کاریگه‌رییه‌کانى فڕۆکه‌ و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان له‌سه‌ر ژینگه‌

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ 24-12-2018، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، سیمینارێک به‌ناونیشانى (کاریگه‌رییه‌کانى فڕۆکه‌ و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان له‌سه‌ر ژینگه‌) بۆ د.عه‌لى محه‌مه‌د ساڵح پسپۆڕ له‌ بوارى ژینگه‌، به‌ڕێوه‌چوو.

 

ده‌سته‌ى کوردستانى به‌رده‌وام له‌  خزمه‌ت زانست و زانستخوازاندایه‌

له‌ سه‌ره‌تاى سیمیناره‌که‌دا پ.د.خالید مه‌حمود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى، به‌خێرهاتنى ئاماده‌بووانى کرد و رایگه‌یاند: ئه‌م سیمیناره‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌ سیمینارانه‌دایه‌ که‌ هه‌فتانه‌ ده‌سته‌ی کوردستانی هه‌رجاره‌و له‌سه‌ر بوارێک رێکیده‌خات، وتیشی: ده‌سته‌ى کوردستانى له‌ رێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و پڕۆژه‌ زانستییه‌کان له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشکه‌شکردنی خزمه‌تی زیاتر به‌ زانست و زانستخوازان.

 

ژینگه‌ی جیهان به‌گشتی رووی له‌ گه‌رمبوونی زیاتره‌

پاشان د.عه‌لى محه‌مه‌د ساڵح له‌ رێگه‌ی توێژینه‌وه‌ و چه‌ندین داتای زانستییه‌وه‌، به‌ وردی  کاریگه‌رییه‌کانى فڕۆکه‌ و فڕۆکەخانە و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی له‌سه‌ر ژینگه‌ روونکرده‌وه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: ژینگه‌ی جیهان به‌گشتی رووی له‌ گه‌رمبوونی زیاتره‌ و هۆکارێکیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کاریگه‌رییه‌کانى فڕۆکه‌ و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان، هەروەها چەند هۆکارێک کە مرۆڤ لێی بەرپرسیارە، لە وانەش زیادبوونی کارگەکان و زیادبوونی کەرەستەکانی هاتوچۆ بە فڕۆکەکانیشەوە، وتیشی: زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لە سەر گۆی زەوی و چەندین هۆکاری تر دەبنە مایەی زیادبوونی قەبارەی گازەکانی پێکهاتەی بەرگەهەوای دەوری زەوی  کە ئەمەش هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕینی مەناخ. ئه‌م هۆکارانە له‌ ساڵانی داهاتوودا کاریگه‌رییان زیاتر ده‌بێت. ئاماژەی بەوەشدا "پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ ئاستی جیهاندا سه‌ره‌ڕای گه‌شه‌پێدانی زیاتری بواری فڕۆکه‌وانی، به‌ رێگه‌ی زانستیش کار بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ داهێنانی تەکنەلۆجیای سەوز و کاریگەریی کەم لەسەر ژینگە و رێکخستنی گەشتەکان لەپێناوی که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانى فڕۆکه‌ و گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان له‌سه‌ر ژینگه‌ بکه‌ن".

 

هه‌ر له‌ سیمیناره‌که‌دا له‌نێوان پێشکه‌شکارى سیمیناره‌که‌ و ئاماده‌بوواندا، به‌وردى گفتوگۆ له‌باره‌ى بابه‌تى سیمیناره‌که‌ کراو وه‌ڵامى پێویستى پرسیارى ئاماده‌بووانیش درایه‌وه‌.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی: تائێستا توێژه‌ران وه‌ک پێویست ئاوڕیان له‌ فڕۆکه‌خانه‌کان نه‌داوه‌ته‌وه‌

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵڵا قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی که‌ یه‌کێک بوو له‌ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌که‌، چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌کی له‌سه‌ر بابه‌تی سیمیناره‌که‌ خسته‌ڕوو. هیواشیخواست په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان دام و ده‌زگا و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی بدرێت و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وتی: به‌داخه‌وه‌ تائێستا توێژه‌ران وه‌ک پێویست ئاوڕیان له‌ فڕۆکه‌خانه‌کان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و تائێستا که‌مترین توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌کان کراوه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئامادەیی هه‌موو هاوکاری و کارئاسانییه‌کی بۆ توێژه‌ران و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کان خسته‌ڕوو.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی سلێمانی: پرسی ژینگه‌ و پاراستنی ژینگه‌ بابه‌تێکی گرنگه‌

له‌باره‌ى سیمیناره‌که‌وه‌، دیار غه‌ریب له‌تیف به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی سلێمانی که‌ یه‌کێک بوو له‌به‌شداربووانى سیمیناره‌که‌ به‌ سایتى ده‌سته‌ى کوردستانى راگه‌یاند: هه‌ر بابه‌تێکی ژینگه‌یی پێویستی به‌ پرۆسه‌ جۆراو جۆره‌کانی هۆشیاریی هه‌یه‌، چونکه‌ پرسی ژینگه‌ و پاراستنی ژینگه‌ بابه‌تێکی گرنگه‌، بۆیه‌ ده‌ستخۆشی له‌ ده‌سته‌ی کوردستانی ده‌که‌م که‌ گرنگیی به‌ بواری ژینگه‌ ده‌دات و کار له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه‌ ده‌کات.

 

شرام هۆشیار که‌ریم مامۆستای یاریده‌ده‌ر له‌ زانکۆی پۆلیته‌کنیکی سلێمانی که‌ یه‌کێکى دیکه‌ بوو له‌ ئاماده‌بووان، پێیڕاگه‌یاندین: سوپاسی ده‌سته‌ی کوردستانی ده‌که‌م بۆ رێکخستنی ئه‌و زنجیره‌ سیمینارانه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا، بابه‌تی سیمیناره‌کانیش تاڕاده‌یه‌کی زۆرباش وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێداویستییانه‌ن که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ پێویستێتی.

 

 

 


 

 

 


KISSR - Newsroom:  Dec 27 2018 07:23 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ