وەزیرى خوێندنى باڵا: دەمانەوێت رێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا بەشێوەیەک دابڕێژین رێگر بێت لە چوونە دەرەوەى سامانى نیشتمانى وڵاتەکەمان

 

د.ئارام محەمەد: لە رێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر دەکەین

 "دەرچوانى زانکۆکان ئەوانەى تائێستا دانەمەزراون، بەبێ رەچاوکردنى ساڵانى دەرچوون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن"

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختیکردەوە پێویستە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بەشێوازێک دابڕێژین ڕێگر بێت لەچوونە دەرەوەى سامانى نیشتمانى وڵاتەکەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین. دووپاتیشیکردەوە سەرجەم دەرچووانى زانکۆکان ئەوانەى تائێستا دانەمەزراون بەبێ ڕەچاوکردنى ساڵانى دەرچون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن.

ئەو جەختکردنەوەیەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەى داڕشتنەوەو پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هات، کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبوون.

لە وتەیەکدا بۆ یاریدەدەرانى سەرۆک زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسیکردن، کە بەردەوام ڕۆڵیان لە داڕشتنى بنەما زانستییەکان هەبوە بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵا بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان، وتیشى: لەم کۆبوونەوەیەدا پێداچوونەوە بە ڕێنمایەکانى خوێندنى باڵا- ماستەر و دکتۆرا دەکەین، بەشێوەیەک بۆ ئەمساڵى خوێندن بتوانین ئەم ڕێنماییانە بە باشترین شێوە ئامادەبکەین لەو پێناوەى زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین.

د.ئارام محەمەد قادر وتیشى: سەرجەم دەرچووانى زانکۆکان ئەوانەى تاکو ئێستا دانەمەزراون، لەمساڵدا بەبێ ڕەچاوکردنى ساڵانى دەرچوون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن، بۆ ئەمەش دووپاتیکردەوە دەخوازین بە ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیارانمان بتوانین ڕێگر بین لە بردنە دەرەوەى سەرمایەى نیشتمانى وڵاتەکەمان و کادرى زانستى و ئەکادیمى بە کواڵێت و ستاندارد و بنەما زانستییە پێشکەوتوەکان پێبگەیەنین.

وەزیرى خوێندنى باڵا زیاتر وتیشى: ئەم ڕێنماییانە بۆ کواڵێتى کۆرسەکان و توێژینەوەکانیشە بۆ ئەوەى توێژینەوەکان بچنە ئاستێکى باڵاتر و لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانى دنیا بڵاو بکرێنەوە، ئەمانەش بۆ ئەوەن بتوانین ئاستى زانکۆکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین لەڕووى زانستى و ئەکادیمى، هەروەک داواى لە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى کرد: پێویستە مۆدێل و ستایڵى گفتوگۆى ماستەر و دکتۆرا گۆڕانکارى بەسەردا بکرێت، بەشێویەک لەگەڵ بنەما زانستییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەکان بگونجێن و گفتوگۆکان لەئاستێکى زانستى و باڵا بەڕێوەببردرێن.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا بەخستنەڕووى دیدو بۆچوونى زانستى، گفتوگۆیەکى ورد لەبارەى داڕشتن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.

 


KISSR - Newsroom:  Sep 08 2019 06:44 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ