هەفتەى داهاتوو بڕیار له‌باره‌ی شێواز و پلانى وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى نوێى خوێندن دەدرێت

لەکۆبوونەوەیەکدا بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، شێواز و پلانەکانى وەرگرتنى خوێندکاران/قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکرا.

رۆژی سێشەممە ٥-٢-٢٠١٩، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى ڕاوێژکار و بەرێوەبەرانى گشتیى وەزارەت، لە کۆبوونەوەیەکدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بەوەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) گفتوگۆى لەبارەوە کرا، هەروەک چەند بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕو و بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسێکى لەبارەى سیاسەت و بەرنامەى وەزارەت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى پێشکەشکردو دووپاتیکردەوە: ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دانانى میکانیزم و پلانى وەرگرتنە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستى زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا هەفتەى داهاتوو لەکۆبوونەوەیەکى لیژنەى باڵاى وەرگرتن شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە پلانى وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە بدرێت.


KISSR - Newsroom:  Feb 06 2019 07:36 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ