وەزیرى خوێندنى باڵا: پڕۆژەى تایگرس یەکێکە لە ستراتیژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان

"كردنه‌وه‌ی زانكۆیه‌كی ئه‌ڵمانی-كوردستانی له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا، بۆ ئه‌وه‌ش بڕیاردرا دوای دراسه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ و وه‌رگرتنی بۆچوونی فه‌رمانگه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئه‌م پرسه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كار بۆ په‌سەندكردن" 

 

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پڕۆژەى تایگرس یەکێکە لە ستراتیژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانى کوردستان بەهەماهەنگى لەگەڵ چەند زانکۆیەکى ئەوروپى.

ئەو لێدوانەى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە وەفدێکى زانکۆى گۆتنگن لە وڵاتى ئەڵمانیا و شارەزایانى بوارى سیستمی بۆلۆنیا و پڕۆژەى تایگرس کە پێکهاتبون لە هەریەک (ئوڤە موس) بەرپرسى پەیوەندییەکان لە زانکۆى گۆتنگن و (کارلۆس مەخادۆ) شارەزا لەبوارى سیستمى بۆلۆنیا و ئەندامانى دیکەى زانکۆکە لەبوارى تایگرس.

لەو دیدارەدا کە هەریەک لە پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، وەفدەکەى زانکۆى گۆتنگن لە وڵاتى ئەڵمانیا، ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئامادەن لە ڕێگەى پرۆژەى تایگرس و بەرنامەى نوێ هاوکارو یارمەتیدەرى زانکۆکانمان بن، بەتایبەت هاوکاریکردنى زانکۆکانى کوردستان لە جێبەجێکردنى بنەماکانى  پرۆسەى بۆلۆنیاو هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زانکۆیانەى سیستمى بۆلۆنیا جێبەجی دەکەن.

لە بەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدەکە، باسى لە هاوکارى و هەماهەنگییەکانى حکومەت و گەلى ئەڵمانیا کرد بۆ هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش سوپاسى حکومەتى ئەڵمانیاى کرد بۆ پشتگیرییە جۆراو جۆرەکانى بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان، وتیشى: شەڕى داعش و تیرۆر ئەو راستییەى بۆ بەرجەستە کردین، کە ئێوە چەند هاوکار پشتیوانى خەڵکى کوردستان بوون، بەتایبەت لە سەنگەرى ئازادى و بەرگرى لە مرۆڤایەتى.

لەبارەى هاوکارییەکانى ئەڵمانیا بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵا، د.ئارام محەمەد ڕایگەیاند: هەوڵ و پرۆژەکانى وڵاتى ئەڵمانیا بۆ خوێندنى باڵاى کوردستان بەرز دەنرخێنین و پێوستمان بەوەیە هاوکارییەکانیان بۆ سێکتەرو بەرنامەکانى دیکەى وەزارەت زیاتر بێت.

سەبارەت بە جێبەجێکردنى پرۆژەى تایگرس لە زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پرۆژەى تایگرس بریتیە لە دارشتنى ستراتیژى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ بەشدارەکانى کوردستان لەگەڵ هاوکارەکانیان لە زانکۆ ئەوروپییەکان، کە هەریەک لە زانکۆکانى کوردستان توانیویانە ستراتیژى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانیان دابڕێژن. بۆ ئەمەش د.ئارام محەمەد دوپاتیکردەوە ڕاسپاردەو پێشنیازەکانى دووەمین کۆنفرانسى پرۆژەى تایگرس کە لە شارى سلێمانى بەرێوەچوو، کارى جدییان لەسەر دەکرێت و بەردەوامى بە پرۆژەکە دەدەین.

جێگەى ئاماژەیە لەڕێگەی پرۆگرامی تایگرس (١٠) زانکۆ و دامەزراوەى هەرێمى کوردستان و (٥) دامەزراوەى ئەوروپی هەماهەنگی دەکەن بۆ فراوانکردنی رەهەندی نێودەوڵەتی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەم بەرنامەیەش  بە پشتیوانی  وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و پرۆگرامی ئیراسمەس پڵەسی ئەوروپی جێبەجێکراوە.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كردنه‌وه‌ی زانكۆیه‌كی ئه‌ڵمانی-كوردستانی له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا، بۆ ئه‌وه‌ش بڕیاردرا دوای دراسه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ و وه‌رگرتنی بۆچوونی فه‌رمانگه‌ی تایبه‌تمه‌ند له‌ وه‌زاره‌ت، ئه‌م پرسه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كار بۆ په‌سەندكردن. 


KISSR - Newsroom:  Oct 10 2019 10:02 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ