وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زانکۆکانی کوردستان به‌ده‌ستده‌هێنێت

وه‌فدێکی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ردانی ئه‌ڵمانیای کرد

به‌مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له‌کۆنفرانسی GOING GLOBAL 2019 واته‌ رۆیشتن به‌ره‌و به‌ جیهانیبوون، له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیاو کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی دادی ئه‌ڵمانیاو ئیمزاکردنی رێکه‌وتنێکی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی زێڤای ئه‌ڵمانی بۆ متمانه‌به‌خشین به‌ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان. وه‌فدێکی باڵای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌سه‌رۆکایه‌تیی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.ئامانج عه‌بدوڵڵا سه‌عید راوێژکاری وه‌زیری خوێندنی باڵا، د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.خه‌تاب ئه‌حمه‌د شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کارگێڕی و دارایی و د.جوان جه‌لال شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبیرییه‌کان، له‌ڕۆژانی

 ١٣-١٤-١٥-١٦ی ٥-٢٠١٩، سه‌ردانی وڵاتی ئه‌ڵمانیای کرد.

له‌ ئه‌ڵمانیا وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌شداری له‌ کۆنفرانسی رۆیشتن به‌ره‌و به‌ جیهانیبوون ده‌کات

به‌مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له‌کۆنفرانسی GOING GLOBAL 2019 واته‌ رۆیشتن به‌ره‌و به‌ جیهانیبوون، له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا رۆژی دووشه‌ممه‌

 ١٣-٥-٢٠١٩، وه‌فدی وه‌زاره‌ت، به‌سه‌رۆکایه‌تیی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شدارییان له‌ کاره‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ کرد.

ئامانج له‌م کۆنفرانسه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام بوو، بریتیبوو له‌ کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سه‌رکرده‌کانی خوێندنی باڵا له‌سه‌رتاسه‌ری دنیا بۆ گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی ئه‌و ئاڵنگاری و پێشهاتانه‌ی روبه‌ڕوی پرۆسه‌ی خوێندن و خوێندنی باڵا له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا ده‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو وڵاتانی دنیا به‌شداربن له‌و گفتوگۆیانه‌ی که‌ تایبه‌تن بۆ خۆئاماده‌کردن به‌مه‌به‌ستی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م پێشهاتانه‌، که‌ به‌شێکی زۆری ئه‌م ئاڵنگاریانه‌ ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌و پێویستی به‌ به‌شداری هه‌موو  کۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردن. به‌تایبه‌ت که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ وه‌زیرانی خوێندنی باڵا له‌ وڵاتانی جیاجیاوه‌ ئاماده‌یبوون.

گرنگیی به‌شداری وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیش له‌ کۆنفرانسه‌که‌، خستنه‌ڕوو و هاوبه‌شکردنی تێڕوانین و ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان بوو له‌گه‌ڵ دیدو تێڕوانینی جیهانی، هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له‌ سه‌رنج و تێبینی سه‌رکرده‌کانی ئه‌کادیمی وڵاتان و به‌شداربوون له‌ پێشکه‌شکردنی تێبینییه‌کانیان ده‌رباره‌ی خۆئاماده‌کردن بۆ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی له‌ئاینده‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌، به‌واتایه‌کی تر به‌شداریپێکردنی ئه‌زموونی کوردستان و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی وڵاتان، ئامانجی سه‌ره‌کی به‌شداری وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان بوو.

هه‌ر له‌ په‌راوێزی به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کانی کۆنفرانسی

 GOING GLOBAL 2019 چه‌ندین دیدارو چاوپێکه‌وتن و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رکرده‌کانی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی جیهان ئه‌نجامدرا.

وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی دامه‌زراوه‌ی دادی ئه‌ڵمانی کۆبۆوه‌

هه‌ر له‌ په‌راوێزی سه‌ردانی وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ئه‌ڵمانیا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٥-٥-٢٠١٩، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ستافی وه‌زاره‌ت، له‌گه‌ڵ دۆرۆپیا رولاند سه‌رۆکی دامه‌زراوه‌ی دادی ئه‌ڵمانی کۆبوونه‌وه‌.

 له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌هێزکردن و توندوتۆڵکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان و هه‌ماهه‌نگیکردن له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و زانکۆکانی ئه‌ڵمانیا کرا، هه‌روه‌ک پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی زانکۆیه‌کی ئه‌ڵمانی-کوردستانی، له‌ هه‌رێمی کوردستان تاوتوێکرا، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رۆک و ئه‌ندامانی دامه‌زراوه‌ی دادی ئه‌ڵمانی پشتگیریی و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان نیشانداو داوایان له‌ وه‌زاره‌ت کرد له‌گه‌ڵ زانکۆکانی ئه‌ڵمانیا پێکه‌وه‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش پێشکه‌ش بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌و گرانتانه‌ وه‌ربگرن که‌ له‌ڕێگه‌ی دادی ئه‌ڵمانی ده‌سته‌به‌رده‌بێت.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سوپاسی پشتیوانی و پشتگیرییه‌کانی دامه‌زراوه‌ی دادی ئه‌ڵمانی کردو هه‌موو پشتیوانیه‌کی بۆ سه‌رخستنی کاره‌کان و به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گشت ئاسته‌کان به‌تایبه‌ت سوود وه‌رگرتن له‌ گرانته‌کانی دامه‌زراوه‌ی داد ده‌ربڕی.

بۆ متمانه‌به‌خشین به‌ زانکۆکانی کوردستان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو رێکخراوی زێڤای ئه‌ڵمانی رێکه‌وتنامه‌یه‌کیان ئیمزاکرد

رۆژی پێنجشه‌مه ١٦-٥-٢٠١٩، وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌سه‌رپه‌رشتی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ peter san jurgen  جێگری سه‌رۆکی رێکخراوی زێڤای ئه‌ڵمانی و

 Prof Dr. werner Stueber   راوێژکاری خوێندنی باڵا له‌ دامه‌زراوه‌ی زێڤای ئه‌ڵمانی و Didar Dawdi به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی دامه‌زراوه‌ی زێڤا کۆبۆوه‌.

له‌ ده‌ره‌نجامی کۆبوونه‌وه‌که‌دا رێکه‌وتنێکی هاوبه‌ش له‌نێوان وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ی زێڤای ئه‌ڵمانی ئیمزاکرا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت به‌ متمانه‌به‌خشینی کوردستان دروستبکه‌ین و راهێنان به‌ مامۆستاکانمان بکه‌ین و متمانه‌ به‌خشین بۆ زانکۆکانمان به‌ده‌ستبهێنین، به‌پێی رێکه‌وتنه‌که‌ ١-٧-٢٠١٩، ده‌ستنیشانکراوه‌ بۆ ده‌ستپێکردنی کاره‌کانی بۆردی نیشتمانیی متمانه‌به‌خشین، له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا ژماره‌یه‌ک له‌ زانکۆکان ده‌چنه‌ نێو پرۆسه‌که‌و دواتریش له‌ ساڵانی ئاینده‌ سه‌رجه‌م زانکۆکانی تر ده‌چنه‌ نێو پرۆسه‌که‌وه‌.

جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی بۆردی نیشتمانیی متمانه‌به‌خشین به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای ناوه‌ندیی هه‌ڵسه‌نگاندن و متمانه‌به‌خشینی ئه‌ڵمانی ناسراو به‌ زێڤا ده‌بێت. ده‌بێته‌ دامه‌زراوه‌یه‌کی نیشتمانیی سه‌ربه‌خۆ، کار ده‌کات بۆ داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی گشتیی پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆری له‌ داموده‌زگاکانی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی کوردستان و ئاماده‌کردنیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌م بۆرده‌ به‌هه‌ماهه‌نگی و به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی دامه‌زراوه‌ی زێڤا کارده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پرۆگرامه‌کانی خوێندن له‌ هه‌موو زانکۆکانی کوردستان بتوانن متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستبهێنن و به‌ته‌واوه‌تی بچنه‌ چوارچێوه‌ی ستاندارده‌ جیهانییه‌کانه‌وه‌. بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش دامه‌زراوه‌ی زێڤا له‌ ڕێگای تیمی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌که‌ ده‌کات.

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ peter san jurgen جێگری سه‌رۆکی رێکخراوی زێڤای ئه‌ڵمانی و Prof Dr.werner Stueber  راوێژکاری خوێندنی باڵا له‌ دامه‌زراوه‌ی زێڤای ئه‌ڵمانی له‌ وته‌کانیان جه‌ختیان له‌‌وه‌ کرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی کوردستان کارده‌که‌ن بۆ دروستکردنی بۆردێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ بواری متمانه‌به‌خشین. دووپاتیشیانکرده‌وه‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ ئه‌زموونی کارکردنمان له‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کدا له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ ئێمه‌، خۆمان به‌خۆشحاڵ ده‌زانین که‌ هه‌رێمی کوردستان داوای پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ترمان لێده‌کات، پڕۆژه‌کانیش په‌یوه‌سته‌ به‌ دانانی بۆردێکی تایبه‌ت به‌ متمانه‌به‌خشین له‌هه‌رێمی کوردستان بۆ بواری خوێندنی باڵا و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، توانایه‌کی زۆرمان له‌م زانکۆیانه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌دیکردووه‌ له‌ زانکۆ حکومی و تایبه‌ته‌کانیش.

 له‌کۆتاییشدا جه‌ختیانکرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌یه‌که‌وه‌ توانیومانه‌ هه‌نگاوی باش بنێین به‌ ئاڕاسته‌ی باشکردنی ئاستی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌تایبه‌ت له‌بواری چه‌سپاندنی کلتووری متمانه‌به‌خشین، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی کوالێتی نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌بێت.


KISSR - Newsroom:  Jun 01 2019 06:26 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ