شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازى، سنووره‌کان ده‌سڕێته‌وه‌

 

 راپۆرتی، راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی کوردستانی

www.kissr.edu.krd

 

د.ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید ماسته‌ر له‌ ئه‌ندازیارى میکانیک، دکتۆرا له‌بوارى میکانیک و ماته‌ریالدا رایگه‌یاند: شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازى که‌ ئێستا له‌ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ و گه‌شه‌کردندایه‌، شۆڕشێکه‌ سنووره‌کان له‌نێوان دنیاى فیزیا، میکانیک، دیجیتاڵ و بایۆلۆجیدا ده‌سڕێته‌وه‌، وتیشی: له‌م قۆناغه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازیدا به‌هره‌مه‌ندیى زیاتر له‌ سه‌رمایه‌، فاکته‌رى بنچینه‌ییه‌ له‌ به‌رهه‌مهێناندا.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7-8-2019، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى سیمینارێک به‌ناونیشانى (کوردستان له‌ به‌رده‌م شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازیدا) له‌لایه‌ن د.ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید ماسته‌ر له‌ ئه‌ندازیارى میکانیک، دکتۆرا له‌بوارى میکانیک و ماته‌ریالدا، پێشکه‌شکرا.

له‌ سیمیناره‌که‌دا که‌ پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، ژماره‌یه‌ک له‌ مامۆستایان و توێژه‌ران و پسپۆڕانی ده‌سته‌ی کوردستانی و مامۆستایانی زانکۆ و زانستخوازان، ئاماده‌یبوون، وته‌ی به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن پ.د.خالید مه‌حمود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى پێشکه‌شکرا و رایگه‌یاند: ئه‌م سیمیناره‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌ سیمینارانه‌دایه‌ که‌ ده‌سته‌ی کوردستانی له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا رێکیان ده‌خات. وتیشی: ده‌سته‌ی کوردستانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ رێکخستنی سیمینار و چالاکی زانستی له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ناونیشانی ئه‌م سیمیناره‌ یه‌کێکه‌ له‌ بابه‌ته‌ گرنگ و پێویسته‌کان".

 

هۆکار و ئه‌نجامه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌کانی پیشه‌سازی

پاشان د.ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید له‌ سه‌ره‌تای سیمیناره‌که‌یدا  باسی لە مێژووی پێشنۆرەیی داھێنان لە نێوان رۆژھەڵات و رۆژئاوادا کرد، دواتر به‌ وردی سه‌ره‌تا و هۆکار و ئه‌نجامه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌کانی پیشه‌سازی روونکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: هۆکاری شۆڕشى یه‌که‌مى پیشه‌سازی (1760-1840)، داهێنانى مه‌کینه‌ى هه‌ڵم بوو که‌ بوو به‌ بنچینه‌ى ئاڵوگۆڕى وزه‌ و دروستکردنی کارگه‌و پیشه‌سازیى جل و به‌رگ و ئاسنگه‌ری، شۆڕشى دووه‌مى پیشه‌سازی (1870-1914)، به‌هۆی کاره‌باوه‌ دروستبووه‌ و دۆزینه‌وه‌ی کاره‌با بوو به‌هۆکار بۆ دروستکردنی ماتۆڕی گه‌وره‌ی کاره‌بایی که‌ رێگه‌یان خۆشکرد بۆ به‌رهه‌مهێنانى پۆڵا، قیتار، سیستمى ئاو، کاره‌با، ته‌له‌گراف و بەرھەمھێنانی زنجیرەیی، وتیشی: داهێنانه‌کانى ئه‌م قۆناغه‌ زانستى و ئه‌ندازیارى بوون.

هەروەها هۆکاری شۆڕشى سێیه‌مى پیشه‌سازی 1969، داھێنانی کۆمپیوتەر، میکرۆپرسیسۆر و ئەلکترۆنیک بوو کە بەرھەمھێانی ئۆتۆماتیک کردو رێگەی خۆشکردووە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی.

 

شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازى  ئێستا له‌ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ و گه‌شه‌کردندایه‌

له‌ درێژه‌ی سیمیناره‌که‌یدا، د.ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید به‌شێوه‌یه‌کی زانستیانه‌ باسی له‌ تەوەرە سەرەکییەکانی شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازی و  پێگه‌ی کوردستان له‌ شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازیدا کرد و رایگه‌یاند: شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازى که‌ ئێستا له‌ بواری لێکۆڵینه‌وه‌ و گه‌شه‌کردندایه‌، شۆڕشێکه‌ سنووره‌کان له‌نێوان دنیاى فیزیا، میکانیک، دیجیتاڵ و بایۆلۆجیدا ده‌سڕێته‌وه‌ و لەڕێگەی نومێریکەوە پێکەوەیان گرێ دەدات. ئەم شۆڕشە گرنگی پەتڕۆڵ لە بەرھەمھێنان و جووڵەکردندا کەم دەکاتەوە. لە نموونەکانی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، تۆڕی کارەبای زیرەک، ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر، ئۆتۆمبێلی کارەبایی ھەرزان، چاپی سێڕوو، نانۆ تەکنەلۆژی، پیشەسازی 4.0، وتیشی: له‌م قۆناغه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازیدا به‌هره‌مه‌ندیى زیاتر له‌ سه‌رمایه‌، فاکته‌رى بنچینه‌ییه‌ له‌ به‌رهه‌مهێناندا. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازى له‌کاتێکدا رووده‌دات که‌ ته‌کنه‌لۆژیا داتاى به‌رده‌ست کردووه‌ بۆ هه‌ر کونجێکى دنیا، به‌رده‌ستى داتا و زانیارى بنه‌مایه‌ بۆ گه‌شه‌کردنى گیانى داهێنان، ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ى که‌ به‌ره‌و ڕووى پیشه‌سازى و ژیانى تازه‌ بوونه‌ته‌وه‌، پێویستیان به‌ داهێنان و ته‌کنۆلۆژیاى تازه‌ هه‌یه‌". باسی له‌وه‌شکرد "شۆڕشى چواره‌مى پیشه‌سازی فرسه‌تێکى گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ى که‌ له‌ شۆڕشه‌کانى رابردووی پیشه‌سازیدا ژێرخان و زانیارییان به‌ میرات بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌".

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی سیمیناره‌که‌دا رۆڵى وه‌به‌رهێنان له‌ توێژینه‌وه‌ى ته‌کنۆلۆژى و زانستیدا روونکرایه‌وه‌.

له‌ کۆتاییشدا له‌ نێوان پێشکه‌شکار و ئاماده‌بووانی سیمیناره‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و له‌لایه‌ن پێشکه‌شکاری سیمیناره‌که‌وه‌ وه‌ڵامی پێویستی ئاماده‌بووان درایه‌وه‌.

 

چەند پێشنیازێکی گرنگ

له‌کاتی گفتوگۆ و خستنه‌ڕووی بۆچوونه‌کاندا له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆکی سیمیناره‌که‌وه‌، پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "پێویسته‌ مامۆستایان و توێژه‌ران و پسپۆڕانی بواره‌ جیاوازه‌کان کاری جددی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی کارکردنیان له‌کاتی هه‌ر به‌رنامه‌ و توێژینه‌وه‌ و پلانێکی زانستیدا، ته‌رخان بکه‌ن بۆ رۆڵ و پێگه‌ و پێویستی هه‌رێمی کوردستان به‌و به‌رنامه‌ و پلانه‌ زانستییه‌". به‌پێویستیشی زانی  "ده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی هەرێمی کوردستان به‌پێی پڕۆژە و پلان و به‌رنامه‌یه‌کی پێویست کار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ و پشتیوانی و هاوکاریکردن و پەرەپێدانی توانای بەهرەمەندان و داهێنه‌ران بکه‌ن". وتیشی: پێویسته‌ ناوه‌ندێک هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی داهێنانی داهێنه‌ران و به‌هره‌مه‌ندانی تێدا تۆمار بکرێت و بپارێزرێت، یارمه‌تیشیان بدات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن داهێنانه‌کانیان بگه‌یه‌ننه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش.

 

پێویسته‌ کوردستان قۆناغى به‌کارهێنانى ته‌کنۆلۆژیا تێپه‌ڕێنێت

له‌باره‌ی سیمیناره‌که‌شه‌وه‌، د.ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌ عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید له‌ لێدوانێکدا بۆ سایتى ده‌سته‌ى کوردستانى www.kissr.edu.krd رایگه‌یاند: دنیا ئێستا له‌به‌رده‌م شۆڕشى چواره‌می پیشه‌سازیدایه‌. شۆڕشى چواره‌می پیشه‌سازى سنووره‌کان تێده‌په‌ڕێنێت بۆ داهێنان و بازاڕ. به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانى ژیانى تازه‌ و ته‌کنۆلۆژیاى گرێدراو به‌م ژیانه‌ تازه‌ى ئاده‌میزاده‌وه‌ پێویستى به‌ داهێنان و بیرى نوێ هه‌یه‌. ئه‌و داهێنانانه‌ى که‌ دنیاى تازه‌ پێویستێتى، سنوور ناناسێت. وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کان کێبڕکێیانه‌ بۆ بوون به‌ ئه‌کته‌ر له‌ ناو ئه‌م شۆڕشه‌ تازه‌یه‌ى پیشه‌سازیدا، چونکه‌ ئاینده‌ى ئابووریى پێوه‌ گرێدراوه‌. کوردستان له‌ ئێستا و داهاتووشدا، بازاڕێکى گرنگى به‌کارهێنانى ته‌کنۆلۆژیاى تازه‌یه‌ له‌هه‌موو بواره‌کانى ژیاندا. بۆیه‌ پێویسته‌ کوردستان قۆناغى به‌کارهێنانى ته‌کنۆلۆژیا تێپه‌ڕێنێت و ده‌ست بۆ داهێنانى ته‌کنۆلۆژیا به‌رێت له‌ دنیاى تازه‌دا.


بۆ بینینی وێنه‌ی زیاتری سیمیناره‌که‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=527

بۆ خوێندنه‌وه‌ى هه‌واڵێک له‌مباره‌یه‌وه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=526

 

شایانی باسه‌، دوای سیمیناره‌که‌، پێشکه‌شکار و به‌شێک له‌ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌که‌، به‌ش و تاقیگه‌کانی ده‌سته‌ی کوردستانی-یان به‌سه‌رکرده‌وه‌.

 

 


KISSR - Newsroom:  Aug 08 2019 08:51 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ