قۆناغى دووەمى بە ئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستیپێکرد

 

دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى دەستپێکرد، لەقۆناغى یەکەمدا ئەو پرۆسەیە لە دیوانى وەزارەت و فەرمانگەکان و چەند زانکۆیەک جێبەجێکرا، لە قۆناغى دووەمیشدا لەچەند زانکۆیەکى تر پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردن دەستىیپێکردووە.

رۆژی ٢-٤-٢٠١٩، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەره‌ى بەشێک لە فەرمانگەکان، کۆبوونەوەى ڕۆژانەى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گفتوگۆى لەبارەوە کراو دووپاتکرایەوە دواى ئەوەى وەزارەت پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى لە دیوانى وەزارەت و فەرمانگەکان و چەند زانکۆیەک جێبەجێکرد، لە ئێستاشدا وەزارەت پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى لە زانکۆکانى (هەولێرى پزیشکى و چەرموو و راپەڕین و دەستەى کوردستانی) جێبەجێکردووە، لە قۆناغى دووەمیدا لەم هەفتەیە پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردن لە زانکۆى دهۆک دەستپێدەکات، هه‌روه‌ك دواى ناردنى داتاو زانیارییەکانى زانکۆکانى (زاخۆ) و (کۆیە) لەو دوو زانکۆیەش پرۆسەکە دەستپێدەکات، دواتریش بەهەمان شێوە لە زانکۆکانى دیکەش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، کە ئەم هەنگاوە گرنگى زۆرى بۆ زانکۆکان و وەزارەت و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێ لە بوارى بەڕێوەبردن و داڕشتنى پلانى تۆکمە بۆ گەشەپێدانى خوێندنى باڵا لە کوردستان و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان.

لەوتەیەکدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە سۆنگەى هەستکردن بەگرنگى ئەو پڕۆسەیە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەیەکە دەستى داوەتە بە ئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوەکانى، بەوپێیەى زانکۆکان ناوەندێکى گرنگى مەعریفەو زانیارى و پێشکەوتنى کۆمەڵگەن، بۆیە دەبێت خوێندنى باڵا ببێتە نمونەى سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، چونکە زانکۆکان خۆیان مەعریفەو زانیارى پێشکەش بەکۆمەڵگە دەکەن، دەبێت هەرخۆشیان پێش کەرتەکانى دیکەى کۆمەڵگە ئاشناى زانیارى و گۆڕانکارییە تازەکانى ژیان و کۆمەڵگەکان بن. وتیشى: پڕۆژەى بە ئەلیکترۆنیکردنى سیستمى کارگێڕى لە وەزارەت و دامەزراوەکانى  خوێندنی باڵا یه‌كێكى دیکەیە له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی وەزارەت کە جێبەجێمان کردووە، پڕۆژه‌كه‌ له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ تا ڕادەیەکى زۆر بۆتە هۆی شه‌فافیه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردن له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا، له‌ ڕوی كاتیشه‌وه، جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هاریكار بووە له‌ زوو ڕاپه‌ڕاندنی كارو ئه‌ركه‌كانی خوێندنی باڵا، هه‌روه‌ك لەدرەنگ گەیشتنى زانیارى و پێویستییەکان بەدوورى گرتووین. له‌ ڕووی دارایشه‌وه‌، به‌هۆی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی به ‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی، ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی زۆر گەڕاوەتەوە بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت. هەروەک له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ هاریكار بووە له‌ كۆكردنه‌وه‌ی سەرجەم داتاو زانیارییەکانى وەزارەت و زانکۆکان.

لەکۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جێبەجێکردنى قۆناغى دووەمى پرۆسەکەى لە زانکۆکانى تر  بە هەنگاوێکى گرنگ و بایەخ بۆ گەشەپێدانى خوێندنى باڵا لە کوردستان وەسفکرد.

 

 


KISSR - Newsroom:  Apr 03 2019 08:12 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ