له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى سیمپۆزیۆمێک به‌ناونیشانى (به‌ره‌و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵا) به‌ڕێوه‌چوو

رۆژی 27-5-2019، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، سیمپۆزیۆمێک به‌ناونیشانى (به‌ره‌و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵا) به‌ڕێوه‌چوو.

 

پرۆسه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵا سێ بنه‌ماى سه‌ره‌کى له‌خۆ ده‌گرێت

 له‌ سیمپۆزیۆمه‌که‌دا پڕۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، رایگه‌یاند: به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵا گرنگیى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رۆڵى گرنگى بینیووه‌ و هه‌میشه‌ هاوکارى زانکۆکان و پرۆسه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵا بووه‌. وتیشی: پرۆسه‌ى به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سێ بنه‌ماى سه‌ره‌کى له‌خۆ ده‌گرێت:

 یه‌که‌م: به‌ستانداردکردنى پرۆگرامه‌کانى خوێندن، وه‌ک جێبه‌جێکردنى پرۆسه‌ى بۆڵۆنیا که‌ ئێستا سیستمی زۆربه‌ی زانکۆکانی ئه‌وروپایه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ خوێندکاری ده‌ره‌وه‌ش بتوانێت له‌ زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان بخوێنێت و بڕوانامه‌که‌ى به‌بێ یه‌کسانکردن له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات بناسرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان بتوانن پرۆگرامى خوێندنى هاوبه‌ش له‌ نێوان زانکۆکانیان و زانکۆکانى ده‌ره‌وه‌ پێشکه‌شبکه‌ن، وه‌ک پرۆگرامه‌کانى  (Dual/joint degree and double degree).

دووه‌م: ستاف و خوێندکارى جووڵاو به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ستاف، یان خوێندکار بتوانێت به‌شێکى کارى ئه‌کادیمى، یان خوێندنى ئه‌کادیمى له‌ زانکۆکانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات ئه‌نجام بدات و به‌شه‌که‌ى ترى له‌ زانکۆکانى کوردستان ئه‌نجام بدات. یاخود مامۆستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ بهێنرێن بۆ هه‌رێمی کوردستان.

سێیه‌م: ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ و کارى ئه‌کادیمى هاوبه‌ش: ده‌بێت زانکۆکانى کوردستان له‌ سه‌ر که‌لتوورى توێژینه‌وه‌ و کارى ئه‌کادیمى هاوبه‌ش رابهێنرێن، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "بۆ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنى ئه‌و سێ بنه‌مایه‌، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و ده‌زگاکانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوبراو کارى باشیان ئه‌نجام داوه‌، بۆ نموونه‌ پرۆژه‌ى تایگرس یه‌کێکه‌ له‌ کاره‌کان که‌ به‌هاوکاریی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى ئه‌نجامیداوه‌ له‌گه‌ڵ 8 زانکۆی کوردستانی و 5 زانکۆی ئه‌وروپی، ماوه‌ی سێ ساڵ ده‌خایه‌نێت"، راشیگه‌یاند: ئامانج له‌ پرۆژه‌ى تایگرس ئیشکردنه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى ئه‌زموونى زانکۆ ئه‌وروپیه‌کان بۆ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان به‌ مه‌به‌ستى نوێبوونه‌وه‌و هه‌بوونى په‌یوه‌ندیى و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردن له‌ که‌رتى خوێندنى باڵادا له‌ کوردستان. سه‌ره‌ڕاى پرۆژه‌ى تایگرس، داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵا هه‌نگاوى باشیان بڕیووه‌ له‌ ستانداردکردنى پرۆگرامه‌کانى خوێندن و جێبه‌جێکردنى پرۆسه‌ى بۆڵۆنیا، هه‌روه‌ها خاوه‌نى چه‌ندین پرۆژه‌ن، وه‌ک ستاف و خوێندکارى جووڵاو و ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ و کارى ئه‌کادیمى هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ زانکۆکانى ئه‌وروپا.

سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى وتیشی: د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، پشتیوان و هاوکارێکی سه‌ره‌کییه‌ بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی تایگرس  و هه‌نگاونان بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی.

 

 پڕۆژه‌ی تایگرس رۆڵێکی گرنگی ده‌بێت

 پاشان مامۆستا بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌کانی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌نگاوه‌کانی به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى داموده‌زگاکانى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ورده‌کاریی پڕۆژه‌ی تایگرس-ی روونکرده‌وه‌. وتیشی: پڕۆژه‌ی تایگرس یه‌کێکه‌ له‌و پڕۆژه‌ گرنگانه‌ی که‌ رۆڵێکی گرنگی ده‌بێت له‌ به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان، هه‌روه‌ها باسی له‌و کارو پڕۆژانه‌ش کرد که‌ پێویسته‌  له‌داهاتوودا به‌مه‌به‌ستی به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان، کاریان له‌سه‌ر بکرێت.

 

 پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌کادیمی و زانستییه‌کان

 دواتر د.عه‌لى محه‌مه‌د ساڵح توێژه‌ر له‌ ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئامانجەکان و گرنگیی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانکۆکان و به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنی داموده‌زگاکانی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی روونکرده‌وه و تیشکی خستە سەر زیادبوونی خواست و کێبڕکێی ئێستای زانکۆ جیهانییەکان بۆ بەشداربوون لەم پرۆسەیەدا،  به‌پێویستیشی زانی هه‌وڵه‌کان چڕ بکرێنه‌وه‌ له‌پێناوی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌کادیمی و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌کادیمی و زانستییه‌کان له‌سه‌ر ئاستی داموده‌زگاکانی خوێندنی باڵاو ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی توێژه‌رو ستافی ئه‌کادیمیش.

 

کاره‌کانی ئۆفیسى زانکۆى گوتنگنى ئه‌ڵمانى

 له‌کۆتاییدا د.زانا جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسى زانکۆى گوتنگنى ئه‌ڵمانى له‌ هه‌رێمى کوردستان (عیراق)، ورده‌کاریی کردنه‌وه‌ی ئۆفیسى زانکۆى گوتنگنى ئه‌ڵمانى له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ناو ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها کار و پڕۆژه‌کانی ئۆفیسی زانکۆی گوتنگنی له‌ هه‌رێمی کوردستان روونکرده‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌م ئۆفیسه‌ کار له‌سه‌ر به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌ڵمانیا و هه‌رێمی کوردستان ده‌کات له‌بواری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیدا، هه‌روه‌ها کارئاسانی ته‌واو بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌ مه‌به‌ستیانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، یان توێژینه‌وه‌ی زانستی بکه‌ن.

 

 پاشان له‌نێوان پێشکه‌شکارى بابه‌ته‌کان و ئاماده‌بوواندا، گفتوگۆى زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى بابه‌ته‌کانه‌وه‌ کرا.

 

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ و بابه‌تی زیاتر له‌مباره‌یه‌وه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکانه‌ بکه‌:


 

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=506 

http://www.mhe-krg.org/ku/node/3097 

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=315

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=319

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=360

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=361

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=375

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=442

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=482

 

 


KISSR - Newsroom:  Jun 01 2019 06:08 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ