دووه‌مین کۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس دەستیپێکرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٦-١٠-٢٠١٩، له‌ سلێمانی دووه‌مین کۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس به‌ناونیشانی (به‌ره‌و بنیادنانی ستراتیجی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی کوردستان-عیراق)، بەئامادەبوونی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەفدی پێنج زانکۆی ئەوروپی و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و وەفدی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حکومی و پسپۆڕانی بواری خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی، دەستیپێکرد.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا سەرەتا پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى لە وتارێکدا  بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو وردەکاریی و گرنگیی پڕۆژەی تایگرس-ی روونکردەوە.

هەروەها د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتارێکدا گرنگیی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی روونکردەوەو پشتیوانی  وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ پڕۆژەی تایگرس دووپاتکردەوە و وتیشی: بە دڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیازەکانی کۆنفرانسەکە بە هەند وەردەگرین.

دواتر د.ئووڤە موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی گوتنگن لە ئەڵمانیا وتارێکی پێشکەشکرد.

دووه‌مین کۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی-یه‌وه‌ رێکخراوه.

 هەروەها لەلایەن دەزگای میدیایی کوردسات-ەوە، سپۆنسەری میدیایی دەکرێت.‌

ئامانجى پڕۆژه‌ى تایگرس

زانکۆى (گوتنگن) له‌ ئه‌ڵمانیا که‌ زانکۆیه‌کى به‌ناوبانگى جیهانییه‌، له‌گه‌ڵ زانکۆکانى (خرۆنینگن له‌ هۆڵه‌ندا، لیوڤن له‌ به‌لجیکا، مه‌ساریک له‌ چیک، په‌یمانگه‌ى گلۆبه‌ڵ ئیمپاکت له‌ چیک)، پڕۆژه‌یه‌کى ئه‌وروپى هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى هه‌رێم و (9) دام و ده‌زگاى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵادا، به‌ناونیشانى پڕۆژه‌ى تایگرس له‌مانگى 11ى 2017-ه‌وه‌ خسته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

مه‌به‌ستى سه‌ره‌کى پڕۆژه‌که‌ که‌ به‌بڕى زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن یۆرۆ له‌لایه‌ن یه‌کێتیى ئه‌وروپاوه‌ فه‌ند ده‌کرێت و ماوه‌ى (3) ساڵ ده‌خایه‌نێت، به‌نێوده‌وڵه‌تیکردنى زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستانه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تائێستا چه‌ندین ۆرکشۆپ و سیمینار و سیمپۆزیۆم رێکخراوه‌ و رێکده‌خرێت.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێى ده‌وترێت پڕۆژه‌ى کلیل که‌ له‌میانى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ زانکۆکانى ئه‌وروپادا ده‌توانن پڕۆژه‌ى دیکه‌ له‌ یه‌کێتیى ئه‌وروپا پێشکه‌ش بکه‌ن.

له‌ پڕۆژه‌ى تایگرس-دا، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی، ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى وه‌ک رێکخه‌رى پڕۆژه‌که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، زانکۆکانى (سلێمانی، سه‌ڵاحه‌دین-هه‌ولێر، چه‌رموو، راپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌)، زانکۆکانى پۆلیته‌کنیک له‌ (هه‌ولێر و سلێمانى  و دهۆک) به‌شدارن.

بۆ خوێندنەوەی زانیاریی زیاتر لە بارەی پرۆژەی تایگرس کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=515

سایتی ده‌سته‌ی کوردستانی له‌نێو هۆڵی کۆنفرانسه‌که‌وه‌ رووماڵی راسته‌وخۆی کۆنفرانسه‌که‌ ده‌کات و دواتر راپۆرت و وێنه‌و زانیاریی زیاتر بڵاوده‌کاته‌وه.


KISSR - Newsroom:  Oct 06 2019 11:55 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ