پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا

 

وه‌زیری زانست و توێژینه‌وه‌ و هونه‌ری ئەڵمانی: ستایشی کار و پڕۆژه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌م، به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رگرتنی ئاواره و په‌نابه‌ر

 

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یاندا بۆ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌،  16-4-2019، وه‌فدی هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا، که‌ له‌ خاتوو (تێریزیا بارەر) وەزیرى زانست و توێژینەوە و هونەر، خاتوو (تێریزا شۆپەر) وەزیرى دەوڵەت لە هەرێمى (بادنڤوتمبێرگ)ى ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى هەرێمەکه‌ پێکهاتووه،‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییان کرد.

به‌گه‌یشتنی وه‌فدی هه‌رێمی (بادنڤوتمبێرگ)، له‌لایه‌ن د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژکاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌کانی وه‌زاره‌ت، به‌گه‌رمی پێشوازییان لێکرا.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، خۆشحاڵی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی، پاشان به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاوکارییه‌کانی حکومه‌ت و گه‌لی ئەڵمانیای بۆ هه‌رێمی کوردستان کرد و له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی داعش،  ئەڵمانیا هاوکاری جددی خه‌ڵک و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوو، بۆیه‌ هاوکارییه‌کانی ئه‌وان ڕۆڵی گه‌وره‌ی بۆ‌ له‌ناوبردنی داعش له‌ کوردستان و عیراق هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران سوپاسی تایبه‌تی کردن، وتیشی: سوپاس بۆ ئه‌و هاوکارییه‌ مرۆییانه‌ی ئەڵمانیا پێشکه‌شی ئێزدییه‌کانی کرد له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌ی  ڕوبه‌ڕویان بوه‌وه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر داعش سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی بوو، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنه‌ گه‌وره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن ئه‌و که‌لتوور و یه‌کتر قبووڵنه‌کردنه‌ی داعش بڵاویکردۆته‌وه‌ له‌ناوی ببەین، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: ئێمه‌ له‌کاتی شه‌ڕی داعش بایه‌خمان به‌وه‌دا، که‌ له‌ کاتی شه‌ڕ و دوای شه‌ڕ چیبکه‌ین به‌تایبه‌ت له‌ په‌روه‌رده‌کردنی منداڵان و پێگه‌یاندنیان، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا جگه‌ له‌وه‌ی کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیمان سه‌باره‌ت به‌و کێشه‌یه‌ گرێدا، له‌هه‌مانکاتدا و له‌پێناو خزمه‌تکردن به‌ژنان و کچانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش، ڕێنماییه‌کانی وه‌زاره‌ته‌که‌مان گۆڕی و له‌ زانکۆی دهۆک (په‌یمانگه‌ها چاره‌سه‌ریا ده‌روونی چاره‌سه‌ریا تراوما)مان کرده‌وه‌، که‌ هه‌ماهه‌نگ و هاوکارێکی باشی ئه‌و ژن و کچانه‌ی کرد، که‌ له‌ده‌ستی داعش ڕزگار بوون بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ بێنه‌وه‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌، وتیشی: جگه‌ له‌وه‌ پڕۆگرامێکمان داڕشت‌ بۆ چۆنیه‌تی هاوکاریکردنی ژنانی ڕزگاربوو، به‌تایبه‌ت له‌ فێربوونی پیشه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دواتر به‌هۆیه‌وه‌ هاوکاری خێزان و منداڵه‌کانیان بکه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش به‌رنامه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی (سید)‌ بۆ هاوکاریکردنی زیانمه‌ندانی دوای شه‌ڕی داعش له‌ زانکۆی کۆیه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژکاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کورته‌یه‌کی له‌باره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ پێشکه‌ش به‌ وه‌فدی میوان کرد، له‌هه‌مانکاتدا کورته‌باسێکی له‌باره‌ی کۆی ئه‌و پڕۆژانه‌ خسته‌ڕوو، که‌ پێشکه‌شی په‌ناهه‌نده‌کانی سوریا له‌ کوردستان کراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: هاوکاریکردنی منداڵان و گه‌نجانی په‌نابه‌ری سوریا و ئاواره‌ ئێزدییه‌کان، که‌ زۆربه‌یان له‌ کوردستان ده‌مێننه‌وه‌ پێویستی به‌به‌رنامه‌یه‌کی درێژخایه‌ن هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش داوایکرد، هه‌ماهه‌نگ بن له‌ داڕشتنی پڕۆگرامێکی تایبه‌ت به‌و بواره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ زانکۆکان درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن.

 

سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی: پڕۆژه‌یه‌کی تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی زانکۆیه‌کی ئەڵمانی- کوردستانی له‌ کوردستان

 

پاشان د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، باسی له‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی ده‌سته‌که‌یان کرد و ڕایگه‌یاند: پڕۆژه‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی زانکۆیه‌کی ئەڵمانی- کوردستانی له‌ کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش داوای هاوکاری له‌ وه‌فدی میوان کرد، ڕونیشیکرده‌وه‌ که‌ پڕۆژه‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ توێژینه‌وه‌کردن له‌سه‌ر پاشماوه‌کانی جه‌نگ و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ داوای له‌ وه‌فدی میوان کرد، هه‌رێمه‌که‌یان هاوکار بێ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌.

هه‌ر له‌ میانه‌ی قسه‌کانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئه‌و پڕۆژانه‌ی که‌ دوای شه‌ڕ که‌ پێویسته‌ بخرێنه‌ خزمه‌ت مرۆڤه‌وه‌ ده‌کرێ هه‌ماهه‌نگ و هاوکاری یه‌کتربین، ئه‌وه‌ش به‌سود وه‌رگرتن له‌و په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌ی زانکۆکانی ئەڵمانیا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌تی.

له‌ به‌رامبه‌ردا، خاتوو (تێریزیا بارەر) وەزیرى زانست و توێژینەوە و هونەر، به‌ناوی وه‌فدی میوان وتی: له‌ دڵه‌وه‌ سوپاستان ده‌که‌ین، به‌هیواین بتوانین قوڵتر بیروڕاکان ئاڵوگۆڕ بکه‌ین، وتیشی: به‌شێکی زۆری ئه‌ندامەکانمان بۆ جاری یه‌که‌میانە سه‌ردانی کوردستان ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌شێکی زۆریان شاره‌زای ڕاسته‌قینه‌ن، چونکه‌ له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی هه‌ماهه‌نگی کاریان کردووه‌، به‌تابه‌ت له‌ پڕۆژه‌ی داڵده‌دان و ڕێنمایی ده‌روونی ژنانی ئێزیدی رزگاربووی ده‌ستی داعش.

له‌به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا، وه‌زیری زانست و توێژینه‌وه‌ و هونه‌ر ستایشی کار و پڕۆژه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی کرد، به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رگرتنی ژماره‌یه‌کی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ر، وتیشی: وه‌رگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌و و په‌نابه‌ر له‌ کوردستان‌‌ به‌راورد به‌ هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌ زۆره‌ و مایه‌ی پێزانینه‌، ڕونیشکرده‌وه:‌‌ له‌ میانه‌ی گفتوگۆکانیان له‌ کوردستان ئاگاداری نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌و منداڵانه‌ بوون، که‌ له‌ که‌مپه‌کان له‌ ژێر فشار و شه‌ڕ و ئاشوب په‌روه‌رده‌ بوون، وتی: ئه‌وان پێویستیان به‌پاڵپشتی و هاوکاری هه‌یه‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌ کارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌ی کرد بۆ بایه‌خدان به‌خوێندنی ته‌کنیکی له‌ کوردستان، وتیشی: له‌ ئێستا خولێکی په‌ره‌پێدانمان له‌ بواری پێگه‌یاندنی سه‌رکرده‌ی ئه‌ندازیاری له‌ وڵاتی فنلاند هه‌یه‌، هه‌روه‌ک ئامادەیی وه‌زاره‌ته‌که‌شی پیشاندا بۆ هه‌ر جۆره‌ هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ک له‌گه‌ڵ زانکۆکانی ئەڵمانیا له‌ بواری ئه‌ندازیاری.

وه‌زیری زانست و توێژینه‌وه‌ و هونه‌ری ئەڵمانیا باسی له‌ ئه‌زمونی وڵاته‌که‌ی له‌ بواری خوێندنی باڵا کرد به‌تایبه‌ت له‌ چۆنیه‌تی به‌ستنه‌وه‌ی زانکۆکان به‌ناوه‌نده‌کانی بازاڕ، له‌هه‌مانکاتدا باسی له‌ نموونه‌یه‌کی خوێندنی زانکۆیی له‌ وڵاته‌که‌ی کرد، که‌ به‌هاوبه‌شی له‌ نێوان زانکۆکان و کۆمپانیاکان کار ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش بانگهێشتی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی کوردستانی کرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمه‌که‌یان بکەن و ئاشنای ئه‌وجۆره‌ خوێندنی زانکۆ پیشه‌ییانه‌ بن.

 

بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و بانگهێشته‌‌ی کرد، به‌گرنگییه‌وه‌ له‌ پێشنیازه‌که‌ی ڕوانی و هیوایخواست پڕۆژه‌ی تایبه‌ت هه‌بێ بۆ که‌سانی شاره‌زا له‌ کوردستان بۆ سه‌ردانیکردنی ئه‌و وڵاته‌ و سود وه‌رگرتن له‌و ئه‌زموونه‌ تایبه‌تە له‌ بواری خوێندنی پیشه‌یی.  

 


KISSR - Newsroom:  Apr 16 2019 05:59 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ