پاڵنه‌ره‌ بایۆلۆژییه‌کانى پاراستنى ژیان

 

رۆژی سێشه‌ممه‌ 12-11-2019، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، سیمینارێک به‌ناونیشانى (پاڵنه‌ره‌ بایۆلۆژییه‌کانى پاراستنى ژیان)، به‌ڕێوه‌چوو.

سیمینار و چالاکییه‌ زانستییه‌کان به‌رده‌وام ده‌بن
له‌ سیمیناره‌که‌دا که‌ له‌لایه‌ن گروپى زانستدۆستان-ه‌وه‌ رێکخرا بوو، وته‌ى به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن پ.د.خالید مه‌حمود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، پێشکه‌شکرا و رایگه‌یاند: ئه‌م سیمیناره‌ له‌ درێژه‌ى ئه‌و زنجیره‌ سیمینارانه‌دایه‌ که‌ ده‌سته‌ى کوردستانى له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا رێکیانده‌خات، وتیشی: ده‌سته‌ى کوردستانى به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ رێکخستنى سیمینار و چالاکى زانستى له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا، راشیگه‌یاند: ده‌سته‌ى کوردستانى به‌رده‌وام له‌ خزمه‌ت زانست و زانستخوازاندایه‌.

مێشکی مرۆڤ دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر سێ به‌شدا
پاشان شاژیر محه‌مه‌د رێکخه‌ری گروپى زانستدۆستان وەک پێشەکییەک بۆ دەستپێکردنی تەوەرەکانی سیمینارەکە، ئامانجی گروپى زانستدۆستانی روونکردەوە، هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "به‌شێوه‌یه‌کی گشتی مێشکی مرۆڤ دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر سێ به‌شدا، مێشکی غه‌ریزی، مێشکی سۆزداری، مێشکی زینده‌وه‌ره‌ باڵاکان"، کاری هه‌ریه‌ک له‌م به‌شانه‌ی مێشک و رۆڵیان له‌ هاندانی مرۆڤ له‌پێناوی به‌رگریکردن له‌ مانه‌وه‌دا روونکرده‌وه‌ و وتیشی: هه‌رسێ به‌شه‌که‌ی مێشک پێکه‌وه‌ هانمان ده‌ده‌ن بۆ مانه‌وه‌ و به‌رگریکردن له‌ ژیانی مرۆڤ.

بنه‌ما جێنه‌تیکییه‌کانى مانه‌وه‌ى زینده‌وه‌ر
دواتر د.به‌هرۆز جاف بابه‌تێکی به‌ناونیشانی (بنه‌ما جێنه‌تیکییه‌کانى مانه‌وه‌ى زینده‌وه‌ر) پێشکه‌شکرد و تێیدا باسی له‌ مێژووی زینده‌وه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی کردو ئه‌و هۆکاره‌ جینیانه‌ی که‌ بوونه‌ته‌ هۆی په‌یدابوونی جۆری زینده‌وه‌ری نوێ و له‌ناوچوونی جۆری دیکه‌ی زینده‌وه‌ر، روونکرده‌وه‌. هه‌روه‌ها باسی له‌ بنه‌ماکانی گۆڕانکاریی له‌ شێوه‌ و ره‌فتاری زینده‌وه‌ر وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌ بۆ فشاره‌کانی سروشت کرد. تیشکیشی خسته‌سه‌ر په‌یدابوونی جین و وێنه‌ جیاوازه‌کانیان و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ جینه‌کانی دیکه‌دا هه‌یانه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌کی بایۆلۆجی دیاریکراو که‌ ببێته‌ مایه‌ی خۆگونجاندنی زینده‌وه‌ر له‌پێناوی مانه‌وه‌دا.

جینه‌ خۆپه‌رسته‌کان
هه‌روه‌ها م.حسێن حسێنی بابه‌تێکی به‌ناونیشانی (جینه‌ خۆپه‌رسته‌کان)، پێشکه‌شکرد و وتی: جینی خۆپه‌رست فه‌رمانڕه‌وایی له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیان ده‌کات، ئامانجی جینی خۆپه‌رست ئه‌وه‌یه‌ خۆی بگوازێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو، ئه‌م میکانیزمه‌ ده‌کرێت ببێته‌ هۆی پاراستنی خزمایه‌تی و نه‌وه‌ له‌ناو زینده‌وه‌راندا.

مانه‌وه‌ بۆ گونجاوترین
له‌ درێژه‌ی ته‌وه‌ره‌کانی سیمیناره‌که‌دا، م.کۆرش ئارارات بابه‌تێکی به‌ناونیشانی (مانه‌وه‌ بۆ گونجاوترین) پێشکه‌شکرد و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ژیان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی و به‌هۆی گۆڕانکارییه‌کان له‌ ژینگه‌دا، گۆڕانکاری له‌ جۆری زینده‌وه‌ره‌کاندا روویداوه‌، وتیشی: په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانکاریی له‌ جۆره‌کانی زینده‌وه‌ردا پرۆسه‌یه‌کی گشتگیر بووه‌ و به‌ درێژایی مێژووش گۆڕانکاریی له‌ پێکهاته‌کانی زینده‌وه‌ردا روویداوه‌.

له‌ کۆتاییشدا له‌ نێوان پێشکه‌شکاران و ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌دا گفتوگۆی زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و وه‌ڵامى پێویستى پرسیاری ئاماده‌بووان درایه‌وه‌.

بۆ خوێندنەوەی هەواڵی زیاتر لەمبارەیەوە كلیك لەسەر ئەم لینكانە بكە:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=591

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=590

 

 


KISSR - Newsroom:  Nov 13 2019 10:46 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ