وه‌زیرى خوێندنى باڵا: ده‌سته‌ى کوردستانى کارى زۆرباشى کردووه‌ و له‌سه‌ر ئاستى عیراق و کوردستان پێویستمان به‌م ده‌زگایه‌ و سه‌رخستنى کاره‌کانى هه‌یه‌

 

د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی: بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌، پێویسته‌ سوود له‌ توێژینه‌وه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى وه‌ربگیرێن

 

راپۆرتی، راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی کوردستانی

د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رایگه‌یاند: ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى ده‌زگایه‌کى یه‌کجار گرنگ و پڕ بایه‌خه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێگه‌ى گرنگیپێدانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى ده‌بێت، وتیشی: بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌، پێویسته‌ سوود له‌ توێژینه‌وه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى وه‌ربگیرێن، راشیگه‌یاند: ده‌سته‌ى کوردستانى کارى زۆرباشى کردووه‌ و  له‌سه‌ر ئاستى عیراق و کوردستان پێویستمان به‌م ده‌زگایه‌ و سه‌رخستنى کاره‌کانى هه‌یه‌.

 

رۆژی 8-9-2019، د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌هاوڕێیه‌تیى د.ئامانج عه‌بدوڵڵا سه‌عید راوێژکارى وه‌زیرى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی، د.محه‌مه‌د حسێن سه‌رۆکى ده‌زگاى سه‌رپه‌رشتى و دڵنیایى جۆری، د.خه‌تاب ئه‌حمه‌د شێخانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى کارگێڕى و دارایى له‌ وه‌زاره‌ت، سه‌ردانى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى کرد و له‌لایه‌ن پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانی، پ.د.خالید مه‌حمود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانی، د.ڤیان فه‌ره‌ج، د.نه‌وفه‌ل محه‌مه‌د به‌هجه‌ت، د.نه‌رمین ساڵح ئه‌حمه‌د، د.عه‌لى محه‌مه‌د ساڵح، د.فه‌ره‌یدون نه‌جم، د.شیروان عه‌بدوڵڵا، د.زانا جه‌مال، م.محه‌مه‌د بابۆڵی، م.ئارا رۆژبه‌یانی، م.کاروان قه‌ره‌داغی، م.بڕیار حه‌سه‌ن و ژماره‌یه‌ک له‌  مامۆستایان و توێژه‌ران و پسپۆڕان و لێپرسراو و کارمه‌ندانى تاقیگه‌ جۆراوجۆره‌کان و کارمه‌ندانى ده‌سته‌ى کوردستانی-یه‌وه‌، پێشوازییانلێکرا.

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و وه‌فدى هاوڕێی، تاقیگه‌ و سه‌نته‌ره‌ زانستییه‌کان و به‌شه‌جیاجیاکان و ئۆفیسى په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆیى و جیهانییه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانی، ئۆفیسى زانکۆى گوتنگنى ئه‌ڵمانى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانی، جیۆپارکى ده‌سته‌ى کوردستانی، پیشانگه‌ى به‌رد و به‌به‌ردبووه‌کان، گه‌وره‌ترین په‌یکه‌رى دایناسۆر، پیشانگه‌ى وێنه‌یى شێوازه‌کانى ده‌رکه‌وتنى ژیان له‌سه‌ر گۆى زه‌وی، ئه‌شکه‌وتى کلتوورى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى به‌سه‌رکرده‌وه‌ .

 

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌که‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت ئه‌م راپۆرته‌ی خواره‌وه‌ی بڵاوکردۆته‌وه‌:

 

وه‌زیرى خوێندنى باڵا: بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌، سوود له‌ توێژینه‌وه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى وه‌ربگیرێن

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رایگه‌یاند: وه‌ک چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌و گرفته‌کانى هه‌رێمه‌که‌مان، پێویسته‌ سوود له‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌ جیاجیاکانى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و  زانستى وه‌ربگیرێن.

ئه‌م راگه‌یاندنه‌ى د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ٨-٩-٢٠١٩، له‌میانى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى هات.

له‌سه‌ره‌تاى به‌سه‌رکردنه‌وه‌که‌دا که‌ هه‌ریه‌ک له‌ راوێژکارو به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتیى وه‌زاره‌ت یاوه‌ریان ده‌کرد، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌ش و تاقیگه‌و سێنته‌ره‌ زانستییه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى به‌سه‌رکرده‌وه‌و له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى کاروباره‌کانى په‌یوه‌ست به‌ ده‌سته‌که‌ى کۆڵییه‌وه‌، به‌تایبه‌ت سێنته‌ر و تاقیگه‌کانى جیۆلۆجی و ئۆرگانیک پیترۆلۆجی، سه‌نته‌رى مایکرۆبایلۆجی و ته‌ندروستی، سه‌نته‌رى کواڵیتى کۆنترۆڵ‌و ژینگه‌و کشتوکاڵ‌و ته‌ندروستیى کۆمه‌ڵ، سه‌نته‌رى دراساتى ستراتیجی) به‌سه‌رکرده‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ وته‌یه‌کدا، کورته‌یه‌کى له‌باره‌ى کارو پڕۆژه‌کان پێشکه‌شکردو رایگه‌یاند: یه‌کێک له‌ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ده‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ‌ئاستى توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌کوردستان به‌هێنانى ته‌کنه‌لۆجیاى نوێ‌و داهێنان‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌کییه‌کان په‌ره‌ى پێبدرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هه‌وێنێک بۆ به‌رزبونه‌وه‌ى کواڵێتی، به‌دروستبوونى نێت وۆرکێک له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانى توێژینه‌وه‌ له‌جیهان که‌ ده‌توانرێت توێژینه‌وه‌ى ئاستبه‌رز ئه‌نجام بدرێت و له‌گۆڤاره‌ زانستییه‌ ره‌سه‌نه‌کانى جیهان بڵاوببێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تاقیگه‌ى پێشکه‌وتوو له‌ده‌سته‌که‌ دامه‌زراوه‌، که‌ له‌و ئاسته‌دایه‌ پشکنینى به‌رز ئه‌نجام بدات و بتوانرێت له‌گه‌ڵ ده‌زگا زانستییه‌ جیهانییه‌کاندا توێژینه‌وه‌ى هاوبه‌ش بکرێت. یاخود خوێندکارى ماسته‌رو دکتۆرا له‌ناوه‌وه‌و دره‌وه‌ى وڵاته‌وه‌ وه‌ربگرێت. وتیشى: ئامانجێکى دیکه‌ى ده‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ (کادرى زانستیى پێشکه‌وتوو پێبگه‌یه‌نێت‌) که‌ ئه‌م کادره‌ زانستییانه‌ ده‌توانن یارمه‌تیده‌ربن بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵ‌و هه‌رێمه‌که‌مان.

 له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د. ئارام محمد قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رایگه‌یاند: له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌کانمان بۆ زانکۆ و دامه‌زراوه‌ ئه‌کادیمیه‌کانى کوردستان و به‌ مه‌به‌ستى له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربون له‌ چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى کاره‌کان و گوێگرتن له‌ گرفت و پێشنیازه‌کان، ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینه‌وه‌ى زانستیمان به‌سه‌رکرده‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش وتى: ده‌سته‌ى کوردستانى یه‌کێکه‌ له‌ ده‌زگا گرنگ و پر بایه‌خه‌کان له‌ هه‌رێمه‌که‌مان، له‌ڕابردوو ئه‌م ده‌زگا زانستییه‌ کارى باشى کردووه‌و هه‌میشه‌ له‌خزمه‌ت زانست‌و زانستخوازاندایه‌و ئێستاش به‌شێوازێکى فراوانترو له‌ڕێگه‌ى پسپۆڕى زانستى له‌بواره‌ جیاوازه‌کان‌ و تاقیگه‌و سێنته‌رى پێشکه‌وتووه‌وه‌، به‌رده‌وامه‌ له‌خزمه‌تکردن ‌و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵى په‌ره‌پێدانى کاره‌کانیدایه‌.

د.ئارام محه‌مه‌د وتیشى: له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى کۆمه‌ڵێک تواناى مرۆیى باش هه‌یه‌و توانیویانه‌ له‌ سه‌ر ئاستى عیراق و کوردستان توێژینه‌وه‌ى کاریگه‌رو پێویست ئه‌نجامبده‌ن که‌ ئه‌م توێژینه‌وانه‌ پێویسته‌ وه‌ک چاره‌سه‌رێک به‌کاربێن بۆ کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌. هه‌روه‌ک وتیشى: بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ بتوانین په‌یوه‌ندیى ده‌سته‌که‌ له‌گه‌ڵ دنیاى ده‌ره‌وه‌ فراوان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین کاریگه‌رتر له‌ڕێگه‌ى توێژینه‌وه‌کان کار بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانمان بکه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌تى بۆ ده‌سته‌که‌ دووپاتکرده‌وه‌.

ده‌سته‌ى کوردستانى په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ زانکۆ و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کانى جیهاندا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ زانکۆى جۆرج ئۆگوست له‌شارى گۆتینگنى ئه‌ڵمانى که‌ یه‌کێکه‌ له‌زانکۆ پێشکه‌وتووه‌کانى جیهان‌ و به‌رده‌وامیش مامۆستایان‌و پسپۆڕانى هه‌ردوولا توێژینه‌وه‌و پڕۆژه‌ى هاوبه‌شى زانستى له‌نێواندا هه‌یه‌، له‌لایه‌کى دیکه‌شه‌وه‌ ده‌سته‌که‌ ڕێکخه‌رى ناوخۆیى چه‌ند پرۆژه‌یه‌کى دیکه‌ى جیهانییه‌ وه‌ک پڕۆژه‌ى تایگرێس.

بۆ خوێندنه‌وه‌ و بینینی وێنه‌کانی ئه‌م راپۆرته‌ له‌ سایتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌:

http://www.mhe-krg.org/ku/node/4015

 

 ده‌قی لێدوانی وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن

هه‌ر له‌میانی سه‌ردانه‌که‌دا، د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌لێدوانێکدا بۆ که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن، ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی روونکرده‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌قی لێدوانه‌که‌یه‌:

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌کانمان بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی دام و ده‌زگاکانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و زانکۆکان، سه‌ردانی ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى-مان کرد. بێگومان ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، ده‌زگایه‌کی یه‌کجار گرنگ و پڕبایه‌خه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێگه‌ى گرنگیپێدانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى ده‌بێت.

ده‌سته‌ی کوردستانی له‌ رابردوودا کاری زۆرباشی کردووه‌ و هیوادارم ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌بێت به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌تی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بکه‌ین، لای ئێمه‌ کاره‌کانی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ جێگه‌ی ته‌قدیر و پێزانینه‌، له‌ ده‌سته‌ی کوردستانی کۆمه‌ڵێک کادر و توانای زانستی باش هه‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک ئیشی زۆرباشیان کردووه‌، له‌سه‌ر ئاستى عیراق و کوردستان پێویستمان به‌م ده‌زگایه‌ و سه‌رخستنى کاره‌کانى هه‌یه‌، پێویستمان به‌وه‌یه‌ به‌باشترین شێوه‌ خزمه‌تی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بکه‌ین.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا سه‌ردانی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ بۆ رێکبخه‌ین، کێشه‌ و گرفته‌کانیان له‌ڕووی دارایی و توانای مرۆییه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ین. له‌ کوێ ده‌توانین هاوکاریان بین، هاوکاریان ده‌بین. دڵنیایان ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ سه‌رخستنی کاره‌کانیان، ئێمه‌ درێغی له‌هیچ جۆره‌ هاوکاری و پشتیوانییه‌ک ناکه‌ین.

 

بۆ بینینى وێنه‌ى زیاترى سەردانەکه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=537

 

 

 

 


KISSR - Newsroom:  Sep 11 2019 06:27 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ