وەفدێكی زانكۆی ئەمریكی سەردانی دەستەی كوردستانی كرد

 

ئەمڕۆ 31-7-2019، بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، د.ئۆڵفگانگ هینچ جێگری سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی بۆ کاروباری ئەکادیمی، سەردانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كرد.

جێگری سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی بۆ کاروباری ئەکادیمی بە هاوڕێیەتیی د.ئاسۆ عەبدولقادر کارمەند لە زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی، لە سەردانەكەیاندا بۆ دەستەی كوردستانی، لەگەڵ پڕۆفیسۆر پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی و بۆردی بەڕێوەبەرانی دەستەی كوردستانی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پڕۆژەكانی دەستەی كوردستانی لەگەڵ زانكۆكانی ئەوروپا و بە تایبەت ئەڵمانیا و ئەمریكا. هەروەها باس لە پڕۆژەی دامەزراندنی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی كرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تیشكخرایە سەر ئەنجامدانی كاری هاوبەش و وەرگرتنی فەند بە هاوبەشی هەردوولا و هەماهەنگی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی لە پڕۆژەی دامەزراندنی زانكۆی ئەڵمانی-كوردستانی.

لەبارەی سەردانەكەوە، مامۆستا بڕیار حەسەن بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی دەستەی كوردستانی بە سایتی دەستەی كوردستانی www.kissr.edu.krd راگەیاند: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ زانكۆی ئەمریكی لە عیراق- سلێمانی درێژەی دەبێت و لە داهاتوودا كاری هاوبەش و پڕۆژەی هاوبەش پێكەوە ئەنجامدەدەین.

لە كۆتایی سەردانەكەشدا جێگری سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عیراق-سلێمانی، سەردانی ئۆفیسی پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی دەستەی كوردستانی، ئۆفیسی زانكۆی گوتنگن لە دەستەی كوردستانی، تاقیگە پێشكەوتووەكانی دەستەی كوردستانی، جیۆ پارك، پیشانگەی بەرد، پیشانگەی وێنەیی شێوازەكانی دەركەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی، ئەشكەوتی كلتووری لە دەستەی كوردستانی كرد و  خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بوونی دەستەی كوردستانی و پڕۆژە و تاقیگە پێشكەوتووەكانی.

 

 

 


KISSR - Newsroom:  Jul 31 2019 06:03 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ