لە دەستەی كوردستانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو

 

 

رۆژی 10-2-2020، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا) بەڕێوەچوو.

 

44  خوێندكار بەشدارییان كرد

لەوبارەیەوە، د.فەرەیدون نەجم رەشید سەرۆكی لیژنەی وەرگرتنی خوێندكارانی خوێندنی باڵا لە دەستەی كوردستانی، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی دەستەی كوردستانی www.kissr.edu.krd رایگەیاند: بەپشتبەستن بە رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و لیژنەی تاقیكردنەوەكان، رۆژی 10-2-2020، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، 44 خوێندكار دوای پێشكەشكردنی سەرجەم دۆكیومێنت و پێداویستییەكانی خوێندنی دبلۆمی باڵا، بەشداربوون لە پرۆسەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بەمەبەستی پێشبڕكێكردن بۆ وەرگرتنیان لە پسپۆڕییەكانی ئای تی، بایۆلۆجی و بایۆكیمیستری.

لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانیشەوە، وتی: كۆی پرۆسەكە لە وەرگرتنی داتا و زانیارییەكان و تاقیكردنەوەكان، بەشێوازێكی سەركەوتووانە بەڕێوەچوو، راشیگەیاند: زۆر سوپاسی بەڕێز د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەكەین بۆ پێدانی دەرفەتی كردنەوەی خوێندنی دبلۆمی باڵا لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، زۆر سوپاسی بەڕێز پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی دەكەین بۆ پاڵپشتی تەواوی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی وەرگرتن و تاقیكردنەوەكانی دبلۆمی باڵا لە دەستەی كوردستانی، هەروەها زۆر سوپاسی ئەندامانی لیژنەی وەرگرتن و تاقیكردنەوەكان لە دەستەی كوردستانی دەكەین، كە زۆر بە لێپرسراوانە پرۆسەكەیان سەرخست.

 

بۆچوونی خوێندكاران

لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا) لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، ژمارەیەك لە خوێندكارانی بەشداربوو لە میانی لێدوانیاندا بۆ سایتی دەستەی كوردستانی www.kissr.edu.krd بەمجۆرە بۆچوونی خۆیان خستەڕوو:

هاوكار ئاسۆ: لە سەرەتای وەرگرتن و بەڕێوەچوونی كارەكانمانەوە، لەكاتی تاقیكردنەوەشدا، كارەكان زۆر بەباشی بەڕێوەچوون، بەردەوام لە كات و ساتی خۆیدا رێنمایی و مەرجەكانمان بۆ روونكراوەتەوە، هۆڵی تاقیكردنەوەكانیش زۆر بەباشی ئامادەكرابوون.

رابەر حیكمەت: بەشێوەیەكی گشتی كاروبارەكان زۆر بەباشی بەڕێوەچوون و هیچ كێشەیەك نەبوو، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسی مامۆستایان و پسپۆڕان و كارمەندانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بكەین.

 

 

شایانی باسە، رۆژی 10-2-2020، تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی خوێندنی باڵای دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی، ماستەر و دكتۆرا لە ١٥ زانكۆی حكومی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، كە ١١ هەزار و ٢٤٢ پێشكەشكار بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكاندا كرد، لەو ژمارەیە ١٥٠٥ پێشكەشكار بۆ دبلۆمی باڵا، ٧٣٤٣ پێشكەشكار بۆ ماستەر، ٢٣٩٤ پێشكەشكار بۆ دكتۆرا، بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكاندا كرد.

 


KISSR - Newsroom:  Feb 13 2020 08:27 AM / Hallkawt Zangana






نوێترين هەواڵ