ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد

 

کۆتایى ئەمساڵ خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى کوردستان دەستپێدەکاتەوە

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت


د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستپێکردنەوەى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیاند، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و کۆلێژانەى کە پێویستى هەنوکەیى بازاڕى کارى کوردستانن.

 

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، رۆژی ١٧-٦-٢٠١٩، لەمیانى سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات كە لە قەزاى دوکان بەڕێوەچوو.

 

کۆتایى ئەمساڵ خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى کوردستان دەستپێدەکاتەوە

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا د.یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پێویستى دەرکردنى ڕێنمایى تازە بۆ کردنەوەى خوێندنى ماستەر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) کرد و ڕایگەیاند: لە کۆتایى ئەمساڵ بەپێى مەرج و ڕێنمایى تازە خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و پسپۆڕیانەى پێویستى هەنوکەیى بازاڕى کارى کوردستانن.


خوێندكاران به‌پێی پلان و پێداویستى پسپۆڕى دەتوانن لە دەرەوەى وڵات بخوێنن

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێی پلانى زانکۆکان بۆ خوێندنى باڵا ماستەر/ دکتۆرا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێویستى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان كرا، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: بەهۆى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر داواکارى بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات هه‌یه‌، بۆیه‌ دەبێـت لێره‌ به‌دواوه‌ بەپێى پلان و پێویستى زانکۆکان، مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران بۆ خوێندن ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێن، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هەر کۆلێژ و بەشێک پلانى خۆى بەپێى پێویستى بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز ده‌كاته‌وه‌، له‌ وه‌زاره‌تیش لەسەر بنەماى ئەو پلانە ڕەزامەندى دەدرێت، وتیشی: ئامانج له‌و كاره‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمە وەک ئەنجومەنى وەزارەت دەمانەوێت بەپێى پێویستى، خەڵک ڕه‌وانه‌ی دەرەوەى وڵات بكه‌ین، ئاشكراشیكرد بۆ ئه‌و خوازیارانه‌ی له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ فه‌رمانبه‌رن، داوامانكردووه‌ وه‌زاره‌ته‌كان پلانه‌كانیان بۆ وه‌زاره‌تی پلاندانان ڕه‌وانه‌ بكه‌ن، تا دواتر به‌پێی پلان و پێویستی پسپۆڕییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان مۆڵه‌ت بدرێ به‌خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ سیستمی وه‌رگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان كرد و وتی: بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران له‌زووترین كاتدا ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی قۆنا‌غی یه‌كه‌م، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگه‌یاند: ده‌ستپێكردنی ده‌وامی خوێندكاران له‌كاتی خوێدا كارئاسانیمان بۆ ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆكان، بۆ ئه‌وه‌ش دوای تاوتوێكردنی لایه‌نه‌كانی بابه‌ته‌كه‌و خستنه‌ڕووی  پێشنیازه‌كانی لێژنه‌ی باڵای وه‌رگرتن، كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌یدا:

-سیستمى کردیتیت بۆ سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکان لە زانکۆکان بەردەوام دەبێت، بە رەچاوکردنى تایبەتمەندیەتى بەشە پزیشکییەکان.

-بەهۆى ئەوەى زانکۆى چەرموو (بۆلۆنیا پرۆسیس) جێبه‌جێ ده‌كات و له‌ (1-9) ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌ن، ته‌نها ده‌رچووانی خولی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ و ساڵانی پیشتر وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای خۆیان‌.


رێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا

پرسی رێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی لە دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، تەوەرێکى دیکە بوو لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەو بارەیەوە د.خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتیى فه‌رمانگه‌ی کارگێڕى و دارایى ئاماژەى بەوە کرد لەگەڵ وەزارەتى دارایى بەردەوامن لەگفتوگۆکردن، تایبەت بە زانکۆکانیش وتى: زانکۆکان تایبەتمەندییان هەیەو هەریەک لە زانکۆکان پلان و بەرنامەى تایبەت بەخۆیان هەیەو بەرپرسن لە داڕشتنى پەیکەرى کارگێڕى خۆیان.

 

لیژنەى تایبەتمەند ڕووپێوى بۆ زانینى ژمارەکەیان دەکات

لەبارەى پێدانى نازناوى زانستى بۆ ئەوانەى کە کۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمترە، دواى خستنەڕووى پێشنیازى لیژنەى تایبەتمەند کە پێشووتر بۆ ئەم مەبەستە دیاریکرابوو، دواى گفتوگۆ و وەرگرتنى سەرنج و پێشنیارەکان بڕیاردرا دواى زانینى ژمارەى ئەو کەسانە بڕیار لەبارەى ئەم بابەتەوە دەدرێت.

 

بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى بۆ خوێندکارانى دکتۆرا

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لەو زانکۆیانەى كە خوێندکارى دکتۆرایان هەیە، دواى گفتوگۆ و راگۆڕینەوە ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا خوێندکارى دکتۆرا دەبێت توێژینەوەیەک لە (ثۆمسۆن ریۆتەر) بڵاوبکاتەوە، ئەگەر توێژینەوەى لە (ثۆمسۆن ریۆتەر) نەبوو پێویستە دوو توێژینەوە یەکێک لە (سکۆپەس) و ئەوى تریان توێژینەوەیەکى (مەحکەم) بەپێى پێوەرەکانى (نور) تایبەت بە ڕیزبەندى نیشتمانیى زانکۆکان بڵاوبکاتەوە.

 

بڕیاره‌كانی ترى ئەنجومەنى وەزارەت تایبەت بە کاروبارى زانستى و خوێندکاران

له‌ بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا و لە ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌کاروباری زانستى و  قوتابیان- خوێندکاران چه‌ند بابه‌تێك تاوتوێكران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

 

 


KISSR - Newsroom:  Jun 18 2019 09:06 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ