یه‌كێتیی مامۆستایان ستایشی كار و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌كات

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

به‌بۆنه‌ی كۆتایهێنان به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، وه‌فدێكی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا عه‌بدولواحید محمد سكرتێری یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌گه‌ڵ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبوونه‌وه.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9-7-2019، به‌ئاماده‌بونی د.موسڵح دهۆكی سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك، د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.موفق خالد سه‌رۆكی زانكۆی ڕاپه‌ڕین به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌سه‌ر كاروچالاكیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، مامۆستا عه‌بدولواحید محمد سكرتێری یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان به‌ناوی سكرتاریه‌ت و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایان سوپاسی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای وه‌زاره‌ت به‌ڕوی یه‌كێتیی مامۆستایان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سكرتێری یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ كار و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد، كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكان هه‌بووه‌، وتیشی له‌ ماوه‌ی  پێنج ساڵی ڕابردودا سه‌رباری كێشه‌كان، ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه‌ كارێكی ئاسان نه‌بوو، چونكه‌ كوردستان له‌ماوه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌دۆخێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ بوو.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا، سكرتێری یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان نیگه‌رانی خۆیان پیشاندا به‌هۆی كۆتایهێنان به‌ئه‌ركه‌كانی د.یوسف گۆران وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ڕاشیگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی مامۆستایان وه‌فادار ده‌بین به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كاریان له‌گه‌ڵ كردوین، هیواشیان خواست له‌ ئه‌ركی نوێیدا سه‌ركه‌وتوو بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، د.موصڵح دهۆكی سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك، ڕایگه‌یاند: ئه‌و قۆناغه‌ی به‌ڕێز د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا بووه‌ هه‌نگاو و پڕۆژه‌ی گرنگ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكان جێبه‌جێ کراو، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆریشی له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتنی زانكۆكان و فراوانكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی زانكۆكان هه‌بووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، سوپاسی ستایش و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی كرد و ڕایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌دا به‌ جێبه‌جێكردنی كار و پڕۆژه‌ جیاكان هه‌وڵماندا و توانیمان سیستمێك بۆ خوێندنی باڵا دروست بكه‌ین، كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن هه‌بووه‌.

د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا دوو كه‌رتی گرنگ و كاریگه‌رن بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئه‌م دوو بواره‌‌ پێویستی به‌كات و پشودرێژی هه‌یه‌،  وتیشی به‌رده‌وامیدان به‌به‌ها و كواڵیتی ده‌بێ بكرێته‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كاری خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده له‌ كوردستان‌، چونكه‌ ته‌نها به‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌توانرێ بگه‌ین‌ به‌ ئامانجه‌ باڵا نیشتمانیه‌كانمان.

بۆ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستانیش، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی له‌ ماوه‌ی كاركردنم وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان هاوكار و هه‌ماهه‌نگی سه‌ره‌كیمان بوون، بۆیه‌ سوپاسی سكرتێر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پاڵپشتی ئێوه‌ نه‌بوایه له‌ سه‌رده‌می قه‌یران‌ پڕۆسه‌ی خوێندن ڕاده‌وه‌ستا، به‌ڵام ئێوه‌ بونه‌ كه‌ناڵێكی گرنگی په‌یوه‌ندی نێوانمان، كه‌ په‌یام و كار و پڕۆژه‌كانی ئێمه‌تان به‌دروستی ده‌گه‌یانده‌ مامۆستایان.

 


KISSR - Newsroom:  Jul 09 2019 03:38 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ