبوونه‌و له‌ ساڵانی داهاتووشدا ئه‌م کێشه‌یه‌ زیاتر ده‌رده‌که‌وێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ شاره‌کان خۆیان به‌شێک له‌ خۆراکی پرۆتینی به‌رهه‌م بهێنن، ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ش یارمه‌تی ئه‌وه‌ده‌دات به‌شێک له‌ خۆراکی پرۆتینی، مرۆڤ خۆی له‌شاره‌کاندا به‌رهه‌می بهێنێت.

 هه‌ر له‌ سیمیناره‌که‌دا له‌نێوان پێشکه‌شکارى سیمیناره‌که‌و ئاماده‌بوواندا، به‌وردى گفتوگۆ له‌باره‌ى بابه‌تى سیمیناره‌که‌وه‌ کراو وه‌ڵامى پێویستى پرسیارى ئاماده‌بووانیش درایه‌وه‌.

 

بۆچوونى ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌

له‌باره‌ى سیمیناره‌که‌وه‌، د.عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د که‌ یه‌کێک بوو له‌به‌شداربووانى سیمیناره‌که‌ به‌ سایتى ده‌سته‌ى کوردستانى راگه‌یاند: ئامانج و بابه‌تی سیمیناره‌که‌ زۆر روون بوو، بابه‌تێکی زۆر به‌سوود بوو.

هه‌ڵکه‌وت عه‌لی ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی که‌ یه‌کێکى دیکه‌ بوو له‌ ئاماده‌بووان، پێیڕاگه‌یاندین: سیمینارێکى گرنگ بوو، بابه‌تێکی زۆر به‌سوود بوو.

 


KISSR - Newsroom:  Dec 23 2018 09:42 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ