وۆرکشۆپێک له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی تایگرس به‌ڕێوه‌چوو

 

رۆژی 4-2-2019، له‌ سه‌رۆکایه‌تیى زانکۆی چه‌رموو له‌ چه‌مچه‌ماڵ بەسەرپەرشتی پڕۆفیسۆر د.سەڵاح رەزا سەرۆکی زانکۆی چەرموو، وۆرکشۆپێک له‌سەر پڕۆژه‌ی تایگرس به‌ڕێوه‌چوو.

وۆرکشۆپه‌که‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستیی هه‌رێم و پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و سه‌رۆک و نوێنه‌رانی زانکۆ و ده‌سته‌ به‌شداربووه‌کانی پڕۆژه‌که‌ و وه‌فدی زانکۆی گوتنگنی ئه‌ڵمانی به‌ڕێوه‌چوو.

وۆرکشۆپه‌که‌ ماوه‌ی سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت و رۆژانی دووه‌م و سێیه‌م له‌ سلێمانی ده‌بێت.

پڕۆژه‌ى تایگرس

شایانی باسه‌، زانکۆى (گوتنگن) له‌ ئه‌ڵمانیا که‌ زانکۆیه‌کى به‌ناوبانگی جیهانییه‌، له‌گه‌ڵ زانکۆکانى (خرۆنینگن له‌ هۆڵه‌ندا، لیوڤن له‌ به‌لجیکا، مه‌ساریک له‌ چیک، په‌یمانگه‌ى گلۆبه‌ڵ ئیمپاکت له‌ چیک)، پڕۆژه‌یه‌کى ئه‌وروپى هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى هه‌رێم و (9) دام و ده‌زگاى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵادا، به‌ناونیشانى پڕۆژه‌ى تایگرس له‌مانگى 11ى 2017-ه‌وه‌ خسته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

مه‌به‌ستى سه‌ره‌کیى پڕۆژه‌که‌ که‌ به‌بڕى زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن یۆرۆ له‌لایه‌ن یه‌کێتیى ئه‌وروپاوه‌ فه‌ند ده‌کرێت و ماوه‌ى (3) ساڵ ده‌خایه‌نێت، به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستانه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تائێستا چه‌ندین ۆرکشۆپ و سیمینار و سیمپۆزیۆم رێکخراوه‌ و رێکده‌خرێت.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێى ده‌وترێت پڕۆژه‌ى کلیل که‌ له‌ میانه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ زانکۆکانى ئه‌وروپادا ده‌توانن پڕۆژه‌ى دیکه‌ له‌ یه‌کێتیى ئه‌وروپا پێشکه‌ش بکه‌ن. ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى رێکخه‌رى ناوخۆیى پڕۆژه‌که‌یه‌.

له‌ پڕۆژه‌ى تایگرس-دا، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى و ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى و زانکۆکانى (سه‌ڵاحه‌دین-هه‌ولێر، سلێمانی، چه‌رموو، راپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌، زانکۆکانى پۆلیته‌کنیک له‌ هه‌ولێر و سلێمانى  و دهۆک) به‌شدارن.

زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی وۆرکشۆپه‌که‌وه‌ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌.

 

 


KISSR - Newsroom:  Feb 05 2019 09:17 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ