وەزیری خوێندنی باڵا: دەستەی كوردستانی دەزگایەكی یەكجار گرنگ و پڕبایەخە

 

د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی دەزگایەكی یەكجار گرنگ و پڕ بایەخە و بەدڵنیاییەوە جێگەی گرنگیپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەبێت.

ئەمڕۆ 8-9-2019، د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهاوڕێیەتیی د.ئامانج عەبدوڵڵا سەعید راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، د.محەمەد حسێن سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، د.خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەت، سەردانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی كرد و لەلایەن پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی، پ.د.خالید مەحمود ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی كوردستانی، د.ڤیان فەرەج، د.نەوفەل محەمەد بەهجەت، د.نەرمین ساڵح ئەحمەد، د.عەلی محەمەد ساڵح، د.فەرەیدون نەجم، د.شیروان عەبدوڵڵا، د.زانا جەمال، م.محەمەد بابۆڵی، م.ئارا رۆژبه‌یانی،  م.كاروان قەرەداغی، م.بڕیار حەسەن و ژمارەیەك لە  مامۆستایان و توێژەران و پسپۆڕان و لێپرسراو و كارمەندانی تاقیگە جۆراوجۆرەكان و كارمەندانی دەستەی كوردستانی-یەوە، پێشوازییانلێكرا.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەفدی هاوڕێی، تاقیگە و بەشەجیاجیاكان و ئۆفیسی پەیوەندییە ناوخۆیی و جیهانییەكانی دەستەی كوردستانی، ئۆفیسی زانكۆی گوتنگنی ئەڵمانی لە دەستەی كوردستانی، جیۆپاركی دەستەی كوردستانی، پیشانگەی بەرد و بەبەردبووەكان، گەورەترین پەیكەری دایناسۆر، پیشانگەی وێنەیی شێوازەكانی دەركەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی، ئەشكەوتی كلتووری لە دەستەی كوردستانی بەسەركردەوە .

 وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا "دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی دەزگایەكی یەكجار گرنگ و پڕ بایەخە و بەدڵنیاییەوە جێگەی گرنگیپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەبێت"، وتیشی: دەستەی كوردستانی كاری زۆرباشی كردووە و  لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان پێویستمان بەم دەزگایە و سەرخستنی كارەكانی هەیە.

 

راپۆرتێك لەمبارەیەوە بڵاودەكەینەوە.

 


KISSR - Newsroom:  Sep 08 2019 03:59 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ