د.یوسف گۆران: لە ئه‌مڕۆوە کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی جیهانی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی

 

د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: بەپێی ڕاپۆرتەکانی (English Proficiency Index) ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لەو وڵاتانەی کە زمانی یەکەمیان ئینگلیزی نییە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و داهێنان و توێژینەوە و پەرەپێدان لەو وڵاتانە، ڕاشیگه‌یاند: لە ئه‌مڕۆ  بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی  زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردەی کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە ئەنجام دەدرێت.

ئه‌م وتانه‌ی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی دووشه‌ممه‌ 22-4-2019، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنیدا هات له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پڕۆژەى هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی (English Proficiency Index) کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە لە سەر ئاستی جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا ڕاوێژكار و ژماریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی وه‌زاره‌ت و نوێنه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوون.

له‌ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و له‌میانی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كدا (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی هەردوو بەرێزان ڕۆڵاند و دانا دەکەم لە دامەزراوەی (Education First) کە لە ڕێگەی پڕۆگرامی زومەوە ئەمڕۆ لەگەڵماندان. وتیشی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی (Education First) ڕادەگەیەنین.

 د.یوسف گۆران ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه‌: دامەزراوەی (Education First) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ئەزموونی کارکردنیاندا گرنگی بە فێربوون و ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی دەدەن و خاوەنی ڕاپۆرتی بەناوبانگن، وتیشی: (English Proficiency Index) ساڵانە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لە تەواوی وڵاتانی دنیا هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی  ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.

 

له‌باره‌ی گرنگی زمانی ئینگلیزی وه‌زیری خوێندنی باڵا ڕایگه‌یاند: زمانی ئینگلیزی زمانی زانست و بزنس، زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەکان و زمانی پەیوەندی و هەماهەنگیە لەگەڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئەکادیمی نێودەوڵەتی، هه‌روه‌ك زمانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژینەوەی زانستیە. ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه‌: بەپێی ڕاپۆرتەکانی (English Proficiency Index) ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی لەو وڵاتانەی کە زمانی یەکەمیان ئینگلیزی نییە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی ئابووری و گەشەپێدانی توانامرۆییەکان و داهێنان و توێژینەوە و پەرەپێدان لەو وڵاتانە. له‌و چوارچێوه‌یشدا ڕایگه‌یاند: لەئه‌مڕۆ بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی  زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردەی کە لەلایەن دامەزراوەی (Education First)ەوە ئەنجام دەدرێت.

 له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا وتی: ئەم تاقیکردنەوەیە بێ بەرامبەرە و لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: هیوام وایە ئێوەی نوێنەرانی زانکۆکانی کوردستان هاوکاری سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بکەن، هەوڵ بدەن لە ڕووی لۆجیستی و ئامادەکارییە تەکنیکییەکانەوە دەرفەتی بەشداری زۆرینەی هەرەزۆری مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بڕەخسێنن، هەروەها هەوڵ بدەن بەشداربوان لە هەموو بەش و کۆلێج و باکگراوندە جیاجیاکانەوە ئەم تاقیکردنەوە ستانداردە ئەنجام بدەن.

 د.یوسف گۆران داواشی لە هەموو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان كرد کە بەشدار بن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: بەشداریکردن لەم پرۆسەیە وەک تاقیکردنەوە سەیر نەکەن، دەرچون و دەرنەچوون لەم تاقیکردنەوەیەدا نیە، بەڵکو ئەم پرۆسەیە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە کێشەو کەموکورتییەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین و هاوکارمان دەبێت بۆ دانانی ستراتیجی نیشتمانی بە مەبەستی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی و چەسپاندنی وەک زمانی دووەم لە نێو دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا.

 له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ د.ئامانج سه‌عيد ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ورده‌كاری ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان روون كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ماوه‌ی دیاریكراوی بۆ دوو هه‌فته‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌ر زانكۆیه‌ك سه‌نته‌ره‌كانی كۆمپیوته‌ر بۆ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ته‌رخان بكات و كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت زۆرترین رێژه‌ی خوێندكار و قوتابی و مامۆستایان به‌شداری له‌و هەڵسه‌نگاندنه‌ بكه‌ن.

 پاشان له‌لایه‌ن نوێنه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆكان گفتوگۆ له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی پڕۆژه‌كه‌ و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ كرا و به‌پێی پێویست له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌.  


KISSR - Newsroom:  Apr 23 2019 07:13 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ