سیمینارێک به‌ناونیشانى (پێشکه‌وتن و گۆڕینى دیجیتاڵ) له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى به‌ڕێوه‌چوو

 

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 29-8-2019، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، سیمینارێک به‌ناونیشانى (پێشکه‌وتن و گۆڕینى دیجیتاڵ) بۆ به‌ڕێز مامۆستا شاخه‌وان میرزا پسپۆڕ‌ له‌ بوارى ئایتی، به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ سه‌ره‌تای سیمیناره‌که‌دا پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، وته‌ی به‌خێرهاتنی پێشکه‌شکرد. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "مامۆستا شاخه‌وان میرزا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ به‌رده‌وام هاوکاری ده‌سته‌ی کوردستانی و زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان بووه‌".

 

شێوازی گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی پارێزراو

پاشان مامۆستا شاخه‌وان میرزا به‌وردی باسی له‌و پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییانه‌ کرد که‌ له‌بواری دیجیتاڵ-دا به‌دیهاتوون، بۆ نموونه‌ دروستبوونی ئینته‌رنێت، نێتوۆرک، به‌ستنی کۆمپیوته‌ر پێکه‌وه‌، ناردنی ئیمه‌یل بۆ یه‌که‌مجار، چۆنێتی به‌ستنی ئامێره‌کان به‌ئینته‌رنێته‌وه‌، ناردنی زانیاریی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی. هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوه‌ زانستییانه‌ی روونکرده‌وه‌ که‌ پێویستن بۆ گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی پارێزراو له‌ شوێنێکه‌وه‌ بۆ شوێنێکی دیکه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زانیارییه‌کان که‌سی سێیه‌م، یان هاککه‌ر، نه‌توانن ده‌ستکارییان بکه‌ن، یان بیانخوێننه‌وه‌، یان بیانگۆڕن. وتیشی: ده‌توانرێت زانیارییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی زۆر پارێزراو له‌ رێگه‌ی Blockchain-ه‌وه‌ له‌ شوێنێکه‌وه‌ بنێردرێت بۆ شوێنێکی دیکه‌، به‌شێوه‌یه‌ک هیچ که‌سێک نه‌توانێت ده‌ستکاریی زانیارییه‌کان بکات، یان بیانگۆڕێت.

هه‌ر له‌ سیمیناره‌که‌دا باسی ئه‌وه‌کرا که‌ سیستمی دیجیتاڵ چۆن ده‌توانێت له‌ هه‌ندێک کاروباری رۆژانه‌دا جێگه‌ی مرۆڤ بگرێته‌وه‌، یان ئه‌و ئامێرانه‌ی که‌ هه‌ن، چۆن ده‌توانرێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ، له‌ بواری ته‌ندروستی و کاروباره‌کانی رۆژانه‌دا؟. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین نموونه‌ باسکران.

له‌ کۆتاییشدا له‌ نێوان پێشکه‌شکار و ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و له‌لایه‌ن پێشکه‌شکارى سیمیناره‌که‌وه‌ وه‌ڵامى پێویستى ئاماده‌بووان درایه‌وه‌.

 

بۆچوونی ئاماده‌بووانی سیمیناره‌که‌

له‌باره‌ى سیمیناره‌که‌وه‌، د.ڕۆژین که‌مال محه‌مه‌د ئه‌مین مامۆستا له‌ زانکۆى پۆلیته‌کنیکى سلێمانی که‌ یه‌کێک بوو له‌ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌که‌، به‌ سایتی ده‌سته‌ی کوردستانی www.kissr.edu.krd راگه‌یاند: سیمینارێکی پڕ زانیاریی تازه‌ و گرنگ بوو، پێشکه‌شکاری سیمیناره‌که‌ شاره‌زایی و زانیاریی زۆرباشی پێبوو، ده‌ستانخۆش، به‌ هیوای به‌رده‌وامیی چالاکیی له‌مجۆره‌.

 

هه‌روه‌ها مامۆستا هاوژین مه‌حمود یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌که‌ به‌ سایتی ده‌سته‌ی کوردستانی راگه‌یاند: له‌ سیمیناره‌که‌دا ئاماده‌بووان ئاشناکران به‌و پێشکه‌وتنانه‌ی که‌ له‌ بواری دیجیتاڵدا به‌دیهاتوون، وتیشی: رێکخستنی ئه‌مجۆره‌ سیمینارانه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا و له‌ ناوه‌نده‌ زانستییه‌کاندا گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ک ئاشنابین به‌و پێشکه‌وتنه‌ زانستییانه‌ی که‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا به‌دیهاتوون.

 

بۆ بینینى وێنه‌ى زیاترى سیمیناره‌که‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=533

بۆ خوێندنه‌وه‌ى هه‌واڵێک له‌مباره‌یه‌وه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=532

 

 

 


KISSR - Newsroom:  Sep 01 2019 05:24 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ