بۆ ساڵى چوارەم ریزبەندیى نیشتمانى زانکۆکان رادەگەیەنرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى چوارەم ریزبەندیى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەیەنێت.

لیژنەى باڵاى ڕیزبەندیى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایدەگەیەنێت: ڕیزبەندیى نیشتمانى زانکۆکان یەکێکە لەپڕۆژە گرنگ و کاریگەرەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چونکە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە لە ماوەى ڕابردوو کاریگەرى زۆرى خستۆتە سەر پێشکەوتنى زانکۆکان و ئاشناکردنى زانکۆکان بەکۆمەڵێک بەهاى نوێ.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: لەئێستادا کاروبارە تەکنیکى و تایبەتەکانى پەیوەست بە ریزبەندیى نیشتمانى زانکۆکان  بەشێوەیەکى سەرکەوتو بەڕێوەدەچێت و واش بڕیارە ئەمساڵیش لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلول بۆ جارى چوارەم ریزبەندیى نیشتمانى زانکۆکان رابگەیەنرێت.

لیژنەى باڵاى ریزبەندیى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان دووپاتیشیدەکاتەوە: پرۆسەى ریزبەندیى زانکۆکان پشت بە (٧) پێوەرى سەرەکى و (٤٧) پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ریزبەندیی نیشتمانی زانکۆکان گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، کلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوەو پێوەر و ستاندارد و کلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزموونی ئەکادیمیای کوردستان.

 


KISSR - Newsroom:  Jul 09 2019 03:39 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ