ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێنماییەکانى ماستەر و دکتۆرا و ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیى پەسەندکرد

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەپەسەندکردنى ڕێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەمەودوا لەڕێگەی پلانەکانی خوێندنەوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی دەرچوانیش بتوانن کاتەکانتان بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییەکانیان لەناوخۆى هەرێم بەکاربهێنن.

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٦-١٠-٢٠١٩) ئەنجومەنى وەزارەت بەسەرۆکایەتى د. ئارام محەمەد قادر سەرۆکى ئەنجومەن و ئامادەبونى سەرۆکی زانکۆ حکومییەکان کۆبونەوەى تەواوکارى ژمارە (٥) ساڵى ٢٠١٩ى  لەشارى سلێمانى ئەنجامداو چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى ڕەوشى خوێندنى باڵاى کوردستان بڕیاریان لێوەدرا. لە گرنگترین بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:

 

  •         کۆنوسى لێژنەى سێنتەرەکانى زمان پەسەندکرا:

سەبارەت بە پەسەندکردنى کۆنوسى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى سێنتەرەکانى زمان بەمەبەستى پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانى زمانى ئینگلیزى لە کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و سەرپەرشتى کردنى کاروبارى سێنتەرەکان، ئاماژە بۆ ئەوە کرا کۆنوسەکان لەبەرژەوەندى خوێندکاران و هەمو ئەو کاندیدانەیە کە سەرقاڵى ئەم پرۆسەیەن، بۆ ئەمەش د. محمد حوسێن سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بە ڕێنمایەکانى زمانى ئینگلیزى ئاماژەى پرۆگرامەکانى خوێندن و تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاست و خولى ڕاهێنان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى کۆتایى و هەڵسەنگاندنى کۆتایى خولەکان و تاقیکردنەوەى کۆتایى و دانانى پرسیار و لێژنەى تاقیکردنەوەکان و لێژنەى راستاندن و گازاندەو کاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى کردو بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خستەڕو.

 

  •         ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا پەسەندکرا:

لەبارەى کردنەوەى خوێندنى باڵا- ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، دواى ڕاگۆڕینەوەى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت و گفتوگۆکردن لەسەر یەکە بە یەکەى بڕگەو مادەکانى پەیوەست بە پوختەى ڕێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەوانە (مه‌رجی تێكرای نمره‌ (معدل)، مه‌رجی توانستی زمانی ئینگلیزی، مه‌رجی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی، مه‌رجی ته‌مه‌ن، مه‌رج و پێداویستی كردنه‌وه‌ی ماسته‌ر و دکتۆرا له‌ زانكۆكان، پێشكه‌شكاری ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی عێراق، پێداویستیه‌ زانستیه‌كانی خوێندن، پلان و ژماره‌ی كورسیه‌كان ... هتد ) تاوتوێکران، دواتریش ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنماییەکانى ماستەرو دکتۆراى پەسەندکرد.

بۆ پەسەندکردنى ڕێنماییەکانیش د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەمەودوا و لەڕێگەی پلانەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەتوانین دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان.

وابڕیارە لەداهاتویەکى نزیکداو دواى  پوختکردنى ڕێنماییەکان بەو گۆڕانکارییانەى لە کۆبونەوەکەدا بڕیارى لێدرا، ڕێنماییەکان بڵاودەکرێ،ەوە بۆ ئەوەى خوازیاران بتوانن ئاشنای تەواوى ڕێنماییەکان بن و خۆیان بۆ خوێندنى ماستەرو دکتۆرا ئامادەبکەن.

 

  •         ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیى پەسەندکرا:

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران- قوتابیانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) پەسەندکرا. واش بڕیارە  لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى وەرگرتن ڕابگەیەنرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و تەوەرێکى دیکەى پەیوەست بە بوارى زانستى و خوێندکاران و کارگێڕى پەیوەست بە زانکۆکان و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و داواکارى و پێشنیازى مامۆستاو فەرمانبەر و هاوڵاتیان گفتوگۆى لەبارەوە کراو بەپێى پەیوەندى و لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان بڕیاریان لێدرا.

 


KISSR - Newsroom:  Oct 06 2019 09:01 PM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ