له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى سیمینارێک به‌ناونیشانى (رۆڵى سه‌نته‌ره‌کانى جێنده‌ر له‌ زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان و ده‌سته‌ى کوردستانى) به‌ڕێوه‌چوو


رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 6-2-2020، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى سیمینارێک به‌ناونیشانى (رۆڵى سه‌نته‌ره‌کانى جێنده‌ر له‌ زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان و ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی) بۆ به‌ڕێز خاتوو مهاباد حسێن جه‌لال شاره‌زا و به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى یه‌کسانى جێنده‌رى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ سیمیناره‌که‌دا خاتوو مهاباد حسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "جێنده‌ر وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه‌و به‌شێوه‌یه‌کی ورد پێیده‌وترێت هه‌مه‌ڕه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی، یاخود جۆری کۆمه‌ڵایه‌تی". پاشان له‌ چه‌ند خاڵێکدا هۆکاره‌کانی جیاوازیی له‌نێوان ژن و پیاودا خسته‌ڕوو.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی سیمیناره‌که‌دا خاتوو مهاباد حسێن پێناسه‌ و ئامانجی سه‌نته‌رى یه‌کسانى جێنده‌رى روونکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: سه‌نته‌ری یه‌کسانی جێنده‌رناسی، ناوه‌ندێکی ئه‌کادیمییه‌ به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی و زانستی دوور له‌هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌ک به‌پێی میتۆد و بنه‌ما زانستییه‌کان کار له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ جۆری کۆمه‌ڵایه‌تی (جێنده‌ر) ده‌کات به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی یه‌کسانی جێنده‌ری له‌نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا.
به‌ چه‌ند خاڵێکیش باسی له‌ ئامانجه‌کانی سه‌نته‌رى یه‌کسانى جێنده‌رى کرد و گرنگترینیان بریتییه‌ له‌: گۆڕینی تێڕوانینی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان و تاکه‌ که‌س بۆ جێنده‌ر و پرسی جێنده‌ر، بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاری تاکه‌ که‌س، خێزان، کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی نا توندوتیژیی بۆ به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانی و رێزگرتن له‌ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤ بوون، هه‌ماهه‌نگی و هاوکاریکردنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ئاڕاسته‌ى رێزگرتن له‌ هه‌مه‌جۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌دیهێنانی یه‌کسانی جێنده‌ری، دروستکردنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان دامو ده‌زگاکانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی له‌گه‌ڵ سێکته‌ره‌کانی تری حکومه‌ت و کومه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی یه‌کسانی و نه‌هێشتنی جیاوازی جێنده‌ری، کارکردن بۆ دابینکردنی ده‌رفه‌ت و کورسی خوێندن و راهێنان له‌ بواری جێنده‌ردا.
هه‌ر له‌ سیمیناره‌که‌دا تیشک خرایه‌سه‌ر کاره‌ گرنگه‌کانی سه‌نته‌رى یه‌کسانى جێنده‌رى.

له‌کۆتاییشدا له‌نێوان پێشکه‌شکار و ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌دا، گفتوگۆى زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و وه‌ڵامى پێویستى پرسیارى ئاماده‌بووان درایه‌وه‌.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى هه‌واڵێکی دیکه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:

 

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=634

 


KISSR - Newsroom:  Feb 09 2020 09:34 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ