ده‌سته‌ى کوردستانى و بنکه‌ى ژین یاداشتێکی لێکتێگه‌یشتنیان ئیمزا کرد


ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى و بنکه‌ى ژین، یاداشتێکی لێکتێگه‌یشتنیان ئیمزا کرد.
رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 6-2-2020، مامۆستا ره‌فیق ساڵح به‌ڕێوه‌به‌رى بنکه‌ى ژین و وه‌فدێکی هاوڕێی، سه‌ردانى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى کرد و له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، پ.د.خالید مه‌حمود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى و ژماره‌یه‌ک له‌ مامۆستایان و توێژه‌ران و پسپۆڕان و کارمه‌ندانى ده‌سته‌ى کوردستانی-یه‌وه‌، پێشوازییانلێکرا.
له‌ دیدارێکدا ئامانج و کار و چالاکییه‌کانی بنکه‌ى ژین و ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى روونکرانه‌وه‌ و ته‌ئکیدیش له‌ په‌ره‌پێدانی کاری هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولادا کرایه‌وه‌.
پاشان یاداشتی لێکتێگه‌یشتن له‌نێوان ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى و بنکه‌ى ژین، له‌لایه‌ن سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى و به‌ڕێوه‌به‌رى بنکه‌ى ژین-ه‌وه‌ ئیمزا کرا.

ناوه‌ڕۆکی یاداشته‌که‌
ناوه‌ڕۆکی یاداشتی لێکتێگه‌یشتنی نێوان ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى و بنکه‌ى به‌ڵگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌ى ژین:
ده‌سته‌ی کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ی زانستى و بنکه‌ى به‌ڵگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌ى ژین، ئه‌م نووسراوى لێکتێگه‌یشتنه‌یان ئیمزاکرد، بۆ توندوتۆڵکردن، په‌ره‌پێدان، پێشخستن و به‌رده‌وامیى په‌یوه‌ندییه‌ زانستى و که‌لتوورییه‌کانیان.
هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه‌ پێکهاتن: (ئاڵوگۆڕ و به‌کارهێنانى سه‌رچاوه‌ى زانستى، هاوکاریى پڕۆژه‌ى هاوبه‌شى توێژینه‌وه‌، به‌رنامه‌ى راهێنان و فێربوون و پڕۆژه‌ى کورتخایه‌ن، هه‌ردوولا کۆنفرانس و سیمینارى هاوبه‌شى زانستى ساز ده‌که‌ن، بنکه‌ى ژین کۆکراوه‌یه‌کى گه‌وره‌ى کتێب، گۆڤار و رۆژنامه‌، ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌یه‌و دوای ره‌زامه‌ندیی به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌، ئاماده‌یه‌ بیخاته‌ به‌رده‌ستى مامۆستایان و توێژه‌رانى ده‌سته‌ی کوردستانى بۆ دراساتی ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ی زانستى بۆ ئه‌نجامدانى لێکۆڵینه‌وه‌ى زانستی، ده‌سته‌ى کوردستانى ئاماده‌یه‌ یارمه‌تی ته‌کنیکى و مرۆیى بۆ بنکه‌ى ژین دابین‌ بکات و ده‌کرێت فه‌ندى هاوبه‌ش په‌یدا بکرێت، هه‌رلایه‌ک نوێنه‌رێکى خۆى دیارى ده‌کات بۆ په‌یوه‌ندیى و به‌دواداچوونى خاڵه‌کانى نووسراوه‌که‌، ئه‌م نووسراوه‌ تا ئه‌وکاته‌ کارى پێده‌کرێت که‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ى پێکه‌وه‌کارکردن بن، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا رازی بوون، ده‌کرێ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ قووڵتر بکرێته‌وه‌ و بخرێته‌ ئاستێکى به‌رزتر).
له‌ کۆتایی یاداشته‌که‌دا ئاماژه‌به‌وه‌دراوه‌ "ئه‌م نووسراوى لێکتێگه‌یشتنه‌ له‌ هه‌شت خاڵ پێکدێت و هه‌ردوولا، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆکه‌که‌یان قبووڵه‌، رۆژى 6-2-2020 ئیمزایان ‌کرد".
دوای ئیمزاکردنی یاداشته‌که‌ش هه‌ردوولا ته‌ئکیدیان له‌ پابه‌ندبوون به‌ ناوه‌ڕۆکی یاداشته‌که‌وه‌ کرده‌وه‌.
ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى ‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى
ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى ‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى سه‌ر به‌ ‌وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌، له‌ کۆتایى ساڵى 2005، له‌سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆک مام جه‌لال دامه‌زراوه‌.
ده‌سته‌ى کوردستانى نزیکه‌ى 400 توێژینه‌وه‌ى زانستى ‌و ده‌یان راپۆرتى زانستى له‌بواره‌ جیاوازه‌کاندا ئاماده‌کردووه‌ و له‌ڕێگه‌ى مامۆستا و پسپۆڕى زانستى له‌بواره‌ جیاوازه‌کان ‌و ٢٢ تاقیگه‌ى پێشکه‌وتووه‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ خزمه‌ت زانست و زانستخوازان و خوێندکاراندایه‌ و تائێستاش نزیکه‌ى 200 خوێندکارى ماسته‌رو دکتۆرا له‌هه‌موو ناوچه‌کانى کوردستانه‌وه‌، تاقیکردنه‌وه‌ى کاره‌کانیان به‌سه‌رپه‌رشتى پسپۆڕه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانی، له‌تاقیگه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى ته‌واو کردووه‌. له‌ئاستى جیهانیشدا ده‌سته‌ى کوردستانى په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى له‌گه‌ڵ 131 زانکۆ و ناوه‌ندو ده‌زگاى زانستیدا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى کوردستانى له‌ڕێگه‌ى تاقیگه‌ى فێرخوازى خوێندکاران-ه‌وه‌، کار له‌سه‌ر ئاشناکردنى زیاترى خوێندکاران به‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانى بواره‌ زانستییه‌کان ده‌کات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تائێستا چه‌ند جارێک خوێندکارانى قۆناغه‌ جیاوازه‌کانى خوێندن به‌ شێوه‌ى گروپ له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانه‌وه‌ سه‌ردانى ده‌سته‌ى کوردستانی-یان کردووه‌ و بڕیاریشه‌ هه‌فتانه‌ سه‌ردانى خوێندکاران بۆ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، به‌رده‌وام بێت‌.
بۆ زانیاریی زیاتر سه‌ردانی سایتی ده‌سته‌ی کوردستانی بکه‌ و کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

www.kissr.edu.krd

بنکه‌ى ژین
بنکه‌ى ژین ناوه‌ندێکى ئه‌رشیفیى ناحکومییه‌، ساڵى 2004 له‌ سلێمانى دامه‌زراوه‌، ته‌رخانى کۆکردنه‌وه‌، پاراستن، رێکخستن و زیندووکردنه‌وه‌ى سامانى به‌ڵگه‌نامه‌، ده‌ستنووس، رۆژنامه‌گه‌رى و کتێبى تایبه‌ت به‌ کورد و کوردستان و تۆمارکردنى مێژووى زاره‌کیى کورده‌وارییه‌.
بنکه‌ى ژین کارده‌کات بۆ (بنیاتنانى پاشخانى یاده‌وه‌ریى کوردستانیى هه‌موو پێکهاته‌ ئه‌نتى و ئاینییه‌کانى کورده‌وارى له‌و که‌ره‌سته‌ کۆکراوانه‌ له‌ رێگه‌ى دیجیتاڵکردن و دانانى داتابه‌یس و ئه‌رشیفێکى ئه‌لکترۆنییه‌وه‌، هه‌نگاونان بۆ دامه‌زراندنى ده‌زگاى تایبه‌تمه‌ندیى پاراستنى به‌ڵگه‌نامه‌و ده‌ستنووس و کتێبخانه‌ى نیشتمانى له‌ هه‌رێمى کوردستان).

بۆ زانیاریی زیاتر سه‌ردانی سایتی بنکه‌ی ژین بکه‌ و کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

https://zheen.org/

ده‌سته‌ى کوردستانى (فه‌ند)ێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بنکه‌ى ژین وه‌رده‌گرێت
شایانی باسه‌، ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، به‌ هاوبه‌شى رێکخراوى (ئارت پڵه‌س)، باربوو (فه‌ند)ێکى نێوده‌وڵه‌تیى له‌ تۆڕى (نه‌هره‌ین)ى زانکۆى له‌نده‌ن وه‌رگرتووه‌ بۆ پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش و به‌ڵگاندن و دیجیتاڵکردنى ئه‌و به‌شه‌ کۆکراوه‌یه‌ى (بنکه‌ى به‌ڵگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌ى ژین) له‌ سلێمانى که‌ تایبه‌ته‌ به‌ قۆناغى داگیرکارى به‌ریتانیا و کۆکردنه‌وه‌ى زانیاریى زاره‌کیى که‌سانى به‌ساڵداچوو و پسپۆڕ له‌ باره‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵێک له‌مباره‌یه‌وه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

http://www.kissr.edu.krd/en/latestNews.php?newsID=639

 


KISSR - Newsroom:  Feb 10 2020 07:05 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ