له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى سیمینارێک له‌باره‌ی جێبه‌جێکردنى سیستمى (ئى سى تى ئێس) به‌ڕێوه‌چوو


رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 6-2-2020، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، سیمینارێک له‌باره‌ی جێبه‌جێکردنى سیستمى (ئى سى تى ئێس) بۆ به‌ڕێزان مامۆستا بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسى په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆیى و جیهانییه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى، د.فه‌ره‌یدون نه‌جم ره‌شید سه‌رۆکى لیژنه‌ى وه‌رگرتنى خوازیارانى خوێندنى دبلۆمى باڵا له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى، به‌ڕێوه‌چوو.

جێبه‌جێکردنى سیستمى (ئى سى تى ئێس)
به‌شی یه‌که‌می سیمیناره‌که‌ تایبه‌ت بوو به‌ شێوازی جێبه‌جێکردنى سیستمى (ئى سى تى ئێس) بۆ پرۆگرامه‌کانى خوێندنى دبلۆمى باڵاى یه‌ک ساڵه‌، ماسته‌ر و دکتۆرا له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى. له‌وباره‌یه‌وه‌ مامۆستا بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، تیشکى خسته‌ سه‌ر چۆنێتیى جێبه‌جێکردنى سیستمى (ئى سى تى ئێس) و چۆنێتیى دیزاینکردنى کۆرسى خوێندن و هه‌ژمارکردنى ورک لۆد. هه‌روه‌ها به‌ چه‌ند خاڵێک گرفته‌کانى جێبه‌جێکردنى سیستمه‌که‌ى له‌ زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان، روونکرده‌وه‌.

چۆنێتیى جێبه‌جێکردنى رێنماییه‌کان
به‌شى دووه‌مى سیمیناره‌که‌ تایبه‌ت کرابوو به‌ چۆنێتیى جێبه‌جێکردنى رێنماییەکانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى بۆ خوێندنى دبلۆمى باڵا به‌ شێوازى کریدیت و سیستمی بۆلۆنیا. له‌وباره‌یه‌وه‌ د.فه‌ره‌یدون نه‌جم ره‌شید، هه‌نگاوه‌کانى داڕشتن و ئاماده‌کردنى بابه‌ته‌کانى پسپۆڕییه‌ جیاوازه‌کانى خوێندنى دبلۆمى باڵاى بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێکردنى له‌ پڕۆسه‌ى خوێندنى باڵا له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌ پشتبه‌ستن به‌ بنه‌ما و رێکاره‌ پێویستییه‌کانى سیستمى بۆلۆنیا.

له‌ کۆتاییشدا له‌نێوان پێشکه‌شکاران و ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌دا گفتوگۆى زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و وه‌ڵامى پێویستى پرسیارى ئاماده‌بووان درایه‌وه‌.


KISSR - Newsroom:  Feb 08 2020 08:25 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ