وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دەرفەتى خوێندن لە وڵاتی چین راده‌گه‌یەنێت

 

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگەیاندنى وەزارەت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانبەر و هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکات، کە وڵاتی چین ژمارەیەک کورسی خوێندنى باڵا- ماستەر پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەم شێوەی خوارەوە، بۆیه‌ داوا له‌ خوازیاران ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ی مه‌رج و رێنماییه‌کانیان تێدایه‌ داواکاری پێشکه‌ش بکه‌ن.

تێبینی: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەنها پشتگیری ماستەری دوو ساڵە دەکات.

مه‌رجه‌کان:

 

1.پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

2.پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامه‌زراوه‌یه‌کی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە. واتا لە دوای بە دەستهێنانی دواین بڕوانامە، دەبێت پێش (١-٥-٢٠١٧) دەست بەکاربوبێتەوە یا دامەزرابێت.

 

3.دەبێت کۆ نمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥٪) کەمتر نەبێت، ئەو بەڕێزانەی کە ئەنجامەکانیان بە پلە (مام ناوەند، باش، زۆرباش، نایاب) لە بڕوانامەکانیان نوسراوە، دەبێت لە لایەنی پەیوەندیدار بیگۆڕن بۆ نمرە (بۆ نموونە ٦٥)، بە پێچەوانەوە دواجار لە وەزارەته‌که‌مان کاری لەسەر ناکرێت.

4.دەبێت تەمەنی لە ٤٥ سال زیاتر نەبێت. (لە دایکبووانی رۆژی ١-١-١٩٧٤ و بەرەو سەرەوە)

5.دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (٥) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان کە بریتین لە (Pearson و IPT TOEFL ) (خشتەی بەراوردکاری هاوپێچە)

6.داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت)

7.کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

8.کاندیدی سەرکەوتوو سەرجەم خەرجییەکانی کرێی خوێندن و بژێوی ژیان و کرێی هاتوچۆوی لەلایەن حکومەتی چینی میللی بۆ دابین دەکرێت. (بۆ زیاتر ووردەکاری تکایە پەیوەندیی بە بەڕێز  تشینگ شینگ، کونسوڵی ئابوری و بازرگانی لە کونسوڵگەری گشتی کۆماری چینی میللی لە هەولێر لە رێگەی ئیمێل: erbil@mofcom.gov.cn) ژمارە تەلەفۆن:(٠٧٥١٢٣٤٥٦٢٦) بکرێت.

 

9.دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن ڕێکه‌وتی (٢٥-٦-٢٠١٩)یه‌.

 10.    بۆ زانینی مه‌رج و پێداویستیه‌كان كلیك (لـــــێــــــــــــره‌) بكه‌.

یه‌که‌م/ پێداویستیه‌کانی تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

ئەو بەڕێزانەی کە مەرج و رێنماییەکانی ئەم سکۆله‌رشیپه‌ دەیانگرێتەوە، تکایە ئەم دۆکیۆمێنتانەی خوارەوە بۆ وەزارەتەکەمان بە دەست بە دوو فایل (یەکێکی کۆپی و یەکێکی ڕەسەن) لە کاتی دیاریکراو پێشکه‌ش به‌ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی- بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان بکەن، که‌ تەنها ڕۆژانی (٢٣ و ٢٤ و ٢٥-٦-٢٠١٩) فایله‌کان وەرده‌گیرێ.

.پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت بە زانیاریەکان وەک ئەوەی کە لە فایلی هاوپێچی هاتووە.

.بۆ ئەو بەڕێزانەی کە دامەزراون لە دامه‌زراوه‌کانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تکایە نووسراوی فەرمی لاری نەبوونمان لە فەرمانگەکەی خۆتان بۆ ڕەوانە بکەن وەک ئەوەی کە لە فایلی هاوپێچی هاتووە، گرنگە نووسراوەکە ئاڕاستەی وەزارەت کرابێت و ئەم زانیاریانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت:

 

ناوی سیانی

جۆری دواین بڕوانامە

ماوەی خزمەتی کرداری لە دوای بە دەستهێنانی دواین بڕوانامە

لاری نەبوون

.بۆ ئەو بەڕێزانەی کە دانەمەزراون، تکایە کارتی زانیاری یا پشتگیری موختاری گەڕەک  لەگەڵ بەڵێننامە وەک ئەوەی لە فایلی هاوپێچ هاتووە، گرنگە ئەم زانیاریانەی خوارەوە لە بەڵێننامەکە هەبێت:

ناوی سیانی

جۆری دواین بڕوانەمە.

دانیشتووی شاری (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە)

لە هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی حکومەت دانەمەزراوە.

. بڕوانامەی زانکۆ کە کۆنمرە تیایدا ئاماژەی پێکراوە، وەک ئەوەی لە فایلی هاوپێچی هاتووە، ئەگەر لە بڕوانامەکە ئاماژە بۆ کۆنمرە نەدرابوو، واتا تەنها بە پلە (باش، مام ناوەند، زۆر باش، نایاب) ئاماژەی پێدرا بوو، ئەوا لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار کاری لەسەر ناکرێت، بۆیە دەبێت ئەم بەڵگەنامەیە لەگەڵی هاوپێچ بکرێت، کە ئەژماری کۆنمرەی بۆ کراوە.

.کۆپی پاسپۆرت، هەروەک لە فایلی هاوپێچ ئاماژەی پێکراوە

.بەڵگەنامەی ئاستی زمانی ئینگلیزی کە کاتەکەی بە سەرنەچووبێت، وەک ئەوەی ئاماژەی پێکراوە.

 تکایە تەواوی ئەم بەڵگەنامانەی سەرەوە  بە دوو فایل (ڕەسەن و کۆپی) بە دەست پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکەن لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ و ٢٥-٦-٢٠١٩.

 

 بە هیچ شێوەیەک فایلی ناتەواو پرۆسێش ناکرێت.

 

دووه‌م/ پێداویستیه‌کانی تایبەت بە کونسوڵگه‌ری کۆماری چینی میللی

 

ئەو بەڕێزانەی کە مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە، بەپێی مەرج و ڕێنمایی و داواکاری هەر زانکۆیەک، تەواو ئەو داواکاری و بەڵگەنامەکانه‌ لە فایلێک بە جیا لەگەڵ فایلەکەی وەزارەت لە ڕۆژانی (٢٣ و ٢٤ و ٢٥-٦-٢٠١٩) پێشکەش بە وەزارەتەکەمان/ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکان بکات.

 

بۆ زانینی مه‌رج و ڕێنماییه‌کانی هه‌ر زانکۆیه‌ک تکایه‌ په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ به‌ڕێز:

بەڕێوەبەرى پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان: مەقسود سەعدی محمد

Email: maqsood.mohammed@mhe-krg.org

 dpr.int@mhe-krg.org

 

تەلەفون:

بەڕێوەبەر:    009647504603315

    009640662562363

 


KISSR - Newsroom:  Jun 09 2019 09:22 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ